ئەندامێکى جڤاتى نیشیتمانى: عێراق دەیەوێت به‌شێك بێت له‌ پرۆسه‌ی نه‌وتى هەرێم، ‌ئه‌مه‌ش جێگه‌ی مه‌ترسی نییه‌

26/03/2023

ئەندامێکى جڤاتى نیشیتمانى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ هەنگاوەکانى حکومەتى عێراق بە ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ به‌شێك بێت له‌ پرۆسه‌ی ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وتى هەرێم ‌ئه‌مه‌ش جێگه‌ی مه‌ترسی نییه‌، چونكه‌ نه‌وت و بۆریه‌كه‌شی لای كورد خۆیه‌تی، ئه‌گه‌ر پرۆسەکە شه‌فافه‌ و گه‌نده‌ڵی تێدا نیه‌ زۆر گرنگه‌ ئه‌و ئاراسته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ گوێی لێبگیرێت، دەشڵێت: هەرێمى کوردستان لە ئێستادا وەک کیانێکى فیدراڵیى دانپێدانراو لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى و نێودەوڵەتیدا، لە مەترسیدا نییە، به‌ڵكو مه‌ترسییه‌كه‌ له‌سه‌ر حزبه‌كانه‌".

هۆشیار عومه‌رعه‌لی، رێکخەرى ژورى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان، ئاماژە بەوە دەکات کە ده‌ستێوه‌ردانی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا نه‌بوایه‌ ‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌یده‌توانی ببێت به‌ هه‌رێمێكی فیدراڵ، ته‌نانه‌ت له‌كاتی رو‌خاندنی رژێمی پێشوی عێراق و دواتریش كاتی داعش ئه‌مه‌ریكا رۆڵی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ی بینیوە لەوەى هه‌رێمی كوردستان بپارێزێت و له رابردودا، هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌چاره‌سه‌ر له‌عێراقدا ده‌بینرا و تاڕاده‌یه‌كیش چاوپۆشی له‌ كه‌موكورتیه‌كانی ده‌كرا، بەڵام ئیستا دۆخەکە گۆڕانکارى بەسەر هاتوە بەتایبەت کە هەست بە پاشەکشەى ئازادی و دیموكراسی دەکرێت‌، رۆژنامه‌نوس زیندانی ده‌كرێت هه‌ڵبژاردن بە پاکى و له‌كاتی خۆیدا ناكرێت، ئه‌م حه‌قیقه‌تانه‌ بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ناسراون، به‌ڵام ئێستا چوه‌ته‌ ناو راپۆرتی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ده‌رەوه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه‌ كه‌ئه‌وه‌ش به‌شێكه‌ له‌ سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا.

لەبارەى هەنگاوەکانى عێراق و کاریگەرى بڕیارەکەى دادگاى پاریس و هۆشدارییەکانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیشەوە، رێکخەرى ژورى پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانى گۆڕان دەڵێت: عێراق ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ خۆی به‌شێك بێت له‌ پرۆسه‌ی ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كردنی نەوت لە هەرێمى کوردستان، ‌ئه‌مه‌ش جێگه‌ی مه‌ترسی نییه‌، چونكه‌ نه‌وت و بۆریه‌كه‌شی لای كورد خۆیه‌تی، ئه‌گه‌ر شه‌فافه‌ و گه‌نده‌ڵی تێدا نیه‌، زۆر گرنگه‌ ئه‌و ئاڕاسته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ گوێی لێبگیرێت، چونکە "ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا له‌به‌ر یه‌كێتی و پارتی و هیچ حزب و سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌هاتون، به‌ڵكو به‌بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و له‌به‌ر خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان هاتون، بۆیه‌ كورد لێره‌ش و ‌سوریاش پارێزراوه‌، ئه‌وه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ره‌ ئه‌شخاس و حزبه‌كانن كه ده‌یانه‌وێت ئه‌م پشتیوانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی ساڵان رابردو بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان درێژه‌ی پێبده‌ن".

هەروەک پێیوایە؛ ئه‌مه‌ریكا سه‌یری خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات نه‌ك حزبه‌كان، به‌ڵام ستراتیژ و ئاسایش و ئه‌منی قه‌ومی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، ئەگەر پێچه‌وانه‌ی سترایژی ئه‌مه‌ریكا بڕۆیت زیان ده‌كه‌یت، "هەرێمى کوردستان لە ئێستادا وەک کیانێکى فیدراڵى دانپێدانراو لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى و نێودەوڵەتیدا لە مەترسیدا نییە، به‌ڵكو مه‌ترسییه‌كه‌ له‌سه‌ر حزبه‌كانه‌".


هەواڵی زیاتر