ژورى حکومەت پیرۆزبایی ئاڕاستەى بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى سلێمانى دەکات

09/07/2023

ژورى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕان پیرۆزبایی ئاڕاستەى بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى سلێمانى دەکات بەهۆى سەرکەوتنى پڕۆسەى تاقیکردنەوەکانى پۆلى (12)ى زانستى و وێژەیی و پیشەیی.

ئەمڕۆ یەکشەممە (9/7/2023)، ژورى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕان سەردانى بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى سلێمانى کرد و چەپکە گوڵى پێشکەش بەڕیوەبەرى گشتى و جێگرەکەى کرد بەهۆى سەرکەوتنى پڕۆسەى خوێندن و ئەنجامى تاقیکردنەوەکانى پۆلى (12)ى و زانستى و وێژەیی و پیشەیی، مامۆستا رەئوف حەمەعەلى ئەندامى ژورى حکومەت لەوبارەیەوە دەڵێت: بە نوێنەرایەتى ژورى حکومەت هاتوین پیرۆزبایی سەرکەوتنى پڕۆسەى تاقیکردنەوەى وزاریمان کرد و ستایشى کارەکانى بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردە دەکەین و سەرکەوتنەکەیانمان کرد و بەرزى دەنرخێنین".

لاى خۆیەوە، مامۆستا دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى، وتى: سوپاسى ئەم پێزانینەى ژورى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕان دەکەین، ئەم گوڵ و پیرۆزبایی و دەستخۆشیانە بۆ هەموو مامۆستایان و خوێندکاران و کەسوکاریانە کە ئێمەش پشتیوانیان بوین لە پڕۆسەکە و هانمانداون و ئەوەندەى ئیمکان هەبوە پێداویستیەکانمان بۆ دابینکردون".

سەبارەت بە دەرەنجامەکانیش، مامۆستا دڵشاد عومەر دەڵێت: دەرەنجامەکە پێمان دەڵێت لە پەروەردەى سلێمانى کێبڕکێى زانستى و پەروەردە هەیە لەنێوان مامۆستایان و خوێندکاران و خوێندنى حکومى و نا حکومى، سەربارى قەیرانەکان لە هەشت یەکەمەکە حەوتیان لە قوتابخانە حکومییەکان بون ئەمەش دەستکەوتێکى گرنگە و دابەشبونى یەکەمەکانیش بەپێى شوێنى جوگرافى نیشانەى ئەوەیە بە یەکسانى گرنگیمان داوە بە بەڕێوەبەرایەتییەکانى سنورى ناوەوە و دەرەوەى پەروەردەى پارێزگاى سلێمانى".
ئەوە لەکاتێکدایە پێشتریش د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لەگەڵ پیرۆزبایی و سوپاسکردن و دوپاتکردنەوەى پشتیوانیی، خەڵاتی تایبەتی پارێزگای سلێمانی بەخشییە دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی.

هاوکات لەگەڵ راگەیاندنى ئەنجامەکان، بزوتنەوەى گۆڕان پیرۆزبایی سەرکەوتنى پڕۆسەکەى لە مامۆستایان و خوێندکاران و کەسوکاریان کرد و رایگەیاند: بە گرنگییەوە لە پڕۆسەى پەروەردە دەڕوانین و جەخت لە رەخساندنى هەلى گونجاو و پڕۆسەیەکى تەندروست بۆ کەرتى پەروەردە دەکەینەوە لەپێناو ئایندەیەکى باشتر بۆ نەوەکانمان و داهاتویەکى گەشتر بۆ هەرێمەکەمان، بۆ راستکردنەوەى ئەم دۆخەى ئێستاش کە کۆمەڵێک ئاڵنگارى بەرۆکى وڵاتەکەمانى گرتوە، پێویستمان بە بناغەیەکى پتەوى پەروەردە هەیە.


هەواڵی زیاتر