باڵیۆز و كونسوڵی روسیا سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن

08/03/2019

باڵیۆز و كونسوڵی روسیا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوە و تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و دۆخی عێراق و ناوچەکەیان کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، (7/3/2019) ماکسیم ماکسیمۆڤ، باڵیۆزی روسیا لە عێراق و ئۆلیگ لێڤین، کونسوڵی گشتی روسیا لە هەرێمی کوردستان سه‌ردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنه‌وه‌ی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد له‌ سلێمانی و لەلایەن محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم، سکرتێری کاروباری ژوره‌کان و هۆشیار عومه‌ر عه‌لی، رێکخه‌ری ژوری په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسیه‌کان پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبونەوەکەی وەفدی روسیا و بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆ کرا ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان پارته‌ سیاسیه‌کان له‌ کوردستان و پێکهێنانی حکومه‌ت و په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی عێراق و سیاسه‌تی ناوچه‌که‌ به‌ تایبه‌ت سوریا.

وەفدی گۆڕان لە کۆبونەوەکەدا باسیان لە ناوه‌ڕۆکی رێککه‌وتنەکەیان کرد لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و هه‌نگاوه‌کانی پێکهێنانی حکومه‌ت و هەروەها پێویستیی دانوستانی پارته‌ سیاسیه‌کان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق به‌یه‌ك به‌ره‌یی، جەختیشیان کردەوە لە گرنگی ئه‌نجامدانی چاکسازی سیاسی و ئابوری، به‌ تایبه‌ت گوزه‌رانی هاوڵاتیان و نه‌هێشتنی پاشه‌که‌وتی موچه‌.

سەبارەت بە دۆخی سوریاش، وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بەپێویستیان زانی کە کوردەکان مافی خۆبەڕێوەبەرێتییان لە رۆژئاوای کوردستان هەبێت.

لای خۆیشییەوە باڵیۆزی روسیا رایگەیاند؛ کە پێشوازی له‌ به‌شداری گۆڕان دەکەن له‌ حکومەتی داهاتوی هەرێم و گرنگی هەرێمیان بۆ روسیا و هەروەها پەرەپێدانی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی و ئابورییه‌کانی نێوان هەردولایان بە پێویست و گرنگ زانی.

لەبارەی دۆخی سوریاشەوە، باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە عێراق رونیکردەوە، چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سوریا نزیکه‌ و سیاسه‌تی روسیاش بریتییە لە به‌شداریی کورد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری نوێ له‌ سوریا و داننان به‌ مافه‌کانیاندا، "بۆ ئەوەش گفتوگۆی نێوان کورد و حکومەتی سوریا پێویسته‌ و مۆسکۆش پشتیوانی سه‌روه‌ری و یه‌کگرتوی خاکی سوریا ده‌کات".


هەواڵی زیاتر