بەشدار حەسەن: خەڵاتەکەم پێشکەشی رۆحی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و ئازادیخوازان دەکەم

31/01/2023

بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان کە لەنێو 600 کەسایەتی جیهانی دەستنیشانکراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساڵانەی "بەرگریکارانی مافی مرۆڤ" لەلایەن وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا، رایدەگەیەنێت؛ خەڵاتەکە پێشکەشی رۆحی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و ئازادیخوازان دەکەم.

بەشدار حەسەن، پارێزەر و سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان کە بڕیارە سبەینێ لە رێورەسمێکی فەرمیدا لە ئەمەریکا خەڵاتەکەی پێ بدرێت، بەهیوایە ئەو خەڵاتە پەیامێک بێت بۆ دەسەڵاتداران کە رێزی مافەکانی مرۆڤ ناگرن و بەخۆیاندا بچنەوە، خەڵاتەکەی خۆشم پێشکەشی رۆحی رەوانشدا نەوشیروان مستەفا و ئازادیخوازان و تیمى پارێزەران دەکەم، دەشڵێت: رەوانشاد نەوشیروان مستەفا هەمیشە جەختی کردوەتەوە لەسەر گرنگیدان بە مافەکانی مرۆڤ و فراوانبونى ئازادی رادەربڕین.

 بە وتەی ئەو پارێزەرە لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵى (کەى ئێن ئێن)؛ "دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا هەستیان بەو زوڵمە کردوە کە لە دەستگیرکراوانی بادینان کراوە و لێکۆڵینەوەیان تێدا کردوە".

لە ساڵی 2005وە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ساڵانە لەسەرانسەری جیهان خەڵاتەکە دەداتە دو کەسایەتی کە رۆڵیان هەبێت لە پەرەدان و پتەوکردن و بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ، بۆ ئەمساڵیش بەشدار حەسەن لەسەر بنەمای "سەرکردایەتیکردن، بوێری و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر مافەکانی مرۆڤ" یەکێکە لەو دو کەسەى خەڵاتەکە وەردەگرێت و بڕیاریشە سبەینێ چوارشەممە لە مەراسیمێکی تایبەتدا ئەو خەڵاتە وەربگرێت.


هەواڵی زیاتر