بزوتنەوەى گۆڕان سەردانى کۆمەڵى دادگەرى دەکات

07/09/2022



بزوتنەوەى گۆڕان سەردانى کۆمەڵى دادگەرى کرد و لە دیدارێکدا ئەگەر و پێشهاتەكانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەرێمى کوردستان و دۆخى ژیان و ئەو قەیرانانەى روبەڕوى هاوڵاتییان بونەتەوە تاوتوێکرا.

دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ دوشەممە (5/9/2022) لە شارى هەولێر، شاندێکى باڵاى بزوتنەوەى گۆڕان بە سەرۆکایەتى عومەر سەید عەلى، سەردانى کۆمەڵى دادگەرى کرد و لەگەڵ مامۆستا عەلى باپیر و شاندى یاوەرى کۆبونەوە، بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێکى گرنگ بە خەڵکى کوردستان و دەرەنجامى ئەو روداو و پێشهاتە سیاسییانەى عێراق کە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەى سیاسى لە هەرێمى کوردستانیش دەبێت.

لە کۆبونەوەکەدا دید و بۆچونی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەى چۆنیەتی ئامادەسازیی لایەنە سیاسییەكان خرایەڕو لە روانگەی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و بەرپرسیاریەتی  حزب و لایەنە سیاسییەكان.

دواى کۆتایی هاتنى کۆبونەوەکە مامۆستا عەلى باپیر سەرۆکى کۆمەڵى دادگەرى ئاماژەى بەوەکرد کە بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى دادگەرى دیدى هاوبەشیان هەیە و "پێویستە نێوماڵى کوردى رێکبخرێت بەرامبەر ئەو ئاڵنگاریانەى هەن".

لاى خۆیەوە کارزان گەردى ئەندامى شاندەکەى گۆڕان لەبارەى ناوەڕۆکى سەردانەکان و ئەم جوڵە سیاسییەوە بە سایتى (گۆڕان)ى وت: دۆخى سیاسی لەسەر ئاستى هەرێم چەقى بەستوە و ئەوەش کاریگەرى لەسەر کایەى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابورى هەیە، ئامانجى بزوتنەوەى گۆڕانیش لەم جوڵە سیاسیە و سەردانى لایەنە سیاسییەکان دروستکردنى کۆدەنگیە بۆ تێپەڕاندنى ئەم دۆخە.

وتیشى: لە دیدار و کۆبونەوەکاندا پاڵپشتى و پشتیوانى باش هەیە بۆ دەستپێشخەریەکانى گۆڕان و هێز و لایەنە سیاسییەکان پێیانوایە ئەم جوڵە و هەنگاوانە لە بەرژەوەندى خەڵک و قەوارەى هەرێمى کوردستانە.

کۆبونەوەکە لە چوارچێوە ئەو زنجیرە دیدار و سەردانەدایە کە بزوتنەوەى گۆڕان بۆ لاى لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان و پێکهاتەکان ئەنجامى دەدات بە ئامانجى دەستپێشخەرى و یەکگرتویی و یەکخستنى ناوماڵى کوردستان و روبەڕوبونەوەى ئەو ئاڵنگارى و مەترسیاینەیە کە روبەڕوى قەوارەى هەرێم و پڕۆسەى سیاسى لە هەرێمى کوردستان دەبێتەوە.


هەواڵی زیاتر