ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى: ناکۆکى و گواستنەوەى کێشە ناوخۆییەکان بۆ بەغدا و پاشەکشەکردنى ئازادییەکان وێناى هەرێمى کوردستانى گۆڕیوە

28/02/2023

ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى، رایدەگەیەنێت: بەهۆى ناکۆکى نێوان لایەنە سیاسییەکان و گواستنەوەى کێشە ناوخۆییەکان بۆ بەغدا و پاشەکشەکردنى ئازادییەکانەوە، لەروى نێودەوڵەتییەوە هەرێمى کوردستان وەک کێشە تەماشا دەکرێت، لەکاتێکدا پێشتر وێنایەکى ئیجابى هەبو وەک چارەسەر لێى دەڕوانرا.

هۆشیار عومەر عەلى، ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان، لەگەڵ جەختکردنەوە لە بنەماکانى گۆڕان پەیوەست بە پڕۆسەى دیموکراسى و رەخساندن و بەرفراوانکردنى ئازادییەکان و را دەربڕین، ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆى ناکۆکى و ململانێکانى هێزەکانى دەسەڵاتەوە پاشەکشە بەو پرسانە کراوە و دەڵێت: هەرێمى کوردستان تا کۆتایی شەڕى داعشیش لە روى نێودەوڵەتیەوە وێنەیەکى ئیجابى هەبو کە وەک چارەسەر تەماشا دەکرا، بەڵام ئێستا وەک کێشە سەیر دەکرێت لە چەند ئاستێکدا کە یەکێکیان پاشەکشەکردنى دیموکراسى و ئازادییەکانە بەتایبەت ئەوەى پەیوەندى بە ئازادى مەدەنى و رۆژنامەنوسى و بیر و را هەیە لەگەڵ پێشێل کردنى بنەماکانى دیموکراسى و ئەنجامنەدانى هەڵبژاردن لە وادەى خۆی.

دەشڵێت: نیگەرانیەکانى دیکەى کۆمەڵى نێودەوڵەتى کە پێانوایە کێشەى گەورەن لەبەردەم پڕۆسەى سیاسى لە هەرێمى کوردستان، ئەوەیە کە کورد دابەش بوە و ململانێکانى بردوەتە بەغدا، هاوکات پەیوەندى نێوان پارستە سیاسییەکان کێشە و ناکۆکییەکانیان لەسەر بابەتى لاوەکین.

ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى، ئاماژە بەوە دەکات بزوتنەوەى گۆڕان پێداگرى لە بنەما پاراستنى سەرەکییەکانى دیموکراسى و فراوانکردنى پانتایی ئازادییەکان و سەقامگیرى سیاسى دەکاتەوە و لە دیدار و کۆبونەوەکانیشى لەگەڵ لایەنەکانى دەسەڵات و نوێنەرى وڵاتانیشدا جەختى لەو پرسانە کردوەتەوە.


هەواڵی زیاتر