بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان کۆبونەوە
18/07/2023
پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە (18/7/2023)، شاندێکى پارتى دیموکراتى کوردستان سەردانى مەکۆى بزوتنەوەى گۆڕانیان کرد و لەلایەن شاندى بزوتنەوەى گۆڕانەوە پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەى چەند دۆسیەیەکى پەیوەست بە ژیانى سیاسى و ئیدارى و یاسایی و کێشەناوخۆییەکانى هەرێمى کوردستان و هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان و پێویستى یەکڕیزى و یەکگرتویی کورد و بەهێزکردنەوەى پێگەى کورد لە بەغدا.
ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر بزوتنەوەى گۆڕان هەڵوێستى خۆى لەبارەى بەشدارى کورد لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان راگەیاندوە کە : پێویستمان بە یەک گوتارى کوردستانییە لە روانگەى بەرژەوەندى نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانەوە بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى پاراستنى مافەکانى کورد لەو ناوچانە، بۆ هەڵبژاردنەکانیش لەم قۆناغەدا پێویستمان بە یەک لیستى هەیە بەبەشداریی سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە.