وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان: ئەو لایەنانەی رێککەوتنمان لەگەڵ کردن، نە لەگەڵ ئێمە راستگۆ بون و نە لەگەڵ خەڵکی کوردستان
31/12/2022
وتەبیژی بزوتنەوەی
گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەى کێشە و ململانێکانى یەکێتى و پارتى لەسەر بەژەوەندى
حیزبیی خۆیانە و رایدەگەیەنێت؛ یەکێتی و پارتی خەڵکی کوردستانیان بێ ئومێد کردوە،
ئەو دەستوەردانەی ئێستا پارتی و یەکێتی لە دامەزراوەکانی حکومەت دەیکەن لە
سەردەمی بەرەی کوردستانی و شەڕی ناوخۆشدا نەکراوە.
دلێر عەبدولخالق،
وتەبیژی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا ئاماژە بەوە دەکات؛ ئەو
دەستوەردانەی ئێستا پارتی و یەکێتی لە دامەزراوەکانی حکومەت دەیکەن لە سەردەمی
بەرەی کوردستانی و شەڕی ناوخۆشدا نەکراوە، ئەوەش وایکردوە حەڵک نائومێد ببێت،
چونکە هیچ بوارێک نەماوە لەلایەن ئەو دو حیزبە و بەرپرسەکانسانەوە قۆرخ نەکرابێت.
دەشڵێت؛ لەگەڵ
دروستبونی گۆڕان خەڵک ئومێدی پەیدا کرد، ئەوەی کە پاشەکشەی کردوە، تەنها بزوتنەوەی
گۆڕان نەبوە، بەڵکو حزبەکانی دیکەش سەرجەمیان پاشەکشەیان کردوە و متمانەی خەڵکیان
لەدەستداوە، حزبەکان لەگەڵمان راستگۆ نەبون هیوادارین ساڵی 2023 ببێتە ساڵی
راشکاوی و راستگۆیی.
لەبارەی ئامانجی
بەشداری بزوتنەوەی گۆڕن لە حکومەت دلێر عەبدولخالق وتی: ئەو لایەنانەی ئێمە
رێککەوتنمان لەگەڵ کردن نە لەگەڵ ئێمە راستگۆ بون و نە لەگەڵ خەڵکی کوردستانیش
راستگۆ بون، یەکێک لەو خاڵانەی لەسەر رێککەوتین دورخستنەوەی دەستی حزب بوە لە
دامەزراوەکان، بەڵام جێبەجی نەکراوە، کێشەی پارتی و یەکێتی پەیوەندی بە
بەرژەوەندەیەکانی خۆیانەوە هەیە، بودجەی هەرێمی کوردستان تەنها بەشی خەرجی ئەوان
دەکات.