خۆپیشاندەرانى پێنجوێن زانا رەحمان دەبەنەوە باڵەخانەى قائیمقامیەت
15/01/2023
دواى وەرگرتنى بەڵێنى جێبەجێکردنى داواکارییەکى سەرەکى دانیشتوانى پێنجوێن، خۆپیشاندەرانى پێنجوێن چونە ماڵى زانا رەحمان قائیمقامى قەزاکە و بردیانەوە بۆ باڵەخانەى قائیمقامیەت و داواى لێدەکەن لە دەستلەکارکێشانەوەى پاشگەز ببێتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، لەپێناو داواکاری خۆپیشاندەران و دواى خستنەڕوى سەرجەم هەوڵەکانى و بەدەمەوەنەچونى حکومەت بۆ داواکارییەکانیان، زانا رەحمان کە لەسەر پشکى بزوتنەوەى گۆڕان لەو پۆستەدایە بڕیاریدا دەستلەکار بکێشێتەوە، ئەوەش خۆپیشاندەرانى نیگەران کرد و لە سەرەتاوە داوایان کرد بگەڕێتەوە سەرکارەکەى بەوپێیەى خاوەن هەڵوێست و بەرپرسیارە و لەگەڵ داواکارى و خەم و ئازارەکانى خەڵکى قەزاکەدایە.
لاى خۆیەوە، قائیمقامى پێنجوێن لەنێو ئاپۆڕاى جەماوەرى خۆپیشاندان و شارەکەیدا جەختى لەوە کردەوە وەک چۆن لەپێناو داواکارى و بەرژەوەندییەکانى خەڵکدا و بە بڕوابونەوە بڕیارى دەستلەکارکێشانەوەى داوە، هەر لەو سۆنگەیەوەی و لەپێناو رێزى ئەواندا لە بڕیارى دەستلەکارکێشانەوەکەى پاشگەز دەبێتەوە.
فۆتۆ: دارکۆ جەلال