رێکخەرى ژورى رۆژنامەوانى: فراوانکردنى مەوداکانى ئازادى دەربڕین لە بنەما سەرەکییەکانى گۆڕانە و هەمیشە کارى بۆ دەکەین
06/02/2023
ژورى رۆژنامەوانى بزوتنەوەى گۆڕان لە دیدارێکدا لەگەڵ سەنتەرى میترۆ، جەخت لە کارکردن و هەوڵدان بۆ فراوانکردنى مەوداکانى ئازادى دەربڕین و نوسین و رەتکردنەوەى پێشێلکارى دژى رۆژنامەنوسان و ئازادییەکان دەکاتەوە کە بنەمایەکى سەرەکى کارى بزوتنەوەکەیە.
ئەمڕۆ دوشەممە (2023/2/6)، رێکخەر و ئەندامانى سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکى لە مافى رۆژنامەنووسان سەردانى ژورى رۆژنامەوانیان کرد و لە دیدارێکدا رەوشى رۆژنامەوانى و ئازادى دەربڕین و پێشێلکارى و ئاستنەگەکان و تاوتوێکرا .
دلێر عەبدولخالق، رێکخەرى ژورى رۆژنامەوانى روانین و بەرنامە و ستراتیژى بزوتنەوەى گۆڕانى سەبارەت بە ئازادییە گشتییەکان و ئازادى دەربڕین و رۆژنامەنوسان دوپاتکردەوە و وتى: هەست بە پاشەکشە دەکەین لە ئازادى را دەربڕین لە هەرێمى کوردستان و داتا و ژمارەى پێشێلکارییەکان لە راپۆرتى رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان جێی سەرنجە لاى ئێمە، بۆیە لە کۆبونەوەشمان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکان هەڵوەستەمان لەسەر ئەو پرسە کردوە وەک بنەمایەکى گرنگى دیموکراسى و یەکێک لە بنەماکانى گۆڕان و کارنامەى کابینەى نۆیەمیش کە پێویستە مەوداکانى ئازادى فراوان بکرێن نەک بەرتەسک بکرێنەوە".
ئاماژەى بەوەشکرد کە ستایشى هەمو ئەو هەوڵانە دەکەن کە لە خزمەتى ئەو پرسەدابێت و پاڵپشتی و پشتیوانیشى لێ دەکەن.
لاى خۆیەوە رەحمان غەریب، رێکخەرى سەنتەرى میترۆ نەیشاردەوە کە ئازادى را دەربڕین بۆ دواوە گەڕاوەتەوە و بەوهۆیەوە رەخنەگرتن کەمبوەتەوە، داتا و ئامارەکانى ساڵانەى سەنتەرەکەشیان ئەو ئاماژەیە دەردەخەن.
هاوکات رەشنوسى "پەیماننامەى شەرەفى کارى رۆژنامەنوسى"یان خستە بەردەم ژورى رۆژنامەوانى کە لەلایەن سەنتەرەکەوە ئامادەکراوە لە چوارچێوەى پڕۆژەى (هەڵمەتى هۆشیارى لە دژى بڵاوکردنەوەى زانیارى ناڕوون و چەواشەکارى لە هەرێمى کوردستان) وەک پەیماننامەیەک بۆ پارێزگارى لە پیشەییبونى کارى میدیایی.