رێبوار خەلیل: بەهێزبونەوەى گۆڕان بە ماناى بەهێزکردنەوەى شەقام دێت

16/02/2023

رێبوار خەلیل رایدەگەیەنێت؛ بانگەوازەکەى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ ئاشتەوایی نیەتێکى باش لە پشتیەوەیەتى بۆ دوبارە کارى پێکەوەیی، بەڵام پێویستە زیاتر ورد بکرێتەوە و کۆبونەوە و دیدارى بەدواد بێت و هێڵی سور لەسەر هیچ داواکارییەک نەبێت و گۆڕانخوازانى دەرەوەش بەدەم بانگەوازەکەوەبێن، دەشڵێت: بە سەرکەوتنى ئاشتەوایی و کارى پێکەوەیی دەتوانرێت، گۆڕان بخرێتەوە سەرپێى خۆى و ئەوەش گرنگە، چونکە بەهێزبونەوەى گۆڕان بە ماناى بەهێزکردنەوەى شەقام دێت.

رێبوار خەلیل، ئەندامى پێشوى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان، ئاماژە بەوە دەکات؛ گۆڕان ئەو شانازیەى هەیە بەشێک لە شکستەکانى بەهۆى پێداگریى بوە لە بەرنامە نەگۆڕەکانى و نەبوەتە داردەستى هیچ لایەنێکى دەرەکى، ئێستاش کە بانگەوازى ئاشتەوایی کردوە بۆ پێکەوە کارکردن پێویستە زیاتر ورد بکرێتەوە و کۆبونەوە و دیدارى بەدواد بێت بۆئەوەى نیەتى بانگەوازەکە رون بکرێتەوە و "بەشێوەیەک دڵى ئەوانەى ناو گۆڕان و ئەوانەى لە دەرەوەن و گۆڕانخوازن پێ رازى بگرێت بۆئەوەى بتوانرێت هەموان دەست لەناو دەست بەیەکەوە کار بکەن بۆئەوەى بەرەى گۆڕان و گۆڕانکارى بەهێز بکرێ".

هەروەک جەخت دەکاتەوە بانگەوازەکە نیەتێکى باش لە پشتیەوەیەتى بۆ دوبارە کارى پێکەوەیی، بەڵام دیدار و کۆبونەوەى و دانیشتنى بەرفراوان لەگەڵ گۆڕانخوازان و سەرنج و رەخنەکانى هەموان لە بەرچاو بگیرێ و لە قۆناغى داهاتودا رێکبخرێتەوە بەخۆداچونەوەى تەواو بکرێ و هێڵى سور لەسەر هیچ داواکارى و چارەسەرى کێشەیەک نەمێنێت بۆئەوەى پڕۆژەکە دوبارە بکەوێتەوە سەرپێ بەپێویست دەزانێت.

رێبوار خەلیل ئەوە بیر دێنێتەوە کە لە رابردودا بزوتنەوەى گۆڕان سڵى نەکردوەتەوە لە ئۆپۆزسیۆن بون و رەخنەگرتن و جوڵاندنى شەقام، "ئێستاش لە غیابى ئەو کاریگەریەدا دەبینین ئازادى رادەربڕین بەرەو کەمبونەوە دەچێت لەبرى رێکخستنەوە هێزى پێشمەرگە هێزى دیکە دروست دەکرێت و ئۆپۆزسیۆنێکى بەهێز نیە دەنگى زوڵاڵ بێت، لەکاتێکدا بۆ ئەم دۆخە هێزێکى بە جورئەتى وەک گۆڕان لەهەمو کات پێویستترە".

لەبارەى گرفتەکانیەوە، رێبوار خەلیل دەڵێت: کێشەکە لەوەدایە هەڵوێستى سیاسى تیمى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕان وەک ئەوەى هەیە و ئەنجامى دەدەن ناگاتە جەماوەر، هەروەها گۆڕان ئەو شانازیەى هەیە بەشێک لە شکستەکانى بەهۆى پێداگریى بوە لە بەرنامە نەگۆڕەکانى و نەبوەتە داردەستى هیچ لایەنێکى دەرەکى، بۆیە ئێستاش بە سەرکەوتنى ئاشتەوایی و کارى پێکەوەیی دەتوانرێت، گۆڕان بخرێتەوە سەرپێى خۆى و بەهێزبونەوەى گۆڕانیش بە ماناى بەهێزکردنەوەى شەقام دێت.


هەواڵی زیاتر