ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى: هیچ پاساوێك نەماوە بۆ ئامادەنەكردن و نەناردنى پڕۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمان

11/04/2023

ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ نەبونى یاساى بودجە درێژەدانە بە ناشەفافیەت، لە دوای رێککەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حکومەتى ئیتیحادى هیچ پاساوێك نەماوە لەبەردەم حكومەتدا بۆ ئامادەكردن و رەوانەکردنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمان.

چۆمان محەمەد رێکخەرى ژورى یاسایى بزوتنەوەى گۆڕان و ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى، ئاماژە بە گرنگى و پێویستى پڕۆژە یاساى بودجە دەکات بۆ رێگە گرتن لە دابەشکارى و ناشەفافى و گەندەڵى و دەڵێ: هیچ پاساوێك نەماوە لەبەردەم حكومەتدا بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە یاسایی بودجە بەتایبەت دوای ڕێکەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حکومەتى ئیتیحادى، بۆیە پێویستە پەرلەمان و هێزە سیاسییەکان فشاری راستەقینە بكەن بۆ ئەوەی حكومەت پرۆژە یاساى بودجە ئامادە بكات و بینێرێتە پەرلەمان.

رێکخەرى ژورى یاسایی ئەوەدەخاتەڕو؛ لە بۆشایى نەبونى یاساى بودجەدا، سەرلەبەری داهات و خەرجی لە حكومەتدا بەنایاسایی بەڕێوەدەچێت، جگە لەوەى نەبونی یاسای بودجە درێژە دانە بە ناشەفافی و ناعەدالەتی جوگرافی لە پڕۆژە و خەرجكردنی پارە بۆ پارێزگاكان هاوکات "بۆ ئەوەى رێککەوتنى حیزبى (57% بۆ هەولێر و دهۆک و 43% بۆ سلێمانى و هەڵەبجە) کۆتایى پێبێت، دەبێت یاساى بودجە هەبێت".

چۆمان محەمەد دوپاتى دەکاتەوە کە بونى یاساى بودجە خزمەت بە مانەوەى هەرێم و بەکپارچەیى و یەک ئیدارەیى هەرێم دەکات، بە پێچەوانەوە لێکەوتەکانى نەبونى یاساى بودجە کاریگەرى راستەوخۆى لەسەر پاشەکشەى سەقامگیرى و ئیدارەدانى هەرێم دەبێت، دەشڵێت: هەر ئامادەکردن و پەسەندکردنى یاساى بودجە وادەکات رێککەوتنى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى ئیتیحادى بە ئاڕاستەیەکى باشدا بڕوات و ئەو بودجەیەى لە عێراقەوە بۆ هەرێم دێت شەفاف بێت و هەموان لێى سودمەندبن بن".


هەواڵی زیاتر