بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی خۆی بۆ ئازادیی رۆژنامەوانى دوپات دەکاتەوە

20/10/2022

بزوتنەوەى گۆڕان پشتیوانى خۆى بۆ سەنتەرى میترۆ و هەمو ئەو دامەزراوە و ناوەندانە دووپات کردوە کە بەرگری لە ئازادییە گشتیەکان و مافەکانی مرۆڤ دەکەن، هەروەک پشتیوانی هەر هەوڵیک دەکەن کە دەچیتە خزمەتی ئازادى دەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەوانی و کاراکردنی ئەرکەکانی رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (20/10/2022) رێکخەر و ژمارەیەک لە ئەندامانى ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان و بەرپرسانى دامەزراوەی میدیاى گۆڕان بۆ دەربڕینى پاڵپشتى و پشتیوانى بۆ کارەکانیان لەپێناو رێگرى لە هەوڵەکانى کەمکردنەوەى ئازادى دەربڕین و رۆژنامەوانى سەردانی سەنتەری میترۆیان كرد.

لە دیدارەکەدا، دلێر عەبدولخالق رێكخەری ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆران، ئاماژەى بەوە کرد کە بزوتنەوەى گۆڕان کارەکانى سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکى لە ئازادى رۆژنامەگەرى و فراوانکردنى مەوداکانى ئازادى دەربڕین بەرز دەنرخێنێت و وتی: "هاتووین پشتیوانی خۆمان بۆ هەمو ئەو كار و هەوڵانە دەرببڕین كە بۆ چەسپاندنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ ئەنجامی دەدەن، بەرپرسیارێتى ئێمە و ئێوەش ئەوەیە داکۆکى بکەین لە مافە گشتى و ئازادییەکانى تاک و ئازادى دەربڕین لە هەرێمى کوردستان، میدیاکەشمان سەکۆیەکە بۆئەوەى رێگربێت لەو هەوڵەى هەیە بۆ پاشەکشە لە ئازادى رادەربڕین و رۆژنامەوانى".

هەروەک جەختى کردەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان، پشتیوانى دەکات لە تێبینی و سەرنج و رەخنەى نوێنەرى وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر پڕۆسەى حکومڕانى لە هەرێمى کوردستان و ئەو پاشەکشە و هەوڵانەى لێرە و لەوێ هەیە بۆ کپکردنى ئازادییەکان و کەمکردنەوەى مەوداکانى ئازادى دەربڕین و رۆژنامەوانى و پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ و دیموکراسى و پێویستە دەسەڵات بە هەند وەریان بگرێت.
وتیشى: بە ئەرکى سەرشانى خۆمانى دەزانین کە پێداگرین لەسەر بنەما نەگۆڕەکانى بزوتنەوەى گۆڕان سەبارەت بە مافى مرۆڤ و دیموکراسى لە بەڕێوەبردن و حکومڕانییەکى رەشید کە دۆخێکى ئارام بڕەخسێنێت بۆ کایەى رۆژنامەوانى و میدیاکانیشمان وەک هەمیشە سەکۆیەک دەبن بۆ بەرگرى لە پرسە نیشتیمانییەکان و ئازادییەکان و دڵنیاییش دەدەین لەوەى گۆڕان بێبەرییە لەو هەوڵانەى لە ئارادان بۆ پاشەکشەکردن بە ئازادییەکان".

لاى خۆیانەوە هەریەکە لە رەحمان غەریب رێکخەرى سەنتەرى میترۆ و دیارى محەمەد بەڕێوەبەرى سەنتەرەکە، وێڕاى نرخاندنى سەردانەکەى ژورى رۆژنامەوانى، رایانگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان و میدیاكەی لە سەرەتای دامەزراندنی سەنتەری میترۆوە تائێستا پشتیوانیی كار و چالاكییەكانمان بون و ئەو پاڵشتییە بەرز دەنرخێنین و میدیاکەتان بە هاوبەشى خۆمان دەزانین.

هەروەک؛ بەپێویستیان زانى بزوتنەوەى گۆڕان بەردەوام و مکوڕ بێت لەسەر ئەو بەرنامە و بنەمایانەى بزوتنەوەکەى لەسەر دامەزراوە، چونکە "نەخشەڕێگاى گرنگن بۆ ئایندەیەکى باشتر و حکومڕانییەکى رەشید کە لە سایەیدا ئازادى تاک و رۆژناگەرى فەراهەم بکرێت.

لە دیدارەکەدا هەردولا هاوڕابون كە پەراوێزخستنی یاساكانی (رۆژنامەگەری، مافى بەدەستهێنانى زانیاری، خۆپیشاندان)، و وەڵامدانەوەی داخوازی رەوای هاوڵاتیان بە زەبروزەنگ و تۆقاندن و دەستگیرکردن لەسەر بیروڕای ئازاد، تەماشكردنی رەخنەگرو میدیا وەك دوژمن، مانەوەی رۆژنامەنوسان لە زیندان زیانى گەورە بە ناوبانگ و سیستمى حکومڕانى هەرێمى کوردستان دەگەیەنێت و "پێویستە فشارەکان لەسەر دەسەڵات و هێزە ئەمنییەکان زیاد بکرێت بۆئەوەى هاوڵاتى و مافە گشتییەکان رێزلێگیراوبن و وێنەیەکى جوانى حکومڕانى نیشانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش بدرێت".


هەواڵی زیاتر