چۆمان محەمەد: دیدى گۆڕان ئەوەیە هەموان بە بەرپرسیارێتى مامەڵە بکەن و مەترسییەکان و ژیان و سەقامگیرى و گوزەرانى هاوڵاتیان لەبەرچاوبگیرێت
27/12/2022
ئەندامێکى
جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ یەکێتى و پارتى بەوەى دو هێزى
پێکهێنەرى حکومەتن ململانێکانى نێوانیان لێکەوتە و کاریگەرى دەبێت لەسەر کایەى
حکومڕانى و ئاستى خزمەتگوزارى و بژێوى و ژیانى خەڵک، بۆیە بە دید و تێڕوانینى ئێمە،
پێویستە بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن بە رەچاوکردنى ئەو مەترسیانەى لەسەر قەوارەى
هەرێم و ژیان و سەقامگیرى گوزەرانى خەڵک هەیە.
چۆمان محەمەد،
ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى بەردەوامیدان بە ململانێکانى
نێوان پارتى و یەکێتى و رەنگدانەوەى لەسەر ژیانى خەڵک، ئاماژە بەوە دەکات؛ یەکێتى
و پارتى کە دو هێزى پێکهێنەرى حکومەتن، رکاربەرى و ململانێکانى نێوانیان کە
لەپێناو بەرژەوەندى حیزبیدایە و دورە لە بەرژەوەندى باڵاى میللەت و خزمەتگوزارى بۆ
هاوڵاتیان، لێکەوتە و کاریگەرى دەبێت لەسەر کایەى حکومڕانى و ئاستى خزمەتگوزارى و
بژێوى و ژیانى خەڵک.
دەشڵێت: دید و
تێڕوانینى بزوتنەوەى گۆڕان ئەوەیە کە پێویستە ئەو دو هێزە بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە
بکەن بە رەچاوکردنى ئەو مەترسیانەى لەسەر قەوارەى هەرێم هەیە لەگەڵ راگرتنى ژیان و
گوزەرانى خەڵک و رەخساندنى دۆخێکى سەقامگیرى ، کە بەداخەوە تا ئەم ساتە ئەو
ململانێیانەى لە نێوانیاندا هەیە بەردەوامە لەکاتێکدا پێویستە رکابەرییەکان بۆ
دابینکردنى خزمەتگوزارى و ژیانێکى شایستە بێت بۆ هاوڵاتیان، بەڵام ئەوان تا ئێستا هەست
بە گەورەیی مەترسییەکان ناکەن، بۆیە ئەرکى ئێمەشە کە بەرژەوەندى باڵاى
میللەتمان لەبەرچاوە، فشار بکەین بگەنە خاڵى هاوبەش بۆئەوەى وەک سێ هێزى سەرەکى
پێکهێنەرى حکومەت بتوانین باشترین خزمەتگوزارى پێشکەش بکەین.
لەبارەى
کۆنفڕانسى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕانەوە، چۆمان محەمەد ئەوە دەخاتەڕو کە هەوڵەکان
بۆئەوەیە لە ساڵى نوێ کۆنفرانسى نیشتیمانى ببەستین، بەڵام کۆنفڕانسى گۆڕان جیاوازە
لە هێزە سیاسییەکانى دیکە بەوەى هەڵبژاردنى تێدا ئەنجام نادرێت و هەڵسەنگاندن و
پێداچونەوە دەکەین بە پەیڕەو و پڕۆگرام و بەرنامەى سیاسى و خیتابى سیاسى و ئامادەکارى
بۆ قۆناغەکانى داهاتو.