ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى: گۆڕان یەکەم و تاکە هێز بو بۆئەوەى نەگەینە ئەم دۆخە دوساڵ لەمەوبەر هەنگاوى کرداریی و یاسایی نا

05/05/2023


ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى رایدەگەیەنێت؛ دەیان پرس و بابەت بون بە قوربانیى ململانێکانى پارتى و یەکێتى لەناویاندا موچەى خەڵک و یاساى بودجە و پاراستنى ئازادییەکان و خزمەتگوزرییەکان تا دەگاتە هەڵبژاردن، دەشڵێت: گۆڕان قوربانیی یەکەمى ساختەکارییە لە هەڵبژاردندا لەگەڵ ئەوەشدا وەک یەکەم و تاکە هێز خەمخۆرى هەڵبژاردن بوە و دو ساڵ لەمەوبەر هەنگاوى کرداریی و یاسایی ناوە و هەموارى یاساى پێشکەشکردوە، بەڵام لایەنەکانى تر تا زیک نەبوەوە لە کۆتایی وادەکە لەوبارەیەوە قسەیان نەبو بەدەم پڕۆژەکەى گۆڕانیشەوە نەهاتن.

چۆمان محەمەد، رێکخەرى ژوری یاسایی و ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى دۆسییەکانى دادگاى فیدراڵى و مامەڵەى یەکێتى و پارتى و هەڵبژاردنەوە، ئاماژە بەوە دەکات؛ خودى یەکێتى و پارتى دەنگیان داوە بە دروستکردنى و بەشێک بون لە دروستکردنى دادگاى فیدراڵى، ئەو دادگایە خۆى دۆسیە ناجوڵێنێێت، بەڵکو تەنها بڕیار لەسەر ئەو داوایانە دەدات کە دەچێتە بەردەستى و بەهۆى رێکنەکەوتن و نەگەیشتنە ئەنجامى گفتوگۆ و پێنەدانى دەسەڵات بە دامەزراوە شەرعى و یاساییەکان و ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتیەوەیە کە هەندێک کەس و لایەنە پەنا دەبەنە بەر دادگاى فیدراڵى.

رێکخەرى ژورى یاسایی جەخت دەکاتەوە لەوەى کورد تائێستا لە گرنگى و پێویستى دادگاى فیدراڵى نەگەیشتوە و "هەقە ئیتر لەجیاتى بە نادەستوریى ناوبردنى دادگاى فیدراڵى، بە پشتبەستبن بە روانگەى دەستورى و یاسایییەوە ئەو دادگایە بکرێتە شوێن و سەنگەرێک بۆ پاراستنى مافى کورد وەک پێکهاتەیەکى بنەڕەتى عێراق وەک مادەى ١٤٠ و مافەکانى زیندانى سیاسى و ئەو مافانەى لە دەستورى عێراق چەسپیوە".

هەروەک دەشڵێت: کەمتەرخەمییەکى بەئەنقەست و گەورە هەیە لەلایەن نوێنەرانى کورد لە ئەنجومەنى نوێنەران و وەزارەتەکانى حکومەتى عێراق و ئەوەندەى خەمى پێگە و بەرژەوەندى شەخسى و حیزبى و لۆبى بۆ حیزبەکەیان دەدەن نیو هێندە لە خەمى پاراستنى پێکهاتەى کورد نین و نەیانتوانیوە نوێنەرى راستەقینەى خەڵک و نەتەوەى کورد بن بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى خەڵک و پێکهاتەى کورد لەکاتێکدا دەیانتوانى چەندین پرس و داواى تایبەت بۆ زەمانەتکردنى مافى کورد لە دەستور وەک دۆسیەى یاسایی دادگاى فیدراڵى بۆ بەکاربهێنن.


لەبارەى هەڵبژاردنەکان و ئەو دۆخەى دروستبوە، ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان دەڵێت: بزوتنەوەى گۆڕان تاکە هێزبو خەمخۆرى هەڵبژاردن بو بۆئەوەى توشى درێژکردنەوەى ماوەى پەرلەمان نەبین لەرێگەى فراکسیۆنەکەمانەوە دو ساڵ لەمەوبەر هەموارى یاساى پێشکەش کردوە و هەنگاوى کرداریی و یاسایی ناوە، بەڵام لایەنەکانى تر تا نزیک نەبوەوە لە کۆتایی وادەکە لەوبارەیەوە قسەیان نەبوە، ئەوە جیاوازى گۆڕان و لایەنەکانى دیکەیە بۆیە ناتوانرێ لەوبارەیەوە هیچ تۆمەتێک ئاڕاستەى گۆڕان بکرێ.


هەواڵی زیاتر