ژورى رۆژنامەوانى بزوتنەوەى گۆڕان لە ساڵیادى رۆژنامەگەریدا پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

22/04/2023


ژورى رۆژنامەوانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ ئازادی بیروڕا و ئازادى رۆژنامەوانی لە هەرێمى کوردستاندا لە پاشەکشێدایە، کارى ڕۆژنامەوانى دەرگیرى کۆمەڵێک ئاڵنگارى بووەتەوە، کە زەمینەى بونى میدیایەکى ئازاد و ئەهلى لە مەحاڵبون نزیککراوەتەوە و زەمینەسازى بۆ دروستکردنى مۆدێلێک دەکرێت، کە پێچەوانەى میدیاى پیشەگەرە و ناوەڕۆک و پەیامەکەى جگە لە پڕوپاگەندەی سیاسی و شێواندنى ڕاستییەکان، سپیکردنەوەى کارى گەندەڵکاران و بەپاڵەوانکردنیان و زمانى گفتوگۆکردنیان دورە لە هەر بەهایەکى کۆمەڵایەتى و ئیتیکى کارى ڕۆژنامەوانى.

ژورى رۆژنامەوانى بزوتنەوەى گۆڕان لە ساڵیادى رۆژنامەگەرى کوردى پەیامێک بڵاو دەکاتەوە و لەگەڵ پیرۆزبایی لە رۆژنامەنوسان ئەو مەترسیانە دەخاتەڕو کە روبەڕوى رۆژنامەگەرى بوەتەوە و جەخت دەکاتەوە لەوەى؛ بزوتنەوەی گۆڕان ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی بە پایەیەکی سەرەکى دیموکراسی و حوکمڕانی باش دەزانێت بڕوای تەواوی بە میدیای پیشەگەر و ئازاد هەیە و رۆڵیان بەرز و بە بەها دەنرخێنێت لە کارى بەردەوامیان؛ بۆسەروەر بونى یاسا و رووبەروبونەى گەندەڵى و پرسە گشتییەکان و چاکەی گشتى. 

هەروەک بە ئەرکى حکومەت و دام و دەزگاکانى دەزانێت؛ کاربکەن بۆ جێبەجێکردنى یاساى کارى ڕۆژنامەگەرى و مافی بەدەستهێنانى زانیارى و زەمینەسازى و دروستکردنى ژینگەیەکى لەبار بۆ پەرەپێدان و پێشخستنى میدیاى ئەهلى و ئازاد، کە بەشێویەک بێت گەشە و نمابکەن و ژیان و گوزەرانى ڕۆژنامەوان و ڕاگەیاندنکارەکانیان پارێزراوبێت.


دەقى پەیامەکە:
(١٢٥) ساڵ پێش ئێستا، یەکەمین ڕۆژنامەى کوردی "ڕۆژنامەى کوردستان" لەلایەن بەدرخانیەکانەوە لە قاهیرەی پایتەختی میسر چاپ و بڵاوکرایەوە. ئامانجى بەدرخانییەکان تەنها ڕۆژنامەیەک نەبوو بە زمانى کوردی، بەڵکو  ئامانجیان یەکخستن هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی و بڵاوکردنەوەى هوشیارى و خوێندەوارى و داواکردنی ریفۆرم بوە لەو سەردەمەدا.
لەم بۆنە گرنگەدا، وێراى پیرۆزبایی گەرممان لە ڕۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندنکاران و ئازادیخوازانی کورد، ڕۆڵ و یادى ئەو ڕۆژنامەنوسانە بەزدەنرخێنێن، کە بەهۆى پیشەى ڕۆژنامەوانیەوە قوربانیان داوە و شەهید بوون یانیش دوچاری سەختی و نەهامەتی بوونەتەوە.
ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن ئازادی بیروڕا و ئازادى رۆژنامەوانی لە هەرێمى کوردستاندا لە پاشەکشێدایە، کارى ڕۆژنامەوانى دەرگیرى کۆمەڵێک ئاڵنگارى بووەتەوە، کە زەمینەى بونى میدیایەکى ئازاد و ئەهلى لە مەحاڵبون نزیککراوەتەوە، بەئاشکرا زەمینەسازى بۆ دروستکردنى مۆدێلێک لە دەزگای ڕاگەیاندن دەکرێت، کە تەواو پێچەوانەى میدیاى پیشەگەرە، ناوەڕۆک و پەیامى ئەم مۆدێلە لە ڕاگەیاندن جگە لە پڕوپاگەندەی سیاسی و شێواندنى ڕاستییەکان، سپیکردنەوەى کارى گەندەڵکاران و بەپاڵەوانکردنیان، زمانى گفتوگۆکردنیان دورە لە هەر بەهایەکى کۆمەڵایەتى و ئیتیکەکانى کارى ڕۆژنامەوانى،  لەبەرامبەر ئەم تایپە مەترسیدارە لە میدیادا؛ ڕۆژنامەوانی پیشەگەر بێ ڕۆڵ دەکرێت و سەرچاوەکانى داراییان وشکدەکرێن و ژیانى ڕۆژنامەوانەکانیان رووبەروى مەترسی دەکرێتەوە.
حزبە دەسەڵاتدارەکان بەرپرس و دروستکەرى ئەو تایپە مەترسیدارەى ڕاگەیاندنن، کە بەپارەى گەندەڵى کار بۆ تێکدانى ئاشتى کۆمەڵایەتى دەکەن و زانیارى ناڕاست و پەیامى چەواشەکارانە بڵاودەکەنەوە و ڕەوایەتى بە گەندەڵى و خراپەکارى دەدەن و کار بۆباڵادەستى حزب و شەخس دەکەن لەبەرامبەر دامەزراوەکانى حکومەت و سەروەریی یاسادا.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە، بڕوامان وایە لێکەوتەکانى پەیامى ئەم تایپە لە میدیا زۆر مەرسیدار و ترسناکە لە سەر ئایندەى دیموکراسى و حوکمڕانى باش و بڕیاردانى دروست لەلایەن هاونیشتمانیانەوە، ئاشکراکردن و خستنەرووى مەترسییەکانى ئەم تایپە لە میدیا؛ ئەرکى زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان و ئازادىخوازان و نوسەرانى ڕاستگۆ و میدیاکارە پیشەگەرەکانە بۆ ڕاى گشتى.
بزوتنەوەی گۆڕان؛ ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی بە پایەیەکی سەرەکى دیموکراسی و حوکمڕانی باش  دەزانێت بڕوای تەواوی بە میدیای پیشەگەر و ئازاد هەیە و رۆڵیان بەرز و بە بەها دەنرخێنێت لە کارى بەردەوامیان؛ بۆسەروەر بونى یاسا و رووبەروبونەى گەندەڵى و پرسە گشتییەکان و چاکەی گشتى.  بە ئەرکى حکومەت و دام و دەزگاکانى دەزانین کە کاربکەن بۆ جێبەجێکردنى یاساى کارى ڕۆژنامەگەرى و مافی بەدەستهێنانى زانیارى و زەمینەسازى و دروستکردنى ژینگەیەکى لەبار بۆ پەرەپێدان و پێشخستنى میدیاى ئەهلى و ئازاد، کە بەشێویەک بێت گەشە و نمابکەن و ژیان و گوزەرانى ڕۆژنامەوان و ڕاگەیاندنکارەکانیان پارێزراوبێت.

ژورى ڕۆژنامەوانى بزوتنەوەی گۆڕان
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٣


هەواڵی زیاتر