بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نیشتیمانیی کوردستان کۆبونەوە

17/07/2023

پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ دوشەممە (17/7/2023)، شاندێکى مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان سەردانى مەکۆى بزوتنەوەى گۆڕانیان کرد و لەلایەن شاندى بزوتنەوەى گۆڕانەوە پێشوازییان لێکرا.

لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەى هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق کە کەرکوک و ناوچە کوردستانییە کێشەلەسەرەکانیش دەگرێتەوە، هاوکات ئەجێندا و نەخشەڕیگاى بەشدارى کورد و یەک لیستى بە لەبەرچاوگرتنى مافە نەتەوەیییەکان تاوتوێکرا.

ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر بزوتنەوەى گۆڕان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لە شارى کەرکوک لەبارەى هەڵوێستى بزوتنەوەکە بۆ دۆخى ئەو ناوچانە و هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: پێویستمان بە یەک گوتارى کوردستانیی هەیە لە روانگەى بەرژەوەندى نەتەوەیی و نیشتیمانى بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى پاراستنى مافەکانى کورد لەو ناوچانە، بۆ هەڵبژاردنەکانیش لەم قۆناغەدا پێویستمان بە یەک لیستى هەیە بەبەشداریی سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە.


هەواڵی زیاتر