د. شۆڕش حاجی: گۆڕان سازش لەسەر پرەنسیپەكانی ناكات

13/03/2019

د. شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هێنانەدی بەشێک لە ئامانجەکانی گۆڕانەو جەخت دەکاتەوە، گۆڕان سازشی لەسەر پرەنسیپەكانی خۆی نەكردوەو سازشیش ناكات.

ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی (زەمەن) کە لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوکراوەتەوە، سەبارەت بە هەڵسەنگاندنیان بۆ رێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی دەڵێت: جارێ تەنیا هەنگاوی یەكەممان ناوە. زۆربەی هەڵسوڕاوانی گۆڕان پێیان وایە هەنگاوی یەكەممان باش بوە. بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە هەنگاوەكانی دوای ئەم رێككەوتنە چی دەبن.

لەبارەی سیستمی حكومڕانی هەرێم، د.شۆڕش حاجی وتی: "دەمانەوێت سیستمی حوکمڕانی لە هەرێم سیستمێکی پەرلەمانی هاوشێوەی بەغدا بێت. بەڵام جێبەجێكردنی ئەم ئامانجە دەكەوێتە سەر خەباتی ئێمەو خۆڕاگری هەڵسوڕاوەكانمان‌و پشتیوانی‌و پشودرێژی هاوڵاتیانی كوردستان، هەروەها هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هێنانەدی بەشێک لە ئامانجەکانی گۆڕانە".

هاوکات بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدەکانیان بۆ پۆستە حکومییەکان، ئاماژە بە پێشنیارێکی خانەی راپەڕاندن دەکات و دەڵێت: ئێمە پێشنیارمان کردوە لیژنەیەكی شارەزا لە كەسانی پسپۆڕ لە بواری حكومڕانی و پەرلەمانی و خەڵكی ئەكادیمی لە دامەزراوەكانی گۆڕان و دەرەوەی ئۆرگانەکان دەستنیشان بکرێ بۆ تاوتوێکردنی ئەو سی ڤی یانەی كە بۆمان هاتوە. دوای تاوتوێكردنی سی ڤی یەكان، لیستێكی دو بۆ سێ کەسی بۆ هەر پۆستێك هەڵدەبژێردرێ‌‌و جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی بڕیاری كۆتایی لەسەر باشترین بەربژێر بۆ هەر پۆستێک دەدەن".


 دەقی چاوپێکەوتنەکە
زەمەن: دوای رێكکەوتنەكەتان لەگەڵ پارتی، ئاگادارین وەك خانەی راپەڕاندن هەڵسەنگاندنتان بۆ رێككەوتنەكە كردوە. لەچیدا سەركەوتو بون و لەچیشدا كورتتان هێناوە؟
د. شۆڕش حاجی: ئەو رێككەوتنە لای من وێستگەیەکە لە کاروانی هەوڵ‌و تێکۆشانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە کوردستانی عێراق. رێککەوتنەکە بە دەنگی زۆرینەی جڤاتی نیشتمانی پەسەند كراوە. من سەرنج و تێبینیم لەسەر ناوەڕۆكەكەی هەیە، بەڵام چونكە ئێمە بزوتنەوەیەكی سیاسی جەماوەری چاكسازین، بۆیە پێمان وایە بەهەر رێگایەك كە بتوانین بەشێك لە پرۆژە چاكسازییەكانی خۆمان جێبەجێ بكەین ئەو رێگایە دەگرینەبەر. وێڕای ئەو سەرنج و تێبینیانەم لەسەر هەندێك خاڵی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە، بەڵام لە هەڵسەنگاندنی لایەنە باش‌و خراپەكانی رێككەوتن یان رێكنەكەوتن لایەنە باشەكانی رێككەوتن زۆرترە لە لایەنە خراپەكانی.

زەمەن: ئەو سەرنج و تێبینیانەی ئێوە كەمتەرخەمی شاندی دانوستانكاری گۆڕان بوە، كە نەیهێناوەتەدی؟ یان هەلومەرجی كوردستان و قورسایی سیاسی ئێوە هەر ئەوەندەی توانیوە؟
د. شۆڕش حاجی: كۆمەڵێك هۆكار هەیە، بەڵام یەكێك لە هۆكارەكان ئەو هەلومەرجەیە کە لە دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان هاتە ئاراوە. ئەو تەزویرە زۆرەی كە لە هەڵبژاردنەکان كراو نائومێدی خەڵك بە پرۆسەی هەڵبژاردن‌و نیگەرانی خەڵك لە ئەدای بزوتنەوەی گۆڕان هۆكار بون بۆئەوەی ژمارەی دەنگ‌و کورسییەکانمان كەم بکات. هەر ئەمەش هۆكاری سەرەكی بو کە نەمانتوانی هەمو ئەو داواکاریانەی هەمان بو لە دانوستاندا بیچەسپێنین.

هەنگاوی یەكەممان ناوەو زۆربەی هەڵسوڕاوانی گۆڕان پێیان وایە هەنگاوی یەكەممان باش بوە
زەمەن: پێشتر لە لێدوانە رۆژنامەوانیەكانتاندا راتانگەیاند، كە بە هەمو نرخێك ناچنە حكومەتەوە، ئێستا نرخی چونەكەتان بە دڵە؟
د. شۆڕش حاجی: جارێ تەنیا هەنگاوی یەكەممان ناوە. زۆربەی هەڵسوڕاوانی گۆڕان پێیان وایە هەنگاوی یەكەممان باش بوە. بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە هەنگاوەكانی دوای ئەم رێككەوتنە چی دەبن. بە رای من سێ خاڵی گرنگ هەیە کە یەکلاکەرەوەن لە ئەگەری سەرکەوتن‌ یان شکستی ئەم رێککەوتنە. یەکەمیان: ئامادەیی لایەنی بەرامبەر، كە پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی كە داویەتی‌و ئەو خاڵانەی واژۆی کردون، بە تایبەتی لە مەسەلەی چاكسازی و نەهێشتنی پاشەكەوتی موچەو بە نیشتمانیكردنی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان. دوەم: ئەدای ئەو هاوڕێیانەی دەچنە كابینەی حكومەتەوە. سێیەم: دۆخی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان‌، کە خۆی لە رێکخستنەوەی باشتری ریزەکانی گۆڕان‌و پتەوکردنەوەی متمانەی خەڵک بە بزوتنەوەی گۆڕاندا دەبینێ. ئەوانە هەموی تەواوكەری یەكترن بۆ یەکلاکردنەوەی قۆناغی دوای واژۆکردنی رێككەوتنەكە.

زەمەن: ئەوەی تێبینی كرا لەم رێككەوتنەی گۆڕان و پارتی، رێكخەری گۆڕان و سەرۆكی پارتی لە سەر شانۆكە نەبون و رۆڵی دیاریان نەبو، بۆچی؟
د. شۆڕش حاجی: گفتوگۆكان شاندی دانوستانكاری هەردولا كردویانە، بەڵام بێگومان باشتر دەبو ئەگەر رێكخەری گشتی و سەرۆكی پارتی راستەوخۆ لەم رێككەوتنەدا بونایە لەگەڵ بەربژێری پارتی بۆ پێکهێنانی حكومەتی ئایندە.

زەمەن: بۆچی ئەوە نەكرا؟
د. شۆڕش حاجی: ئەوان وتیان ئێمە شاندی دانوستانكارمان هەیەو هەمو دەسەڵاتێكیان هەیە بۆ رێککەوتن. هەروەها رێكخەری گشتی و سەرۆكی پارتی ئاگایان لە وردەکاری ئەو هەنگاوانە بوە کە شاندی دانوستانكاری ئێمەو ئەوان ناویانە.

گۆڕان سازشی لەسەر پرەنسیپەكانی خۆی نەكردوەو سازشیش ناكات
زەمەن: بۆچونێك هەیە لەنێو هەڵسوڕاوەكانتاندا كە لە دەرەنجامی ئەو رێككەوتنە ئێوە براوە بون و پرەنسیپەكانی خۆتان بەسەر پارتیدا سەپاندوە؟
د. شۆڕش حاجی: ئەوەی لای ئێمە گرنگە، ئەوەیە کە بزوتنەوەی گۆڕان سازشی لەسەر پرەنسیپەكانی خۆی نەكردوەو سازشیش ناكات. وەك باسم كرد ئێمە جوڵانەوەیەكی جەماوەری چاكسازین‌و پێمانوایە ئەو گۆڕانكارییە چاكسازییەی لە بەرنامەی سیاسی و پاكێجەكانی چاكسازی گۆڕاندا هەیە بە كونفەیەكونێك و شەوڕۆژێك نایەنە دی. تەنانەت رەنگە لە خولێكی پەرلەمان‌و حكومەتیشدا نەیەنە دی. چونکە پرۆسەی چاکسازی‌و گۆڕانکاری ریشەیی پڕۆسەیەكی درێژخایەنە. بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە لەسەر پرەنسیپەكانی خۆمان لانەدەین و داكۆكیان لێ بكەین. داكۆكی لە داواكاریەكانی خەڵك بكەین. بۆ ئەوەش لە هەر رێگایەکەوە بتوانین ئەو گۆڕانکاری‌و چاکسازییانە بكەین ئەو رێگایە دەگرینە بەر. ئینجا ئەگەر ئەو رێگایە چونە حكومەت بێت، یان بون بە ئۆپۆزسیۆن یاخود هەر رێگایەكی تر بێ، بە پشویەکی درێژو متمانە بەخۆبونەوە دەیکەین. دانوستان‌و رێککەوتن‌و چونە حکومەت حەرام نییە.

زەمەن: لە رێكکەوتنەكەتاندا لەگەڵ پارتی، دەوترێ‌ گۆڵیشتان لە یەكێتی كرد؟
د. شۆڕش حاجی: ئێمە گفتوگۆمان لەگەڵ پارتی كردوە وەك ئەو واقیعەی کە هەیە. هەڵبژاردنەکە هەرچۆنێک بەڕێوە چوبێ پارتی براوەی یەكەم بوەو ئەو راسپێردراوە حکومەت پێکبهێنێ. ئێمە گۆڵ لە كەس ناكەین، بەڵكو ئامانجێكمان دیاری كردوەو ستراتیژێكمان داڕشتوەو نەخشەمان بۆ كێشاوە. لەسەر ئەو ستراتیژە دەڕۆین بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. لە هەر قۆناغێکدا چەندمان بۆ جێبەجێ بكرێت ئەوەندەی دەکەین. من دڵنیام، درەنگ بێ یان زو بە ئامانجەکانمان دەگەین. ئەمڕۆ بەشێكی جێبەجێ دەكەین‌و ئومێدمان وایە لە داهاتو لە هەلومەرجێکی تردا زۆرتری جێبەجێ بكەین. ئەمە بە مانای گۆڵكردن نییە لە كەس، بەڵکو راستگۆیی گۆڕانە لەگەڵ پەیام‌و بەرنامەکەی.

زەمەن: بەپێی رێكکەوتنتان لەگەڵ پارتی، جێگری سەرۆكی هەرێم بەر ئێوە دەكەوێت، ئایا وەك سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت یان جارێ‌ رون نییە؟
د. شۆڕش حاجی: جارێ ئەم بابەتە لای ئێمە كۆتایی نەهاتوەو گفتوگۆ لەسەری بەردەوامە، ئەوەی ئێمە لەسەری رێكکەوتوین ئەوەیە، كە سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت و داواكاری ئێمەش ئەوەیە كە جێگری سەرۆكی هەرێمیش هەر لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمیش دابەش بكرێ‌و ئەو دەسەڵاتانەی سەرۆكی هەرێم دەیدا بە جێگرەکەی بە نوسراو بێت.

دەمانەوێ سیستمی حوکمڕانی لە هەرێم سیستمێکی پەرلەمانی هاوشێوەی بەغدا بێت
زەمەن: بەپێی رێككەوتنەكەتان سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێ‌ و ئەمەش وەك دەستكەوت بەخەڵك نیشان دەدەن بۆچی؟
د. شۆڕش حاجی: ئێمە راشكاوانە وتومانە یەکێک لە پرەنسیپە سەرەكییەكانمان کە لەبەرنامەی سیاسی گۆڕاندا هاتوەو ئەوەیە، گۆڕانكاری لە سیستمی حكومڕانی هەرێمی كوردستان بکەین. دەمانەوێ سیستمی حوکمڕانی لە هەرێم سیستمێکی پەرلەمانی هاوشێوەی بەغدا بێت. بەڵام جێبەجێكردنی ئەم ئامانجە دەكەوێتە سەر خەباتی ئێمەو خۆڕاگری هەڵسوڕاوەكانمان‌و پشتیوانی‌و پشودرێژی هاوڵاتیانی كوردستان.

زەمەن: وەك زانراوە سیستمی پەرلەمانی دو كۆڵەكەی هەیە یەكێكیان هەڵبژاردنی سەرۆكە لە پەرلەمان و ئەوی تریش سنورداركردنی دەسەڵاتەكانیەتی، بەڵام ئێوە توانیوتانە یەكێك لەمانە بهێننەدی و سەرۆك دەسەڵاتەكانی وەك خۆی دەمێنێتەوە. ئایا لێرە دەوەستن یان كار دەكەن بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمیش؟
د. شۆڕش حاجی: بەڵێ بێگومان خەباتمان بەردەوام دەبێت. یەكێك لە پرنسیپە نەگۆڕەكانی بزوتنەوەی گۆڕان هێنانەکایەی سیستمێكی پەرلەمانی هاوشێوەی بەغدایە، بە كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی ئێستای سەرۆكی هەرێم و دابەشكردنی بەسەر دامەزراوەكانی هەرێم. بەڵام لەم قۆناغەدا ئەوەندەمان بۆ چۆتە سەرو نەمانتوانیوە ئەو ئامانجە جێبەجێ بكەین، بەڵام هیوادارین لە كۆتاییەكەی ئەوە بكەین كە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و نەوەكانی داهاتوی كوردستانە. خاڵێكی تر كە هاوتەریبە لەگەڵ ئەو پرەنسیپەی ئێمەو لە رێککەوتنەکەشدا هاتوە، کە لەم خولەی پەرلەمانی كوردستان هەوڵ دەدرێ بە سازان دەستورێک بۆ هەرێم  بنوسرێتەوە. بێگومان لە نوسینەوەی دەستوردا جەخت لەسەر ئەو پرەنسیپەی گۆڕان دەكەینەوە.

زەمەن: ئەو شەڕەی ئێوە بۆ سنورداركردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆك بۆچیە. خۆ ئەگەر لە سەرۆك وەربگیرێتەوە دەچێت بۆ سەرۆك وەزیران كە هەردوكیان پارتین و لە یەك حیزبن؟
د. شۆڕش حاجی: ئێمە باوەڕمان بە سیستمی پەرلەمانییە. گرفتمان لەگەڵ شەخس نییە، كە دەسەڵاتەكانی سەرۆك بچێت بۆ چ كەسێكی تر. ئێمە دەمانەوێ ئەنجومەنی وەزیران بەشێک لە دەسەڵاتەکانی ئێستای سەرۆکی هەرێمی هەبێت. ئەمڕۆ ئەو دو پۆستە لەلای پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەڵام رەنگە لە هەڵبژاردنی داهاتو هاوکێشەکە بگۆڕێ‌و وانەمێنێ. خەمی ئێمە خەمی كەسەكان نییە بەقەدەر ئەوەی خەمی داهاتوی كوردستانە. دەمانەوێ سیستمێك لە كوردستان بچەسپێنین‌و دەستورێك بنوسرێتەوە، كە نەوەكانی داهاتو نەفرەتمان لێنەکەن، بەڵکو دەسخۆشیمان لێبکەن. خەمی ئێمە هەر ئێستا نیە، بەڵکو دواڕۆژو ئاسودەیی نەوەکانی داهاتوە.

میکانیزێکمان داناوە بۆ دیاریکردنی کاندیدەکان و دواجار جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی بڕیاری كۆتایی لەسەر باشترین بەربژێر بۆ هەر پۆستێک دەدەن
زەمەن: پۆستێكی زۆرتان وەرگرتوە ئایا كەسی باش و شیاوتان هەیە بۆ ئەو پۆستانە؟
د. شۆڕش حاجی: بەدڵنیاییەوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان - لەناو ئۆرگانەكانی گۆڕان‌و دەرەوەی ئۆرگانەكان خەڵكی كارامەو شارەزامان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی هەمو هەرێم، نەك تەنیا ئەو پۆستانەی بەرکەوتەی گۆڕانە لەم رێكکەوتنە. هەروەها ئێمە میكانیزمێكیشمان داناوە، كە لە چەند رۆژی داهاتو دەیخەینە بەردەم جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی بۆ دەستنیشانكردن و هەڵبژاردنی كاندیدەكانی گۆڕان بۆ ئەو پۆستانە، کە باشترین بەربژێر دیاری دەکەین بۆ پۆستەکان.

زەمەن: چوارشەممەی رابردو خانەی راپەڕاندن بڕیاری لەبارەی دانانی پۆستەكان دا. میكانیزمی هەڵبژاردنی ئەو كەسانە چۆن دەبێت؟
د. شۆڕش حاجی: هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا، ئێمە لە خانەی راپەڕاندن پێشنیارێكمان ئامادە كردوە، كە هەفتەی داهاتو دەیخەینە بەردەم جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتیمانی. بڕیاری یەکلاییکردنەوەی بەربژێرەکانمان بۆ پۆستەکان بە دامەزراوەیی‌و دەستەجەمعی دەبێ. ئێمە پێشنیارمان کردوە لیژنەیەكی شارەزا لە كەسانی پسپۆڕ لە بواری حكومڕانی و پەرلەمانی و خەڵكی ئەكادیمی لە دامەزراوەكانی گۆڕان و دەرەوەی ئۆرگانەکان دەستنیشان بکرێ بۆ تاوتوێکردنی ئەو سی ڤی یانەی كە بۆمان هاتوە. پۆلێنیان دەكەین لەسەر بنەمای دڵسۆزی بۆ پرەنسیپەکانی گۆڕان، پسپۆڕی‌و شارەزایی، بڕوانامە، جێندەر، تەمەن و شوێن و ناوچەكان. ئەگەر ئەو پێشنیارە پەسەند بکرێ، دوای تاوتوێكردنی سی ڤی یەكان بۆ هەر پۆستێك چەند كەسێك هەڵدەبژێردرێن‌و چاوپێكەوتنیان لەگەڵ دەكرێ. ئینجا جارێكی تر دوای چاوپێكەوتنەكە لیستێكی دو بۆ سێ کەسی بۆ هەر پۆستێك هەڵدەبژێردرێ‌‌و جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی بڕیاری كۆتایی لەسەر باشترین بەربژێر بۆ هەر پۆستێک دەدەن. بەمەش هەم لەلایەک هەمو هەڵسوڕاوان‌و بەربژێرەکان پابەند دەبن بەو بڕیارەوە، چونکە لەسەر بنەمای دڵسۆزی‌و تواناو شارەزایی دەستنیشان کراون نەک لەسەر بنچینەی مەنسوبیەت و مەحسوبیەت. هەروەها هەمو دامەزراوەكانی گۆڕان و جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی پشتیوانی ئەو بەربژێرانە دەکەن بۆ سەرکەوتنیان لە ئەرکەکانیاندا. ئەگەر، خوانەخواستە، لە داهاتو کەسێک پابەند نەبو بە پرەنسیپ‌و بەرنامەی گۆڕان بە هەمان میکانیزم یەکێکی تر لە جێیەکەی دادەنرێ.

زەمەن: ئەزمونێكی تاڵتان هەیە هەندێك نوێنەری ئێوە لە حكومەت و پەرلەمان ئێوەی بەجێهێشتوە، چ میكانیزمێكتان داناوە ئەوە دوبارە نەبێتەوە؟
د. شۆڕش حاجی: سەرەتا ئێمە جوڵانەوەیەكی نوێ بوین‌‌و هەوڵماندا خەڵكی تازەو خوێنی نوێ بهێنینە ناو جوڵانەوەكەو دەرگا بە روی هەمو کەسێک واڵابكەین بۆ وەرگرتنی پۆستەكان، بەڵام ئێمە هەمو هەڵسوڕاو و هاوڕێكانی خۆمان لە هەمو بوارەكاندا باش تاقینەكردبۆوە، بۆیە ئەو حاڵەتە رویدا. ئەگەرچی ئەوەتا پارتی و یەكێتی یەكێكیان (73) ساڵەو ئەوی تریان (44) ساڵە حیزبن، کەچی ئەوانیش لە ئاستی زۆر بەرزدا خەڵك وازی لێهێناون. بە کورتی چونکە تەمەنی جوڵانەوەکەمان کەمە، بۆیە شتێكی ئاساییە خەڵكی وای لێدەرچوبێت، بەڵام لەمەودوا هەوڵی جدی دەدەین کە لە داهاتو ئەم شتە دوبارە نەبێتەوە. یەکێک لە سودەکانی ئەو میکانیزمەی کە پێشنیارمان کردوە ئەوەیە، ئەو ئەگەرە کەم دەکاتەوە.

زەمەن: ئەم هەوڵە بە پەروەردەیەكی ئەخلاقی دەبێت، یان میكانیزمی یاسایی و پابەندبونی نوسراوتان داناوە؟
د. شۆڕش حاجی: بۆ بەربژێرەکان میكانیزمی پابەندبونی رێكخراوەیی، پابەندبونی جەماوەری، پاپەندبونی داراییشمان خستۆتە دوتوێی پێشنیارەکەمان.

زەمەن: پێشتر باسی ئەوەتكرد سەركەوتنتان لە حکومەت پەیوەستە بەوەی كە چەند سەركەوتو دەبن لە پتەوترکردن‌و خۆڕێکخستنەوەی بزوتنەوەكەتان. ئەگەر پێشتر بیانویەكتان هەبو، كە سەرقاڵی دانوستانی چونە حكومەت یان ئۆپۆزسیۆن بونن، ئێستا ئەو بیانوەتان نەماوە، كەی دەست دەكەن بە هەڵبژاردنی ناوخۆیی و كۆنفرانسی نیشتیمانی خۆتان؟
شۆڕش حاجی: بۆ ئەوەی پرسیارەكە راست بكەمەوە، ئێمە كۆنفرانسی نیشتیمانی دەكەین ئینجا هەڵبژاردنی ناوخۆیی، ئەوە بڕیاری جڤاتی نیشتیمانییە. ئێمە دوجار لە جڤاتی نیشتیمانی بە زۆرینەی دەنگ ئەوەمان پەسەند كردوە، كە دەبێ كۆنفرانسی نیشتیمانی بكەین‌و بە بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان و پەیكەری رێكخراوەیی‌و دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕاندا بچینەوەو هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای ئۆرگانەکانی گۆڕان بکرێ. ئینجا لەبەر رۆشنایی ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە کۆنفرانسی نیشتیمانی دەیکەین بە لەبەرچاو گرتنی ئەزمونی چەند ساڵەی پەیڕەوکردنی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو پەیکەرە رێكخراوەییەی كە هەمان بوە، هەڵبژاردنی ناوخۆ لە خوارەوە بۆ سەرەوە دەکەین‌و جوڵانەوەکەمان تازە دەکەینەوە. بەڵام ئەوەی کە بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە ئەو شێوازی رێکخستنە ئاسۆییەیە کە لە شارو شارۆچکەکانەوە نوێنەر هەڵدەبژێردرێ بۆ دامەزراوە سەرکردایەتییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، نەک وەک حیزبە سێنتراڵەکانی کوردی دیکە لە کۆنگرەدا دەزگا سەرکردایەتییەکانیان هەڵدەبژێرن. ئەمەش لە نزیکترین کاتدا ئەنجام دەدەین.

لە چەند هەفتەی داهاتو دەست دەكەین بەكاری لیژنە فەرعییەكان و ئامادەكاری بۆ كۆنفرانسی نیشتیمانی
زەمەن: زوترین كات مەبەستت كەیە؟ هەفتەیەكی تر مانگێكی تر كەی؟
شۆڕش حاجی: لە چەند هەفتەی داهاتو دەست دەكەین بەكاری لیژنە فەرعییەكان و ئامادەكاری بۆ كۆنفرانسی نیشتیمانی. دوای ئەوەو لە كاتێكی گونجاودا كە نازانم بەتەواوی چ بەروارێک دەبێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە كۆنفرانسی نیشتیمانیمان دەكەین. چونكە وەک ئاماژەتان پێدا هیچ پاساوێك نەماوە بۆ نەبەستنی كۆنفرانسی نیشتیمانی.

زەمەن: ئەگەر ئەو پرۆسەی خۆنوێكردنەوەیە دوابكەوێت، زیانی بۆ بزوتنەوەكەتان نابێت؟
شۆڕش حاجی: بێگومان نەبەستنی كۆنفرانسی نیشتیمانی زەرەری دەبێت بۆ بزوتنەوەی گۆڕان. بەلای منەوە یەكێك لە پێوەرەکانی سەركەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان نوێبونەوەو بەخۆداچونەوەو هەڵسەنگاندنی ئەدای ئۆرگان‌و دامەزراوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانە.

زەمەن: ئاشكرایە كە تەمەنی ئێوە لەم كابینەیەی خانەی راپەڕاندن پێنج مانگی ماوە، لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردن بۆ خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی دەكرێت؟
شۆڕش حاجی: دەبێت كۆنفرانسی نیشتیمانی پێش ئەو پێنج مانگە ئەنجامبدەین بۆ ئەوەی لەدوای كۆنفرانسی نیشتیمانی، هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی خۆمان بكەین‌و لە خوارەوە بۆ سەرەوەی پەیكەری رێكخراوەیی گۆڕان هەڵبژاردنیان بۆ بکرێت.


هەواڵی زیاتر