گۆڕان و پارتى پەیوەندییەکانى هەردولا و دۆخى سیاسى و ئاڵنگاریى و مەترسییەکان و گوزەران و کێشەکانى خەڵک تاوتوێ دەکەن

05/01/2023

شاندێکى بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان پەیوەندییەکانى هەردولا و دۆخى سیاسى و ئاڵنگاریى و مەترسییەکان و گوزەران و کێشەکانى خەڵک تاوتوێ دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (5/1/2022)، شاندێکى بزوتنەوەى گۆڕان لە ژورى پەیوەندی سیاسى، سەردانى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستانى لە شارى سلێمانى کرد و لەگەڵ عەلى حسێن بەرپرسى مەکتەبى رێکخستنى (سلێمانى-هەڵەبجە)ى پارتى دیموکراتى کوردستان کۆبونەوە.

بەختیار عومەر ئەولى، رێکخەرى ژورى پەیوەندییە سیاسییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات؛ لە دیدارێکدا پیرۆزباییمان لە کاک عەلى حسێن کرد بۆ ئەو ئەرکە نوێیەى لە حیزبەکەى پێى سپێردراوە، هاوکات کێشە و ئاڵنگارى و بەربەست و مەترسییەکانمان لەسەر ئاستى شارى سلێمانى و هەرێمى کوردستان خستەڕو.

وتیشى:"جەختمان کردەوە لە بەرنامە و پڕۆژەکانى بزوتنەوەى گۆڕان و ئەو رێککەوتنانە کردەوە کە لە رابردودا لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى ئەنجاممانداوە، بۆ ئەداکردنى حکومڕانییەکى باش و چارەسەرکردنى ئاستەنگ و گرفتەکان و وەڵامدانەوەى داخوازییەکانى هاوڵاتیان لە دابینکردنى خزمەتگوزارى و پێداویستیەکانیان، بەڵام ئەو رێککەوتنانە وەک پێویست جێبەجێنەکراون و پێویستە لە هەنگاوەکانى داهاتودا کاریان لەسەر بکرێت".

رونیشى کردەوە کە هەردولا گفتوگۆیەکى بنیادنەریان ئەنجامداوە بە ئاڕاستەى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییەکى باشتر و یەکڕیزى نێوان لایەنە سیاسییەکان لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکاندا.

لاى خۆیەوە عەلى حسێن، ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان، ئاماژەى بەوە کرد کە گرنگە "لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان و هێز و لایەنە سیاسییەکانى دیکەش خاڵە هاوبەشەکان و روئیامان بەرامبەر دۆخى سیاسى و حکومڕانى و لێک نزیک بکەینەوە بۆئەوەى یەکڕیزى دروست بکەین و پێکەوەش گرفتەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین".

ئەوەشى خستەڕو کە هەر لایەنە و بەپێى پێگەى خۆى بەرپرسیارێتى دەکەوێتە ئەستۆ و "بزوتنەوەى گۆڕان و تیمەکانیان لە حکومەت لەماوەى رابردودا هەماهەنگ بون بۆ چارەسەرى گرفتەکان و رۆڵێکى ئیجابیان هەبوە کە جێى تەقدیرە".

 

فۆتۆ: بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر