سەفین مەلا قەرە: ئێمە دەمێکە داوای حکومەتی دامەزراوەیی و نیشتیمانی دەکەین، بەڵام گوێمان لێنەگیرا

16/12/2022

سەفین مەلا قەرە رایدەگەیەنێت، ئێمە دەمێکە داوای حکومەتی دامەزراوەیی و حکومەتی نیشتیمانی دەکەین، بەڵام گوێمان لێنەگیرا و ئێستاش هەڕەشەکانی یەکێتی و پارتی و هەنگاوەکانیان بە ئاراستەی بردنی هەرێمە بە ئاقاری دوو ئیدارەیی و "درک بە مەترسییەکانى قۆناغەکە و قەوارەی هەرێم دەکەین"، دەشڵێت: کرۆکی کێشەکانى نێوان یەکێتی و پارتی، لەسەر "دەسەڵات و مەسەلەی ئەمنییە".

سەفین مەلا قەرە، ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان ، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، ئاماژە بە مەترسسییەکانى سەر قەوارەى هەرێمى کوردستان و ناکۆکى و ململانێکانى نێوان پارتى و یەکێتى دەکات و ئەوە دەخاتەڕو کە کرۆکی کێشەکانى نێوان یەکێتی و پارتی، لەسەر "دەسەڵات و مەسەلەی ئەمنییە"، دەشڵێت: "گفتوگۆمان لەگەڵ کردون تا کێشەی نێوانیان چارەسەر بکەن و ئامادەییشمان نیشانداوە ببۆ نێوەنگیری  و تائێستا دەڵێن کێشەکانمان چارەسەر دەکەین، بەڵام هەنگاوی کرداری نابینین، هەرچەندە بڕیارە کۆببنەوە و پارتی جوڵەی بۆ لای لایەنەکان دەستپێکردوە."

ئەندامەکەی خانەی راپەڕاندن ئاماژە بەوە دەکات؛ هەرچەندە حکومەت تەنها لەسەرەوە یەکیگرتووەتەوە، ئەگینا دوو زۆن هەیە، دوو هێزی باڵادەست هەیە، هەرێم خاوەنی حکومەتی دامەزراوەیی نییە، تا بڕیارەکانی لەسەرتاسەری کوردستان بڕوات و ؛ئێمە دەمێکە داوای حکومەتی دامەزراوەیی و حکومەتی نیشتیمانی دەکەین، بەڵام گوێمان لێنەگیرا و ئێستاش هەڕەشەکانی یەکێتی و پارتی و هەنگاوەکانیان بە ئاراستەی بردنی هەرێمە بە ئاقاری دوو ئیدارەیی تەواوەتى."

سەفین مەلا قەرە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى لەسەر دەسەڵاتە و ئەوە بیر دەهێنێتەوە کە هەردولایان بە جیا دانوستانیان لەگەڵ عێراق کردوە و "لە بری داواکردنی خواستەکانی خەڵک، بایەخیان بە خواستە حیزبییەکان داوە، ترسیش هەبو لەوەی لەسەر مەسەلە نیشتیمانییەکان تەنازول بکەن، بەڵام دۆخى کوردستان رێگەی پێنەدان."

لەبارەى دۆخى ناوخۆیی بزوتنەوەى گۆڕانەوە، سەفین مەلا قەرە ئەوە دەخاتەڕو کە "لەناو گۆڕان جیابوونەوە ڕووینەداوە، بەڵام ناڕەزایەتی هەبووە لە مەسەلەی بەشداری کردنمان لە حکومەت، هەندێک پێیانوایە چوونمان بۆ نێو حکومەت هەنگاوی هەڵە بووە و پێویستە بکشێینەوە، ئێستاش دەبێت کۆنفرانس ببەستین، بە هەموو لایەکمانەوە بڕیار بدەین و بەرپرسیارێتی هەڵبگرین، لە حکومەت بکشێینەوە یان بمێنینەوە."

هەروەک جەخت دەکاتەوە لەوەى لە هەر بڕیارێکى ئایندەدا بە بەرپرسیارێتى مامەڵە دەکەن "چونکە درک بە مەترسی قۆناغەکە و مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێم دەکەین."



هەواڵی زیاتر