ستەم کامیل: جوڵە سیاسییەکانى گۆڕان لەپێناو هێنانەکایەى (حوکمڕانى باش)دا بوە

27/02/2019

ئەندامێکى ژورى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بزوتنەوەى
گۆڕان هەر جوڵەیەکى سیاسى کردبێت تەنها لەپێناو کارنامە و ئەجێندا سیاسییەکەى بوە
کە پەیڕەوکردنى "حوکمڕانییەکى باش" بەدامەزراوەییکردن و بەهێزکردنى
پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانە، لەو چوارچێوەیەشدا رێککەوتنى سیاسى لەگەڵ پارتى کردوە،
بەڵام لەلایەن هەندێکەوە لە سۆنگەى "رقى سیاسییەوە" رەخنەى لێدەگیرێت و
دەشڵێت: "دیدگاى گۆڕان ئەوەیە ئەم حوکمڕانیە چاک بکەین، نەک تێکى بدات و
بیڕوخێنێت".

ستەم کامیل، ئەندامى ژورى پەیوەندیییە دیپلۆماسییەکانى گۆڕان، ئاماژە بە
ئامانجى پشت رێککەوتنى سیاسى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان دەکات و وەک
هەنگاوێک بۆ چاکسازیى ناوى دەبات و دەڵێت: "گۆڕان کۆمەڵێک بنەماى هەیە لە
چوارچێوەى حوکمڕانى باش و "رەشید" خۆى دەبینێتەوە، ئێمە دەزانین گەندەڵى
و خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات هەیە، بەڵام ئامانجامان تەنها وتنى ئەو راستییە نیە،
بەڵکو ئەوەى بەلامانەوە گرنگە چارەسەرى ئەو بابەتانەیە و بۆئەوەش چەندین رێگەمان
تاقیکردەوە لە ئۆپۆزسیۆنەوە تا دروستکردنى هاوپەیمانى و چونە ناو حکومەت، دواى ئەو
روداوانە رێککەوتنى سیاسى دیکەمان کرد لەگەڵ لایەنى سیاسى دیکە، ئێستاش رێککەوتن
لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ کابینەى نوێى حکومەت لەو چوارچێوەیەدایە".

ئەو جەخت دەکاتەوە لەوەى؛ بزوتنەوەى گۆڕان هەر جوڵەیەکى سیاسى کردبێت تەنها
لەپێناو کارنامە و ئەجێندا سیاسییەکەى بوە کە پەیڕەکردنى حوکمڕانییەکى باشە "حوکمڕانى
رەشید"ە و دەڵێت: "دیدگاى گۆڕان ئەوەیە کە ئەم حوکمڕانیە تێک نەدەین و
بیڕوخێنین، بەڵکو دەمانەوێت چاکى بکەین بۆئەوەش بەرنامە و پڕۆژەى هەمەلایەنەمان هەبوە
و هەیە".

لەبارەى ئەو رەخنانەش کە لەماوەى رابردودا لە رێککەوتنەکە گیراوە ستەم
کامیل پۆلێن بەندى دەکات و ئەوە رون دەکاتەوە کە بەشێکى ئەو رەخنانە لە سۆنگەى رقى
سیاسییەوە دێن، "چونکە پێشتر زۆر گرەو لەسەر پاشەکشەى گۆڕان کراوە و گرفتى بۆ
دروستکراوە، بەڵام سەرکەوتو بوە لە تێپەڕاندیان، ئەم  رەخنانە بەلاى گۆڕانەوە گرنگ نین و و وەڵامیشى
ناداتەوە و درێژە بە کارکردن دەدات بە دیدگاى سیاسى خۆى".

هاوکات باس لەوە دەکات کۆمەڵێک رەخنەى دیکە هەیە کە لە خەڵکى دڵسۆزى ئەم
وڵاتە و بەشێک لە دەنگدەرانى گۆڕانەوە دەگیرێن ئەوانیش لە سۆنگەى نەمانى
متمانەوەیە بە دەسەڵات و ترسیان هەیە لەوەى ناوەڕۆک و بەندەکانى رێککەوتنە جێبەجێ
نەکرێت، "بۆ وەڵامى ئەوەش داوا دەکەین هەموان چاوەڕوانى ئەوە بکەن و بزانن
ئایا دواى پێکهێنانى حکومەت و دەستبەکاربونى نوێنەرانى گۆڕان جێبەجێ دەکرێن یان
نا؟".

بەحیزبى کردنى پەیوەندییەکانى دەرەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە لەماوەى رابردودا
یەکێک بوە لەو پرسانەى هەمیشە جێى رەخنە و نیگەرانى بوە، سەبارەت بەو پرسە ئەندامەکەى
ژورى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى گۆڕان لەو چاوپێکەوتنەیدا لە کەناڵى (کەى ئێن ئێن)
دەڵێت:"پەیوەندى دەرەوە یان هەرێمایەتى یان لەگەڵ دەوڵەتى عێراقى فیدراڵ
گرنگى خۆیان هەیە، چونکە هەر ئەو پەیوەندیانە بون کە کاریگەرییان لەسەر بژێوى خەڵک
دانا و قەیران و ئاڵۆزى بەدوادا هات، بۆیە شێوازى ئیدارەدانى پەیوەندییەکان
بەشێوەیەکى تەندروست و دامەزراویى کردنیان زۆر گرنگە".

ستەم کامیل رونى دەکاتەوە؛ یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکان لە هەرێمى کوردستان
بە حیزبیکردنى دامەزراوە نیشتیمانییەکانە، ئەمە بەکۆى جومگەکان تێپەڕیوە لە
پەروەردە و تەندروستییەوە تا پەیوەندیەکانى نێوان هەرێم و بەغدا و دنیاى دەرەوە
بۆیە " ئەگەر لەبرى دامەزراوە و پەیوەندی نیشتیمانى پەیوەندییەکان حیزبى بن،
ئەوا وێنەیەکى پەرتبوى لاوازى میللەتێک نیشان دەدەین، ئەگەر بمانەوێت لە پەیوەندیە
نێودەوڵەتییەکاندا بەهێزبین، پێویستە سەرچاوەکانى هێز لەناوخۆوە پتەو و بەهێز بکەین
و پەیوەندییەکان بە دامەزراوەیى بکەین و لەژێر چاودێرى پەرلەمانیشدا بن، ئەوەش ئەو
داواکارییەیە کە هەمیشە گۆڕان پێداگرى لێکردوە".

هەروەک ئەوە دەخاتەڕو کە بزوتنەوەى بە قەبارەى ئەو کورسی و بەرکەوتانەى
ئەنجامى کۆتایى دوا هەڵبژاردن بەرپرسە و دەشڵێت: "بەڵێنیش دەدەین بە
جێبەجێکردنى ئەجێندا و بەرنامەى خۆمان بۆ چاکسازى ریشەیى لە هەرێمى کوردستان و
پەیوەندییەکانى دەرەوە".


هەواڵی زیاتر