بزوتنەوەى گۆڕان سەردانى لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان دەکات

07/09/2022

بزوتنەوەى گۆڕان سەردانى لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستانى کرد و لە دیدارێکدا ئەگەر و پێشهاتەكانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەرێمى کوردستان و دۆخى ژیان و ئەو قەیرانانەى روبەڕوى هاوڵاتییان بونەتەوە تاوتوێکرا.

ئەمڕۆ دوشەممە (5/9/2022)، شاندێکى باڵاى بزوتنەوەى گۆڕان بە سەرۆکایەتى عومەر سەید عەلى، سەردانى لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان كە پێكدێت لە حزبەكانی (شیوعی و زەحمەتكێشان و بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان) كرد، بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێکى گرنگ بە خەڵکى کوردستان و دەرەنجامى ئەو روداو و پێشهاتە سیاسییانەى عێراق کە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەى سیاسى لە هەرێمى کوردستانیش دەبێت.

لە کۆبونەوەکەدا دید و بۆچونی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەى چۆنیەتی ئامادەباشی لایەنە سیاسییەكان بەرامبەر رەوشی عێراق و بەدەستهێنانەوەی ممتمانەی  جەماوەری كوردستان خرایەڕو لە روانگەی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و بەرپرسیاریەتی  حزب و لایەنە سیاسییەكان، بە شێوازێک کە بنەمایەكی هاوبەشی كوردستانی دروستبێت بۆ مسۆگەر كردنی ئایندەی هەرێمی كوردستان.

کۆبونەوەکە لە چوارچێوە ئەو زنجیرە دیدار و سەردانەدایە کە بزوتنەوەى گۆڕان بۆ لاى لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان و پێکهاتەکان ئەنجامى دەدات بە ئامانجى دەستپێشخەرى و یەکگرتویی و یەکخستنى ناوماڵى کوردستان و بۆ روبەڕوبونەوەى ئەو ئاڵنگارى و مەترسیاینەى روبەڕوى قەوارەى هەرێم و پڕۆسەى سیاسى لە هەرێمى کوردستان دەبێتەوە، هاوکات کارى پێکەوەیی بە ئاڕاستەى وەڵامدانەوەى ئەو قەیرانانەى روبەڕوى خەڵکى هەرێمى کوردستان بوەتەوە و پێکەوە بەپیر داخوازییەکانى خەڵکەوە بچن.


هەواڵی زیاتر