بزوتنەوەی گۆڕان: ناکۆکیەکانی هەرێم لەسەر دەسەڵات و داھاتە نەک بەرژەوەندی خەڵک

18/01/2023

بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەنیا پێویستی بە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی پەرلەمان ھەیە، دەشڵێت: ناکۆکیەکانی هەرێم لەسەر دەسەڵات و داھاتە نەک بەرژەوەندی خەڵک.

ئەمڕۆ چوارشەممە (١٨/١/٢٠٢٣)، لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی، عومەر سەید عەلی، لەگەڵ رەوزی کەیڤ، کونسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا لە هەرێم کۆبوەوە.

لە کۆبونەوەکەدا بزوتنەوەی گۆڕان جەختی کردەوە لەسەر رێکەوتنی ھەرێم و بەغداد لەسەر بنەمای دەستور بۆ پرسی بودجە، کەرکوک و ناوچەکانی دیکە، هەروەها یاسای نەوت و غاز دادگایی فیدراڵی.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ھەرێمی کوردستان ناکۆکیەکان لەسەر دەسەڵات و داھاتە نەک بەرژەوەندی خەڵک، هەروەها دوپاتی کردەوە کە پارستنی ھەرێمی کوردستان بە رێزگرتن لە دیموکراسی و ئازادی رۆژنامەوانی و شەفافیەت و دادپەروەری دەبێت کە ئێستا بە بەفراوانی پێشێل دەکرێن.

لەبارەی پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، بۆچونی گۆڕان ئەوەیە کە ھەر کات بکرێت ئەوان ئامادەن و تەنیا پێویستی بە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی پەرلەمان ھەیە، هەروەک جەختی کردەوە کە پێویستە بەریتانیا و ھاوپەیمانان کە پشتیوانی ھێزی پێشمەرگە دەکەن بە راھێنان و ھاوکاری لۆجستی و دارایی، یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە بکەن بە مەرج و فشار بکەن.

جگە لەوەش بە پێویستیان زانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھی خەڵک بێت نەک حیزب، چارەسەری قەیرانەکان بە جیاکردنەوەی حیزب و حکومەت دەکرێت و دەبێت حیزب دەست وەردان لە کاروباری حکومەت و بازاڕ نەکات و دەبێت یەک ھێزی پێشمەرگە و یەک وەزارەتی دارایی ھەبێت و داھات بە شەفافی و دادپەروەری دابەش بکرێت.

لای خۆیشیەوە کونسوڵی گشتی بەریتانیا رایگەیاند کە نیگەرانییەکانی خۆیان بە پارتە سیاسیەکان گەیاندوە و دەیانەوێت حکومەتێکی یەکگرتو ببینن.
فۆتۆ - بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر