بزوتنەوەى گۆڕان: لەگەڵ یەک لیستی و هاوپەیمانێتیەکداین کە هەمو لایەنە سیاسیە کوردستانییەکان تێیدا بەشداربن

11/07/2023

بزوتنەوەى گۆڕان پشتیوانى لە جوتیارانى مانگرتوى کورد و تورکمان دەکات و رایدەگەیەنێت؛ پێویستە نوێنەرانى کورد لە بەغدا کاربکەن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیان، لەبارەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانیشەوە دەڵێت: ئیمە لەگەڵ هەر هاوپەیمانێتى و یەک لیستیەکین کە هەمو لایەنە سیاسیە کوردستانییەکان تێیدا بەشداربن و پێویستە یەکێتى و پارتى بۆ یەکجاریش بێت بەرژەوەندى حیزبى و بنەماڵەیی و کەسى وەڵا بنێن و بەرژەوەندى نیشتیمانى و نەتەوەیی کوردستانى پێش بخەن ، چیتر کورد باجى ململانێى بچوکى حیزبى و شەخسى نەدات.

ئەمڕۆ سێشەممە، شاندێکى بزوتنەوەى گۆڕان کە پێکهاتبون لە دلێر عەبدولخالق رێکخەری ژورى رۆژنامەوانى، د. محەمەد شوانى رێکخەرى ژورى ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، حەکیم عوبێد باژێروانى کەرکوکى بزوتنەوەى گۆڕان و هۆشیار عومەر رێکخەرى ژورى پەیوەندى دیپلۆماسى و یاسین حەمەعەلى سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردن، سەردانى خێمەى جوتیارانى مانگرتوى کورد و تورکمانیان کرد لە تۆبزاواى شارى کەرکوک.
دلێر عەبدولخالق، لە وتە و کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا پشتیوانى بزوتنەوەى گۆڕانى بۆ جوتیاران دوپاتکردەوە و رایگەیاند: لێرەین لە ژیر خێمەى جوتیارانى مانگرتوى کورد و تورکمان بۆ داواکارى مافە رەواکانیان لە لابردنى دەسترێژى بۆسەر زەوى و زارى ئەو خەڵکەى هەقى هەیە لەم شارەدا، ئەم خێمەیە خێمەى بەدیلى پارتە سیاسیە کوردستانیەکانە کە بەداخەوە هەست بە مەسئولیەتى نیشیتیمانى و قەومى و ئەو پێشهاتانە ناکەن کە رودەدەن.

وتیشى: ئێمە داکۆکى لە مافە رەواکانی براجوتیارەکانمان دەکەین، پێویستیشە نوینەرانى کورد لە بەغدا لە ئەنجومەنى نوێنەران و کاربەدەستان لە حکومەتى ئیتیحادى و حکومەتى هەرێم هەمو ئامرازە سیاسى و ئیدارییەکان بگرنەبەر کە کاردەکات بۆ جێبەجێکردنى داواکارى جوتیاران و چارەسەرى کێشەى جوتیاران کە رەگ و ریشەیەکى مێژویی قوڵى هەیە.

پەیوەست بە هەلبژاردنەکانى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق کە کەرکوک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان دەگرێتەوە، دلێر عەبدولخالق وتى: ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان بە کەرکوکیشەوە لەدواى ساڵى (2017)ەوە بە هەلومەرجێکى نەخوازراودا تێدەپەڕێت، پێویستە یەکێتى و پارتى بۆ یەکجاریش بێت بەرژەوەندى حیزبى و بنەماڵەیی و کەسى وەڵا بنێن و بەرژەوەندى نیشتیمانى و نەتەوەیی کوردستانى پێش بخەن، ئەوەش پێویستى بەوەیە هەمو لایەنەکان لە یەک لیستدا بەشدارى ئەو هەڵبژاردنە بکەن.
وتیشى: ئێمە وەک بزوتنەوەى گۆڕان لەگەڵ هەر جۆرە هاوپەیمانێتى و یەک لیستیەکداین کە هەمو لایەنە سیاسیە کوردستانییەکان تێیدا بەشداربن و ئەزمون وەربگرین لەو حکومڕانیەى پێشو، کورد چیتر باجى ململانێى بچوکى حیزبى و شەخسى نەدات.


هەواڵی زیاتر