وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان: سەربەرزین بە هەڵوێستی خەڵک و قائیمقامى پێنجوێن

15/01/2023

وتەبێژى بزوتنەوەى گۆران رایدەگەیەنێت؛ پێنجوێنییەکان نمونەیەکى جوانى خەباتى مەدەنییان پیشاندا، دەشڵێت: قائیمقامى پێنجوێن کە نوێنەرى بزوتنەوەى گۆرانە نیشانیدا کە تەرجەمەى بەها باڵاکانى بزوتنەوەى گۆرانى کردوە و پێویستە نوێنەرەکانمان لە حکومەت دەمڕاستى خەڵک بن و پێویستە لە هەرشوێنێک کە بزانن ماف و داواکارییەکانى خەڵک نادیدە دەگیرێت پۆستەکانیان بکەنە قوربانى بەرژەوەندى گشتى، چونکە پۆست لاى بزوتنەوەى گۆڕان ئامڕازە بۆ خزمەتى گشتى، لەبەر ئەوە سەرمان بە زانا رەحمان بەرزە.

دلێر عەبدولخالق وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند: پیرۆزبایى گەرم و دەستخۆشى لە خەڵکى پێنجوێن دەکەین، ئەوان نمونەیەکى جوانى خەباتى مەدەنیان بۆ داواکردنى ماف و پێداویستیەکانى رۆژانەیان بەتایبەت کارەبا و سوتەمەنى، پێشاندا.

دەشڵێت: ئەو شێوازە لە خەبات وایکرد، بە کەمتر لە هەفتەیەک بەرهەمەکەى بچننەوە و دامەزراوەکانى حکومەت بخەنە سەر هێڵ بۆ وەڵامدانەوەى داواکارییەکانیان.

لەبارەى هەڵوێستى قائیمقامى پێنجوێن، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆران وتى،" زانا رەحمان قائیمقامى پێنجوێن کە نوێنەرى بزوتنەوەى گۆرانە نیشانیدا کە پیاوێکە تەرجەمەى بەها باڵاکانى بزوتنەوەى گۆرانى کردووە کە پێویستە نوێنەرەکانمان لە حکومەت دەمڕاستى خەڵک بن و پێویستە لە هەرشوێنێک کە بزانن ماف و داواکارییەکانى خەڵک نادیدە دەگیرێت پۆستەکانیان بکەنە قوربانى بەرژەوەندى گشتى، چونکە پۆست لاى بزوتنەوەى گۆڕان ئامڕازە بۆ خزمەتى گشتى، لەبەر ئەوە سەرمان بە زانا رەحمان بەرزە".

دلێر عەبدولخالق، رۆڵى پارێزگارى سلێمانى و بەشێک لە وەزارەتەکانى حکومەتى بەرز نرخاند کە هاتونەتە سەرهێڵ بۆ وەڵامدانەوەى داواکارى خۆپیشاندەرانى پێنجوێن.

وتەبێژى بزوتنەوەى گۆران ئاماژەى بەوەشکرد، پێنجوێنییەکان پیشانیانداین کە خەباتى مەدەنى جێگەى خۆى دەگرێت، بۆیە هەموو قەزا و شوێنەکانى دیکەش  بۆ داواکردنى خواستەکانیان خەباتى لەم شێوەیە پەیڕەو بکەن.


هەواڵی زیاتر