دلێر عەبدولخالق: هەمو توانامان دەخەینە گەڕ بۆ تێپەڕاندنى ئەم دۆخە ناهەموارە بەشێوەیەک کە بە قازانجى خەڵک بشکێتەوە

09/04/2023


ئەندامێکى فراکسیۆنى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ ئەم دۆخەى لەئارادایە لە هەرێمى کوردستان بەرەنجامى خراپ ئیدارەدانى کەرتى نەوت و نەبونى شەفافییەتە کە یەکێتى و پارتى لێى بەرپرسن و وەک دو هێزى بەرپرسیار مامەڵەیان نەکردوە، بۆیە ئێمە هەمو توانامان دەخەینە گەڕ بۆ تێپەڕاندنى ئەم دۆخە ناهەموارە بەشێوەیەک کە بە قازانجى خەڵک بشکێتەوە

دلێر عەبدولخالق، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان، لەبارەى هۆکار و ئامانجى بانگەوازەکەى فراکسیۆنەکەوە رایدەگەیەنێت؛ دۆخى سیاسى هەرێمى کوردستان و ئەو کەش و گرژییە سیاسیەى نێوان پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتى و دواى رێککەوتنى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق، هەروەها بە خویندنەوەى ئەو مەترسیانەى لەسەر هەرێمى کوردسستان هەیە لەگەڵ کێشە و ئاریشە ناوخۆییەکان و دروستبونى قەیرانى بێ متمانەیی، بە دیدى فراکسیۆنى گۆڕان ئەوە دەخوازێت پەرلەمان رۆڵى خۆى بگێڕیت و لە پەرلەمانەوە گفتوگۆ بکرێت بۆ چارەسەرى کیشەکانى خەڵک، چونکە ناکرێت هاوڵاتیان سەرقال بکرێن بە کێشە ى یەکێتى و پارتیەوە کە لە بنەرەتدا حیزبى سیاسى کارى ئەوەیە کێشەى خەڵک چارەسەر بکات نەک خۆى ببێت بە کیشە و بار بەسەر هەرێمى کوردستان و خەڵکەوە وەک ئەوەى ئێستا دەیبینین.

دەشڵێت: لەم دۆخەدا ئەرکى سەرشانى پەرلەمان ئەوەیە رۆڵ و کاریگەرى خۆى بۆ بگەڕێتەوە کە باڵاترین دەسەڵات یاسادانان و چاودێریکردنە.

لەبارەى رۆڵى گۆڕانەوە وەک لایەنێکى کابینەى نۆیەم، دلێر عەبدولخالق دەڵێت: گۆڕان کە بەشدارى حکومەتى کردوە بۆ بەشداری و خستەسەرپێى چاکسازی ریشەیی و وەڵامدانەوەى خواست و داواکارییەکانى هاوڵاتیان بوە، بەڵام وەک پێویست ئەو رێککەوتنەى کراوە و کارنامەى حکومەتیش کە هەبوە جێبەجێنەکراوە، بەشێک لە هۆکارەکانیش پەیوەندى بە کێشەکانى تیمى حکومى یەکێتى و پارتیەوە هەبوە، "بەم شێوەیە ناتوانین لە ئاست خواستەکانى خەڵکبین بۆیە ئێمە هەمو ئامرازەکانى فشار دەگرینە بەر بۆئەوەى نوێنەرایەتى راستەقینەى خواست و داواکارییەکانى خەڵک بین".

هەروەک ئەوەدەخاتەڕو کە لە رابردودا یەکێتى و پارتى وەک دو هێزى بەرپرسیار مامەڵەیان نەکردوە لەکاتێکدا ئەم قەوارەیە موڵکى هەمو خەڵکى کوردستانە نەک پارتى و یەکێتى، ئەم دۆخەش کە لە ئارادایە بەرەنجامى خراپ ئیدارەدانى کەرتى نەوتە کە یەکێتى و پارتى لێى بەرپرسن و "ئێستاش کە گەشتوینەتە ئەم دۆخە باشترین دەرچە رێککەوتنە لەگەڵ بەغدا و ئەنجامى ئەوەش پێویستە لە ژیانى خەڵک رەنگبداتەوە بە پێدانى موچە لەکاتى خۆى، لەگەڵ گەڕاندنەوەى پاشکەوتى موچە و خۆشگوزەرانى خەڵک، وەک فراکسیۆن و بزوتنەوەى گۆڕان هەمو توانامان دەخەینە گەڕ بۆ تێپەڕاندنى ئەم دۆخە ناهەموارە بەشێوەیەک کە بە قازانجى خەڵک بشکێتەوە".


هەواڵی زیاتر