رێکخەرى ژورى حکومەت: دەسەڵاتى فیعلى لە هەرێمى کوردستان لاى حکومەت نیە، بەڵکو لاى پارتى و یەکێتیی و دەسەڵاتدارەکانیانە

15/11/2022

رێکخەرى ژورى حکومەت رایدەگەیەنێت؛ دەسەڵاتى فیعلى لە هەرێمى کوردستان لاى حکومەت نیە، بەڵکو لاى پارتى و یەکێتیی و دەسەڵاتدارەکانیانە کە هەمو پنتە بەهێزەکانیان لەبەردەستە وەک دارایی و ئیدارە و ئاسایش و هێزى چەکدار، بەڵام دەبێت پارتى و یەکێتى ئەوە بزانن چاکسازى مەسەلەیەکى گرنگە بۆ هەرێمى کوردستان و بەستراوەتەوە بە مان و نەمانى قەوارەکە و ئەگەر ئامادە نەبن بۆ چاکسازى، لە داهاتویەکى نزیکدا حکومەت توشى ئاڵنگارى گەورە دەبێت.

کاوە عەبدوڵا، رێکخەرى ژورى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕان و ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رادیۆى دەنگى گۆڕان، ئاماژە بە مەترسییەکانى سەر قەوارەى هەرێم دەکات بەهۆى چاکسازى و دەستگرتن بەسەر داهات و هێزى چەکدار لەلایەن یەکێتى و پارتى و کۆمپانیاکانیانەوە و دەڵێت: چاکسازى مەسەلەیەکى گرنگە بۆ هەرێمى کوردستان و بەستراوەتەوە بە مان و نەمانى قەوارەکە، ئەگەر حکومەتى هەرێم چاکسازى نەکات لە داهاتویەکى نزیکدا توشى ئاڵنگارى گەورە دەبێت و ئەوەى هەرێمەکەمان هەیەتى ئەگەرى لەدەستدانى هەیە.

دەشڵیت: لەجیاتى ئەوەى پارتى و یەکێتى حکومەتێکى دامەزراوە و یەکگرتوى تۆکمە و یەک ئیدارە دروست بکەن، دەسەڵاتێک لە دەرەوەى حکومەت دروستکراوە و شەخس هەیە لەناو پارتى و یەکێتى لە حکومەت دەوڵەمەند ترە، کۆمەڵێک کۆمپانیاى حیزبى و کەس هەن دەستیان بەسەر هەمو جومگەکان گرتوە،  بەشێوەیەک دەسەڵاتى فیعلى لاى حکومەت نیە و لاى پارتى و یەکێتییە کە هەمو پنتە بەهێزەکانیان لەبەردەستە وەک دارایی و ئاسایش و هێزى چەکدار بە ناوى جیاجیا کە لەژێر هەژمونى حیزبدان، ئەمەش بەرپرسانى باڵاى ئەو و لایەنە خۆیان دانى پێدا دەنێن و دواى ئەو هەمو ساڵە ئێستا دێن باسى دو ئیدارەیی و دو هێزى و دو دارایی دەکەن.

ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى ئەوە دەخاتەڕو کە جێى نیگەرانییە لەجیاتى چارەسەرکردنى پرسى ناوچە دابڕێنراوەکان، پارتى و یەکێتى ناکۆکییە ناوخۆییەکان قوڵ و تۆخ دەکەنەوە و دەگەڕێنەوە بۆ رابردوە ناخۆشەکان و لە ململانێکانیشیاندا گە لە بەرژەوەندى تەسکى حیزبى بەرژەوەندى خەڵک و هاوڵاتیانى هەرێم نابینرێن.

ئەو دەڵێت: ململانێ لەنێوان حیزبەکان ئاساییە بەڵام ئەگەر لەسەر ئاستى عەقڵ و مەنتیق و خزمەتگوزارى بێت، چونکە خەڵک بژێوى و خۆشگوزەرانى و ئارامى دەوێت، بەڵام خەڵک بەهۆى ململانێى ئەم هێزانەوە کە تەنها بۆ بەرژەوەندى خۆیان و لەسەر دەسەڵاتەکانیانە خەڵک نائومێد بوە، چونکە ئازادییەکان بەرتەسک کراونەتەوە و هاوڵاتى بە ئاسانى دەستى بە ژێوى و نەوت و پێداویستیەکانى ناگات.

کاوە عەبدوڵا، دوپاتى دەکاتەوە کە ئێستا نەک خەڵکى ئەم هەرێمە، حکومەتى عێراق و هاوپەیمانانیش لەم دەسەڵات و حیزبە باڵادەستانە ناڕازى و بێئومێدن لەوەى چاکسازى ریشەیی بکەن و هێزەکان و ئیدارە و دارایی یەکبخەنەوە، "لەکاتێکدا ئەوەندە خەڵکى لێهاتومان هەیە لەسەرجەم توێژە جیاوازەکان کە بتوانین ئیدارەیەکى سەرکەوتومان هەبێت، بەڵام ئەگەر یەکێک پلە و پۆستى حیزبى لە پارتى و یەکێتى نەبێت و دڵخوازى ئەوان نەبێت بێبەش دەکرێن لە هەمو ماف و ئیمتیازات و بەڕێوەبردنێک".


هەواڵی زیاتر