سەفین مەلا قەرە: رەوانشاد نەوشیروان مستەفا راستەوخۆ سەرپەرشتى راپەڕێنى هەولێرى دەکرد

11/03/2023

سەفین مەلاقەرە لە ساڵیادى راپەڕینى هەولێردا رایدەگەیەنێت؛ راپەڕین دەستکەوتێکى نەتەوەییە و کوردى بردە قۆناغێکى نوێوە کە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا پلانداڕێژەرى بو خۆشى راستەوخۆ سەرپەرشتى راپەڕێنى هەولێرى دەکرد، بەڵام ئەم یادە نابێت بە حیزبى بکرێت.

سەفین مەلا قەرە، فەرماندەى پێشمەرگە و ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان، لە (32)یەمین ساڵیادى راپەڕینى شارى هەولێر، لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ کەناڵى کەى ئێن ئێن باسى لە شێواز و چۆنیەتى بەڕێوەچونى راپەڕینى شارەکە کرد و دەڵێت: رەوانشاد نەوشیروان مستەفا رێکخستنەکانى ناوشارى بۆ راپەڕێن رێکخستبو، سەرەتا پلانى راپەڕینى هەولێر بەو جۆرە بو کە لە ئۆردوگا زۆرەملێکانەوە دەستپێبکەین دواتر شارە گەورەکان، بەڵام لەبەر پێشخستنى راپەڕین لە رانیە پلانەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات.

لە باسى وردەکاریی روداوەکان و رۆڵى رەوانشاد لە پڕۆسەکەدا، دەڵێت: دواى ئەوەى پلانەکان گۆڕان تەواوى فەرماندەکانى پێشمەرگە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا لە باخى گشتى رانیە تایبەت بە ئازادکردنى هەولێر کۆبوینەوە و رێککەوتین کە بە دو قۆڵ کە یەکێکیان لە کۆیە و ئەویدیکەیان لە شەقڵاواوە بێت.

وتیشى: هەمو لایەنەکان بەشداربون لە راپەڕینى شارى هەولێر، بەڵام هێزى سەرەکى ئەو جەماوەرە بو کە لە رانیە کۆببوەوە و بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن و هەمو لایەنەکان بە ئەرکى خۆیان هەڵسان بەڵام حیکمەت و زیرەکى رەوانشاد نەوشیروان مستەفا وەک ئەندازیارى راپەڕین رۆڵى گیرا و وەک ئەندازیارێک کارى بۆ راپەڕین کرد لە هەمو روەکانەوە و گەر حیمەتى ئەو نەبوایە ئاسان نەبو رزگارکردنى شارى هەولێر.

سەفین مەلاقەرە جەخت دەکاتەوە لەوەى راپەڕین دەستکەوتێکى نەتەوەییە و کوردى بردە قۆناغێکى نوێوە و دەڵێت: تاوانە ئەم یادە بە حیزبى بکرێت و داوا لە هەمو لایەنەکانیش دەکات کە دەستکەوتى راپەڕین نەکەنە دەستکەوتى لایەنێک بە تەنها.


هەواڵی زیاتر