ژنانى کۆمەڵێک وڵاتانى جیاواز سەردانى ئافرەتانى گۆڕان دەکەن

18/03/2023

ئەمڕۆ شەممە (18/3/2023)، ژنانى کۆمەڵێک وڵاتانى جیاواز  لەناویاندا کوردانى باکور، سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانیان کرد و لەلایەن ژمارەیەک لە ئافرەتانى بزوتنەوەى گۆڕانەوە پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارێکدا؛ ئامانجى سەردانى ئەو ژنانە بۆ هەرێمى کوردستان و دیدار لەگەڵ ئافرەتانى لایەنە سیاسییەکان خرایەڕو بەتایبەت پرسى ژن و خەبات و دۆزى ژن لەسەر ئاستى کوردستان و جیهانیش بەتایبەت دروشمى "ژن ژیان ئازادى" کە پەیوەست کراوە بە خەباتى نەتەوەیی و نیشتیمانى و بوەتە پرسێکى جیهانى.

لاى خۆیەوە گوڵستان سەعید، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان کە ئامادەى دیدارەکەبو رایگەیاند: دیدى بزوتنەوەى گۆڕانمان رون کردەوە کە جیاواز لە هێز و لایەنە سیاسییەکانى دیکە لە دروشم و کرداریشدا رۆڵى ئافرەتان دەنرخێنێت و "گۆڕان دۆزى ژنى لە دروشمبازى داماڵیوە و بە کردار رێگەى لەبەردەم تواناکانى ژنان کردوەتەوە و پێیوایە کێشەکانی ئافرەتان لە کێشەکانی کۆمەڵگە جیاناکرێتەوە و پێویستە ستەم و نادادى کۆتایی بێت بۆئەوەى ژنیش ئازاد و سەربەخۆ بێت چ لە کایەکانى ژیان و چ وەک ئابورى سەربەخۆى خۆى".

ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەوەیان خستوەتەڕو کە لە ساڵى (2011)دا گۆڕان خاوەنى پڕۆژەیاساى بەرەنگاربونەوەى توندوتیژى بوە کە پێشتر لە کوردستان ناوچەکەش یاسایەکى لەو شێوەیە نەبوە، "هەروەها گۆڕان دەیەوێت ژن لە کۆیلایەتى و زوڵم و ستەم رزگار بکات و وایکردوە ژن ئازادانە و سەربەستانە پاڵپشت بە تواناکانى خۆى بەشدارى خەبات بێت و کارى سیاسى و بەڕێوەبردن لە بەردەمیدا کراوەبێت، لەو سۆنگەیەشەوە پێگەى ژن لەناو گۆڕاندا پارێزراوە و بنەماى (جیاکارى رەگەزیى باش) پەیڕەو دەکات بەوەى کاتێک ژن و پیاوێک بۆ پۆستێکى حزبى و حکومەت دەنگەکانیان هاوتا بێت ئەفزەلیەت بۆ ژنەکەیە و ئەو دادەنرێت"


هەواڵی زیاتر