وتەبێژى بزوتنەوەی گۆڕان: بەهێزکردنەوەى گۆڕان لە بەرژەوەندى خەڵک و ئاڕاستەى هەنگاونانە بۆ چاکسازیی ریشەیی و خزمەتى بەرژەوەندییە باڵاکان
25/12/2022
وتەبێژى بزوتنەوەی
گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەى پشتیوانى شاندى دانوستانکارى حکومەتى هەرێم دەکەن بۆ
چارەسەرى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدراڵ
لەسەروهەمویانەوە دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانى موچەخۆران، ئاماژە بەوەش
دەکات؛ بونى کێشە لەنێوان یەکێتى و پارتى کاریگەرى نەرێنى لەسەر ژیان و گوزەرانى خەڵکی
دەبێت و رەنگدانەوەى لەسەر ئاستى خزمەتگوزارییەکانى حکومەت دەبێت، بۆیە بەرپرسیارێتى
نیشتیمانى وا دەخوازێت بگەنە خاڵى هاوبەش.
دلێر
عەبدولخالق، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لە لێدوانێکدا لەبارەى دەرەنجامى دوایین کۆبونەوەى
جڤاتى نیشتیمانى و جڤاتى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان لە ساڵى (2022) و هەڵوێستى بزوتنەوەى
گۆڕان پەیوەست بە پەیوەندییەکانى حکومەتى هەرێم و ناوەند و نێوانى یەکێتى و پارتى،
رایگەیاند: لە کۆبونەوەکەدا تەوەرێکى گرنگ پەیوەندیداربو بە دۆخى سیاسى و ئابورى و
دارایی هەرێمى کوردستان و پەیوەندیى حکومەتى هەرێم و حکومەتى عێراقى فیدراڵ و
تێیدا پشتیوانى هەوڵ و هەنگاوەکانى شاندى دانوستانکارى حکومەتى هەرێم بۆ
کۆبونەوەکانى لەگەل شاندى دانوستانى حکومەتى عێراق ئەو لێکتێگەیشتن و کۆبونەوانە دوپاتکرایەوە
بۆ چارەسەرى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەردولا بەتایبەت پرسى خاک و مادەى (140)
و پێشمەرگە و ئەنجومەنى ئیتیحادى و پرسى نەوت و گاز و دارایی، کە دەبێت لەسەر
بنچینەى دەستور چارەسەر بکرێن بەتایبەت ئەو بەشەی پەیوەندییان بە ماف و شایستە
داراییەکانى موچەخۆران و هاوڵاتییانەوە هەیە.
لەبارەى ململانێکانى
یەکێتى و پارتى و لێکەوتەکانى، وتەبێژى گۆڕان دەڵێت: کاتێک لایەنە پێکهێنەرەکانى حکومەت
کێشەيان دەبێت، لەمپەر لەبەردەم کاروبارەکانى حکومەت و بەرنامە و کارنامەى کابینەى
نۆیەم دروست دەبن و کێشەکان دەبنە کێشەى خەڵک، لەکاتێکدا بەداخەوە کێشەکانی پارتى
و یەکێتى پەیوەندى بە ژیان و بەرژەوەندییەکانى خەڵکەوە نییە، بەڵکو کێشەی حیزبی و پاراستنی
بەرژەوەندییەکانی خۆیانە.
دەشڵێت؛ بەرپرسیارێتى
نیشتیمانى وا دەکات ئەم دو هێزە خاڵى هاوبەش بدۆزنەوە لەپێناو بەرژەوەندى خەڵک و یەکدەنگى
لە پرسە نەتەوایەتى و نیشتیمانییەکان و ئێمەش بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە رێگەى تیمەکانمان
لە حکومەت و پەرلەمان هەوڵمان داوە رۆڵى ئەرێنى و خێر بگێڕین بۆ باشکردنى پەیوەندى
نێوان پارتى و یەکێتى.
سەبارەت بە
دۆخى ناوخۆیی و بەستنى کۆنفڕانسى نیشتیمانى و بڕیارى دوا کۆبونەوە، دلێر
عەبدولخالق دەڵێت: هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنى پڕۆسەى ئاشتەوایی و بەستنى کۆنفڕانسە
لە ساڵى نوێ، بۆئەوەى کۆنفڕانسێکى سەرکەوتو ببەستین پێویستمان بە پێکەوە کارکردنە،
گرنگە لەگەڵ ئەو خەڵکە پڕ ئومێد و جۆش و خرۆشە پێکەوە شان بدەینە بەر بەرپرسیارێتى
و کۆنفرانس بکەینە سەکۆى بۆچونە جیاوازەکان بۆ بەهێزکردنەوەى بزوتنەوەى گۆڕان،
چونکە بەهێزکردنەوەى گۆڕان لە بەرژەوەندى خەڵک و ئو ئاڕاستەیە کا کار بۆ چاکسازیی
ریشەیی و خزمەتى بەرژەوەندییە باڵاکانى خەڵک دەکات.