بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان کۆبونەوە
02/02/2023
شاندێکى باڵاى بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى
دیموکراتى کوردستان لە هەولێر کۆبونەوە و تاوتوێی دواین پیشهاتەکان و دۆخى سیاسى
کوردستان و ناوچەکە و حکومڕانى و هەڵبژاردنیان کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە
(2023/2/2) شاندێکى پارتى دیموکراتى کوردستان بە سەرۆکایەتى مەحمود محەمەد سەردانى
بارەگاى بزوتنەوەى گۆڕانیان کرد لە شارى هەولێر و لەلایەن شاندى بزوتنەوەى
گۆڕانەوە بە سەرۆکایەتى مستەفا سەید قادر پێشوازیان لێکرا.
دواى
کۆبونەوەکە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى هاوبەشدا، دلێر عەبدولخالق، وتەبێژى
بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەوە رایگەیاند: دۆخى سیاسى و ئیدارى و
قانونى عێراق و ئەو پێدراوە سیاسیانەى لە ناوچەکە کە کاریگەرییان لەسەر پڕۆسەى
سیاسى لە هەرێم هەیە تاوتوێکران، دۆسیەى هەڵبژاردن و دارایی و حکومەت و پەیوەندى
لەگەڵ بەغدا و ژیان و گوزەرانى خەڵک و لابردنى بەربەست و ئاستەنگەکانى بەردەم
دامەزراوەکانى حکومڕانى و کاراکردنەوەى ئامرازەکانى خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان لە
ئەجێنداى کۆبونەوەکە بون.
وتیشى: وەک بزوتنەوەى گۆڕان بۆ رێزگرتن لە بنەماکانى
دیموکراتیەت و نیشاندانى حکمڕانییەکى سەرکەوتو ئاستەنگەکانى بەردەم ئەنجامدانى هەڵبژاردن
لابرێت و ئەو یاسایانەى رەهەندى یاسایی و سیاسى و نیشتیمانى و نەتەوەییان هەیە بە
سازان و دانوستانى نێوان هەمو لایەنەکان بێت بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، ئەو قەزیە
ئەمنییانەش کە بونەتە لەمپەڕ لەبەردەم پڕۆسەى سیاسى لە هەرێمى کوردستان لە رێگەى دادگا
وەک دەسەڵاتێکى سەربەخۆ چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.
وتەبێژى گۆڕان ئاماژەى
بەوەشکرد؛ تەمەنى پەرلەمان بۆ کۆمەڵێک ئەرک و خزمەت درێژکرایەوە بۆ چارەسەرى
کیشەکانى پڕۆسەى حکومڕانى و خزمەتکردنى خەڵک، بۆیە "نابێت کیشەکانى حیزێک یان
دو حیزب ببێتە لەمپەڕ لەبەردەم کارەکانى پەرلەمان، ئەوەى لەسەرشانمان بێت دەیکەین
بۆ خزمەتى کۆمەڵگەکەمان".
لاى خۆیەوە، پشتیوان
سادق ئەندامى شاندى باڵاى پارتى دیموکراتى کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا
وتى: ئەمڕۆ خۆشحاڵبوین لەگەڵ یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانمان کە بزوتنەوەى
گۆڕانە کۆبوینەوە، سەردان و دیدارمان لەگەل لایەنەکانى دیکەش بوە، بەڵام بەوپێیەى گۆڕان
کە یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانى حکومەت ژمارەیەک بابەت هەبو کە گفتوگۆى
زیاتریان لەسەر بکەین، یەکێک لەوانە بابەتى هەڵبژاردن بو کە جەختمانکردەوە پارتى
دیموکراتى کوردستان ئامادەیە هەمو هاوکاری و ئاسانکارییەک بکات بۆئەوەى هەلبژاردن
لە وادەى دیاریکراو تێنەپەڕێت و ئەنجام بدرێت بە هەموارى یاساى هەڵبژاردن.
ئاماژەى
بەوەشکرد کابینەى حکومەت بەپێى بارودرخەکە و دۆخى دارایی درێغى نەکردوە لە
راپەڕاندنى کارەکانى و هیچ بڕیارێک لە ئەنجومەنى وەزیران بە زۆرینە و کەمینە
تێنەپەڕیوە، "ئەوەى لاى ئێمە گرنگە ئەوەیە" دۆخى کوردستان ئەوە لە ئێمە
دەخوازێت هێزەکانى حکومەت زیاتر هەماهەنگ بن".
هاوکات دانا
عەبدولکەریم، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و ئەندامى تیمى گۆڕان لە حکومەت، لەبارەى پرسى
هەڵبژاردن لە کۆبونەوەکە، وتى "لەبارەى ئەو گرفتانەى باس دەکرێت بۆ
هەموارنەکردنەوەى یاساى هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن، نیەتەکان بەو ئاڕاستەیەن کە
هەڵبژاردن لەمساڵدا ئەنجام بدرێن و ئیمە جەختمان لەوە کردەوە کە ساڵێک پێش
ئاڵۆزبونى دۆخەکە فراکسیۆنەکەمان پڕۆژەى بۆ ئەو پرسانە پێشکەش کردەوە".
لەبارەى پرسى
پێکهاهتەکانیشەوە وتى: گرنگە پێکهاتەکان خۆیان گوزارشت لە مافى خۆیان بکەن لە
هەلبژاردنەکاندا.