جەمال حاجى محەمەد: نەوشیروان مستەفا پلانداڕێژەرى راپەڕین بو

07/03/2023

جەمال حاجى محەمەد، فەرماندەى پێشمەرگە و ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لە (32)ساڵەى یادى راپەڕینى سلێمانى، رایدەگەیەنێت؛ نەوشیروان مستەفا پلاندانداڕێژەرى راپەڕین بو، سەرەتا هیچ هێزێک ئامادەنەبو هاوکارمان بێت بۆ راپەڕین و داواى لێبوردنیان کرد و وتیان کەسمان نیە هاوکارمان بێت، ئەوەبو دواى دو رۆژ لە راپەڕین لایەنەکانى تر هاتنە سلێمانى.

دەشڵێت: دواى (32) ساڵ و کۆچى دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، بەداخەوە هەست دەکەم هەندێک لایەن و گروپ و کەس دەیانەوێت مێژوى راپەڕین بە لارێدا بەرن، لەکاتێکدا راپەڕین نەخشە و بەرنامە داڕێژراوى نەوشیروان مستەفا بو وە چەند مانگێک پێش ئەنجامدانى پلانى بۆ دانا و هێزەکانى پێشمەرگە و بەتالیۆنەکان ئامادەکران بۆ گرتنى دەوروبەرى شارەکان و دواتر چونە ناوشارەکان، هاوکات رێکخستن و هێزە چەکارەکانى ناو شارەکانیش ئاگادارکرابونەوە و ئامادەکرابون".

جەمال حاجى محەمەد ئاماژە بەوەش دەکات؛ ئەگەر راپەڕین لە سلێمانى نەکرایە بەعس نەکەوت و کەرکوکیش رزگار نەدەکرا، حکومەت و پەرلەمانی کوردستانیش دەستکەوتى راپەڕینە، بەڵام بەداخەوە دواى (32) ساڵ نائومێدى هەیە لاى هاوڵاتیان و گەنجان، لەکاتێکدا "ئێمە بەو رۆحیەتەوە راپەڕینمان کرد ئازادى و ئایندەیەکى گەش بۆ خەڵکى خۆمان بەدى بهێنین، بەڵام ئەوانەى دەسەڵاتیان گرتە دەست و حکومڕانەکان نەیانتوانى ئامانجەکانى راپەڕین و ئەو دەستکەوتانەى پێویستە بۆ میللەتەکەمانى بەدى بهێنن، ئەگەر سەرکەوتنەکانى راپەڕین دریژەى پێ بدرایە و بکرایەتە خزمەت بۆ تەواوى خەڵک و دامەزراوەیی، دەبو ئەو مێژووە لە قۆناغەکانى پەروەردە بخوێنرایە و تاک بە تاکى نەوەکانى ئەم میللەتە پێى ئاشنابونایە".


هەواڵی زیاتر