ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى: بانگەواز و دەستپێشخەرییەکەى بزوتنەوەى گۆڕان هەنگاوێکى ئەرێنى و گرنگە

13/02/2023

رێکخەرى ژورى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕان ئەم دەستپێشخەرییەى بزوتنەوەکە بۆ ئاشتەوایی بە هەنگاوێکى ئەرێنى و گرنگ وەسف دەکات و دەشڵێت: بزوتنەوەى گۆڕان تا ئێستا هیچ هەڵەیەکى ستراتیژى نەکردوە.

کاوە عەبدوڵا، رێکخەرى ژورى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕان و ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى لە چاوپێکەوتنێکى لە کەناڵى کەى ئێن ئێن رایدەگەیەنێت؛ دواى بانگەوازەکەى گۆڕان لە ئێستادا لێک نزیکبونەوەیەکى زۆر باش هەیە و ئەم بەیاننامەیە گۆڕان تاودانێکى باشە بۆ ئەوەى هەمومان بتوانین بۆ جارێکى دیکە بزوتنەوەى گۆڕان بخەینەوە سەر رێى خۆى.

وتى: پێویستە هاوشێوەى سەرەتاى دروستبونى بزوتنەوەکە، ئێستاش هەمومان پێکەوە پڕۆژەیەکى نوێمان هەبێت و بتوانێت پێداچونەوەیەکى باش بکەین، جەختیش دەکاتەوە کە تا ئێستا لە هیچ هەڵەیەکى ستراتیژییەوە نەگلاوە و بەدیلى بزوتنەوەى گۆڕان هەر بزوتنەوەى گۆڕانە و هیچ کەس و لایەنێک نەیتوانیوە جێگەى بزوتنەوەکە بگرێت.

ئەو ئۆباڵى ئەم دۆخە چەقبەستوەى لە هەرێمى کوردستان هاتوەتە ئاراوە دەخاتە ئەستۆى پارتى و یەکێتى و دەڵێت: ئەم دۆخەى ئێستا تەنها پارتى و یەکێتى لێى بەرپرسن، ئەوان ساڵانێكە بریاربەدەستی یەكەمن.

هەروەک باسى لەوەشکرد کە بزوتنەوەى گۆڕان لەسەرەتاوە بۆ ئەوە دروست بو تا ئەم دۆخە چەقبەستوە چاک بکات، بەڵام  لەسەرەتاى دروستبونى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە پارتى و یەکێتى بڕوایان بە هەڵبژادن و دەستاودەستى دەسەڵات نەبوە و هەر ئەمە وایکردوە حکومەتێک دروست ببێت کە  پەنجا بە پەنجا بێت و هەر لەوکاتەوە هەمو بەرژەوەندییەکان بە نیوەیی دابەش کراون لەنێوانیاندا و هەمو لایەن و کەسەکانى دیکەیان فەرامۆش کردوە.


هەواڵی زیاتر