بزوتنەوەی گۆڕان سکاڵای یاسایی لەسەر مەلا بەختیار تۆمار کرد

31/01/2023

ئەمڕۆ سێشەممە (31/1/2023)، تیمى یاسایی بزوتنەوەى گۆڕان لە بنکەیەکى پۆلیس لە سلێمانى سکاڵاى یاسایی لەسەر مەلا بەختیار تۆمار کرد، ئەوەش دواى ئەوەى مەلا بەختیار نەیتوانى بەڵگەکانى بۆ ئەو تۆمەتانە بسەلمێنێت کە لە تۆمارێکى دەنگیدا دایە پاڵ بزوتنەوەى گۆڕان.

فەرمان حەسەن، ئەندامی ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان دواى تۆمار کردنى سکاڵاکە، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ بزوتنەوەی گۆڕان لە رێگەی وتەبێژەکەیەوە قسەکانی مەلا بەختیاری رەتکردەوە و داوای لێکرد تۆمەتەکانی ساغ بکاتەوە، بەڵام ناوبراو هیچ بەڵگەیەکی نەخستەڕو، ئێمەش لە پەرۆشیمان بۆ سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادگاکان، ئەمڕۆ بەشێوەیەکى فەرمى و یاسایی سکاڵامان تۆمار کرد لەسەر ئەو تۆمەتانەی مەلا بەختیار، داواکارین ناوبراو هەر بەڵگەیەکی هەیە بیخاتەڕو، ئەگەر نا رێگە نادەین چیتر ئەو کەسە و کەسانى دیکە تۆمەتی بێ بنەما لەسەر بزوتنەوەى گۆڕان بڵاوبکەنەوە.

ئەندامەکەى ژورى یاسایی وتیشى: ئێمە باوەڕمان بە رۆڵ و سەروەرى یاسا هەیە، بزوتنەوەى گۆڕانیش جەخت لە بنەما سەرەکییەکانى دەکاتەوە کە سەروەرى یاسا و دەستوەرنەدانى حیزبى لە کاروبارە فەرمییەکان و چەسپاندنى دادپەوەرى و شەفافییەت لە داهاتى نەوت و ناوخۆ و خاڵەسنوریەکان.

ئەوە لەکاتێکدایە؛ پێشتر وتەبێژى گۆڕان رایگەیاند: لە چەند بۆنەیەک، بە هۆ و بێ هۆ، مەلا بەختیار، قسەی بێ بنەما؛ لەشێوەی تۆمەت هەڵبەستن و ناوزڕاندن ئاڕاستەی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات، ئەگەر مەلا بەختیار تۆمەتەکانی نەسەلمێنێت سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین.، جەختیش دەکەینەوە کە بزوتنەوەی گۆڕان نە ملیۆنەری هەیە، نە کۆمپانیای بازرگانی، نە بەرژەوەندی ژێربەژێری بازرگانی.
دەقى وەڵامەکەى پێشوى وتەبێژى گۆڕان:
لە چەند بۆنەیەک، بە هۆ و بێ هۆ، مەلا بەختیار، قسەی بێ بنەما؛ لەشێوەی تۆمەت هەڵبەستن و ناوزڕاندن ئاڕاستەی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات.
ئێمە دەزانین، برینەکانی ناوبراو لەناو یەکێتییە و بە قسەوتن بە گۆڕان تیمار نابێ، بەڵام لەگەڵئەوەشدا، ڕەفتارکردن لە بەرگی ئۆپۆزسیۆنیدا تەنها لەبەرئەوەی لە پەراوێزی بڕیارەکانی حیزبەکەتی، خەڵکی هۆشیاری کودستان لێت وەرناگرێ، بەڵکو پێت دەڵێن کە ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی بوی بۆ ئەو قسانەت نەدەزانی! یان "لە کوێ بای بێت، لەوێ شەن دەکەی"!
ئێمە دوو پرس کە ناوبراو ڕایگەیاندووە، بە تەواوی ڕەتدەکەینەوە:
1. بزوتنەوەی گۆڕان نە ملیۆنەری هەیە، نە کۆمپانیای بازرگانی، نە بەرژەوەندی ژێربەژێری بازرگانی.
2. گۆڕان هیچ کارئاسانیەکی بۆ دەستکەوتنی پارە لە خاڵە سنورییەکان بۆ نەکراوە.
لەبەرئەوە، مەلا بەختیار لەبەردەم دوو بژاردەیە؛ یان سەلماندنی تۆمەتەکانی بۆ ڕایگشتی، یاخود سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین، ئەوکاتە پێویستە لە دادگا ڕاستی قسەکانی بسەلمێنێ و ئەو خەڵکانە ئاشکرا بکات، کە بەناوی گۆڕانەوە خەریکی ساتوسەودای بازرگانین، ئەگەرنا چیتر ڕێگە بە مەلابەختیار و ئەمسالەکانی نادەین، بێ گومرگ قسە فڕێ بدەنە ئەو ژینگە سیاسییەی وێرانیان کرد.


هەواڵی زیاتر