ناوەڕۆکى کۆبونەوەى گۆڕان و پارتى
21/05/2023
گۆڕان و پارتى بۆ تاوتوێکدنى دۆخى هەرێمى کوردستان و
هەڵبژاردنەکان کۆبونەوە و بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت: جەختمان کردەوە لەوەى پێویستە
لێکترازانەکان زیاتر نەبێت و هەوڵى کۆکردنەوەى بیر و راکان بدەین و هەڵبژاردنێک
ئەنجام بدرێت کە پاک و بێگەرد بێت و گفتوگۆکانیشمان بەو ئاڕاستەیە ببەین کە لە
خزمەتى خەڵکى کوردستان بێت.
دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکى باڵاى پارتى
دیموکراتى کوردستان سەردانى بزوتنەوەى گۆڕانى کرد لە شارى هەولێر و لەلایەن شاندى
بزوتنەوەى گۆڕانەوە پێشوازیان لێکرا.
دواتریش لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى هاوبەشدا کاردۆ
محەمەد، ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەوە
رایگەیاند: گفتوگۆمان سەبارەت بە چەند پرسێک کرد کە پەیوەندییان بە دۆخى ئێستاى هەرێمى
کوردستان و ئاڵۆزى و کێشەکانەوە هەیە و هەردولا جەختمان لەوە کردەوە کە پێویستە
لێکترازانەکان زیاتر نەبێت و
هەوڵى کۆکردنەوەى بیر و راکان بدەین و هەڵبژاردنێک
ئەنجام بدرێت کە پاک و بێگەرد بێت و خزمەتى دیموکراتى و ئاڵوگۆڕ بکات.
وتیشى: هیوادارین بتوانین گفتوگۆکانیشمان بەو ئاڕاستەیە
ببەین کە لە خزمەتى خەڵکى کوردستان بێت.
لاى خۆیەوە جەعفەر ئیمینیکى ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى
دیموکراتى کوردستان وتى:
سەردانەکەمان بۆلاى بزوتنەوەى گۆڕان درێژەپێدانى سەردانى
شاندى پارتییە بۆ لاى لایەنە سیاسییەکان و دەبێت لایەنە سیاسییەکان هاوبەشبن لە
روبەڕوبونەوەى ئاڵنگارییەکانى بەردەم هەرێمى کوردستان.
ئاماژەى بەوەشکرد کە پرسى هەڵبژاردنەکان پرسێکى گەرمى
سەردانەکانیان و "بیر و راکان لەبارەیەوە لێکنزیکە،هەموان پەرۆشى ئەوەن
هەڵبژاردن لە کاتى خۆى ئەنجامبدرێت ئەوەى ماوە پرسى تەکنیکیە".