قائیمقامى کۆیە سەردانى مەکۆى گۆڕان دەکات

10/01/2023

قائیمقامى قەزاى کۆیە ستایشى تیمى حکومی بزوتنەوەى گۆڕان دەکات لەپاى پاڵپشتى و هاوکاریکردنى ئیدارەى قەزاکە، باژێروان و ئەنجومەنى قەزاى کۆیەش جەخت دەکەنەوە لەوەى خۆیان و تیم و نوێنەرانى گۆڕان لە حکومەت و پەرلەمان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتى هەر هەوڵ و هەنگاوێک کە بۆ خزمەتى خەڵک و ئاوەدانى بێت بە ناوچەکە.

ئەمڕۆ سێشەممە (١٠ / ١ / ٢٠٢٣) تاریق حەیدەر قائمقامی قەزای کۆیە و بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە سەردانى مەکۆى بزوتنەوەى گۆڕانیان کرد و لەلایەن بە بەختیار جەوهەر باژێروانی کۆیە و ئەندامانی ئەنجومەنی قەزاوە پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارێکدا قائمقامی کۆیە سوپاسگوزاری بۆ تیمی حکومی بزوتنەوەی گۆڕان لە پشتیوانی و پاڵپشتی سنوری قەزای کۆیە دەربڕى و گفتوگۆش کرا لەبارەی کێشەی هاوڵاتیان لە سنوری قەزای کۆیە و پێویستى هەوڵ و هەماهەنگی لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و خزمەتکردنی زیاتری سنورەکە و ئەنجامدانى پڕۆژەکان.

لاى خۆیەوە؛ مەکۆی کۆیەی بزوتنەوەی گۆڕان دوپاتی کردەوە کە ئەنجومەنى قەزا و تیمی وزاری بزوتنەوەی گۆڕان و پەرلەمانتارانى بزوتنەوەکە وەک هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانن لە گەیاندنى پێداویستى و داواکارى رەواى هاوڵاتیان و پێشکەشکردنى خزمەتی زیاتری قەزای کۆیە و ناحیە و گوندەکانی سنورەکە.


هەواڵی زیاتر