گۆڕان و یەکێتى: دەبێت رێککەوتن و سازان بکرێت و هەڵبژاردن دوا نەخرێت

01/05/2023


ئەمڕۆ دوشەممە یەکی ئایاری 2023 شاندێکی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە سلێمانی کۆبونەوە و بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە هەردولا بەوردی باسیان لە رەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و جەختیان کردەوە کە؛ ئەم ڕەوشە سیاسییەی لە ئێستادا دەگوزەرێت، نە لە بەرژەوەندی خەڵکەو نە جێی رەزامەندی هیچ لایەکە، بۆیە پێویستە هەموان هەوڵی باشکردن و رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد بدەن و تەبایی نێوخۆیی بەرپا بکەنەوە.

دەقی راگەیەنراوەکە...
راگەیەندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و  بزوتنەوەی گۆڕان 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە و پێکەوە باسیان لە دواپێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکان کرد و لەسەر ئەو بنەمایە چۆنییەتی رێکخستنەوەی پیوەندییەکانی هەردوولا قسەی لەبارەوە کرا.

لەسەرەتای کۆبوونەوکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە یەکی ئایاری ٢٠٢٣ لە دەباشان بەڕێوەچوو، بەبۆنەی جەژنی کرێکارانەوە؛ پیرۆزبایی لە کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان کرا و جەختیان لە گرنگی جێبەجێ کردنی یاسای کاری نوێ کردەوە بۆ باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی ئەو چینە گرنگەی کۆمەڵگە.

دواتر بەوردی باس لە رەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و هەردوولا جەختیان کردەوە کە؛ ئەم رەوشە سیاسییەی لە ئێستادا ئەگوزەرێک نە لە بەرژەوەندی خەڵکەو نە جێی رەزامەندی هیچ لایەکە، بۆیە پێویستە هەمووان هەوڵی باشکردن و رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد بدەن و تەبایی نێوخۆیی بەرپا بکەنەوە.

بەدرێژەدان لەقسە کردن لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە یەکێتی و گۆڕان تەباتر بن و پلانی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان دابڕێژنەوە بە شێوازێک کە لەگەڵ ئەم قۆناغە و رووبەڕوو بوونەوەی ئاڵنگارییەکان بگونجێت و لەئاستی چاوەڕوانی هاوڵاتییانیش بێت.

کۆبوونەوە هەڵسەنگاندنێکی بۆ شێوازی خزمەتگوزاری کرد و جەختی کردەوە؛ خزمەتگوزارییەکان لەو ئاستە نییە کە پێشتر پلانی بۆ دانراوە و ئەمەش پێویستی بە پێداچوونەوە و هەڵوەستە کردن هەیە لەپێناو باشتر کردنییان و دەبێت سیاسەتێکی نوێ هەبێت کە جیاکاری و ناعەدالەتی نەهێڵرێت.

هەر لەو کۆبوونەوەیە، باس لە ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و ڕێڕەوی گفتوگۆکان لەوبارەیەوە گەیشتوونەتە چ ئاستێک، هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردوەوە کە؛ پیویستە چی زووە رێککەوتن و سازنی لەبارەوە بکرێت و لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوانەکەوێت.


هەواڵی زیاتر