گۆڕان: پێکهاتەکان نوێنەرایەتى راستەقینەیان هەبێت کە گوزارشت لە پێکهاتەکان بکات

04/04/2023

بزوتنەوەى گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەى پێکهاتەکان نوێنەرایەتى راستەقینەیان لە پەرلەمان هەبێت بەشێوەیەک گوزارشت لە دیدگا و داخوازییەکانى پێکهاتەکان بکەن و رۆڵیان هەبێت لە بەرەوپێشبردنى گیانى پێکەوەژیان لە هەرێمى کوردستان.

تۆڕى هاوپەیمانى پێکهاتەکان لە عێراق سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕان دەکات و لەلایەن رێکخەرى ژورى پەیوەندییە سیاسییەکان و سەرپەرشتیارى ژوورى هەڵبژاردن پێشوازیان لێکرا و لە دیدارێکدا گرنگى و رۆڵى پێکهاتەکان لە هەرێمى کوردستان و عێراق و دوپاتکرایەوە و لەو چوارچێوەیەدا تۆڕەکە  داواکارى و ویستى خۆیان بۆ بەشداریی لە پڕۆسەى سیاسى و نوێنەرایەتی لە پەرلەمان خستەڕو.

یاسین حەمەعەلى، سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردن لەوبارەیەوە رایگەیاند: سەبارەت بە رۆڵ و پێگەى پێکهاتەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان، بزوتنەوەى گۆڕان راى نەگۆڕە و لەگەڵ ئەوەیە پێکهاتەکان نوێنەرایەتى راستەقینەیان لە پەرلەمان هەبێت کە گوزارشت لە دیدگا و داخوازییەکانیان بکات و رۆڵیان هەبێت لە بەرەوپێشبردنى گیانى پێکەوەژیان و برایەتى و نەبنە هۆى ئەوەى خیلاف لەسەر کورسى پێکهاتەکان هەبێت وەک ئەوەى ئێستا کە بەداخەوە گرفت هەیە بەهۆى ئەوەى لە رابردودا نوێنەرایەتیەکە نوێنەرایەتییەکى راستەقینە نەبوە.

وتیشى: گرنگە هەوڵ بدەین پێکهاتەکان تۆمارى دەنگدەرانى تایبەت و بنکەى تایبەتى دەنگدان بەخۆیان هەبێت و خۆیان نوێنەرى راستەقینەى خۆیان هەڵبژێرن".


هەواڵی زیاتر