ناوەرۆکى کۆنگرەى رۆژنامەوانى بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان
18/07/2023
بزوتنەوەى گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەى پێویستە لایەنە سیاسییەکان خاڵە هاوبەش و بەرژەوەندییە باڵاکانى خەڵک لەبەرچاو بگرن و ستراتیژێکى سیاسى نیشتیمانى کوردستانى بۆ چارەسەرى کێشەکان بدۆزرێتەوە و هەمو لایەنەکان بۆ پاراستن و بەهێزکردنەوەى سەنگى کورد لە کەرکوک بە یەک لیست بەشداریى هەلبژاردنەکان بکەن، پارتى دیموکراتى کوردستانیش رایدەگەیەنێت: لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆچونى جیاوازمان هەیە، بەڵام خاڵى هاوبەشیشمان هەیە و بەرژەوەندى خەڵک و هەرێم دەخوازێت گرفتەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەین.
پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە (18/7/2023)، شاندێکى پارتى دیموکراتى کوردستان بە سەرۆکایەتى عەلى حسێن سەردانى مەکۆى بزوتنەوەى گۆڕانیان کرد و لەلایەن شاندى بزوتنەوەى گۆڕانەوە بە سەرۆکایەتى سەفین مەلا قەرە پێشوازییان لێکرا و دواى کۆبونەوەى نێوانیان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانی هاوبەشدا ناوەڕۆکى کۆبونەوەکە خرایەڕو.
دلێر عەبدولخالق، رێکخەرى ژورى رۆژنامەوانى و ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ئاشکراى کرد؛ لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەى چەند دۆسیەیەکى پەیوەست بە ژیانى سیاسى و ئیدارى و یاسایی و کێشەناوخۆییەکانى هەرێمى کوردستان و هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق و پێویستى یەکڕیزى و یەکگرتویی کورد و بەهێزکردنەوەى پێگەى کورد لە بەغدا، "هەردولا کۆک بوین کە بەرنامە و دیدگاى سیاسى جیاوازمان هەیە، بەڵام پرسە نیشتیمانییەکان و نەتەوەییەکان کۆمان دەکەنەوە و پێویستمان بە خاڵى هاوبەشە".
وتیشى: ئێمە وەک بزوتنەوەى گۆڕان کە ئەمڕۆ لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان کۆبوینەتەوە و دوێنێش لەگەڵ یەکێتى نیشتیمانى کوردستان کۆبوینەوە، جەختمان کردوەتەوە لەوەى خاڵە هاوبەش و بەرژەوەندییە باڵاکانى میللەتەکەمان لەسەرمان واجب دەکات خاڵە جیاوازەکان وەلا بنێین و بگەینە سیغەیەکى نوێ بەرمەبناى ستراتیژێکى سیاسى نیشتیمانى کوردستانى بۆ چارەسەرى ئەو کیشانەى لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان هەیە و خۆئامادەکردن لەژێر چەترى یەک گوتارى کوردى یەک لیستى لە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، چونکە بەرپرسیارێتیەکى مێژوییە لە ئەستۆى هەمونان بەتایبەت پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و هەمو لایەنەکان بۆ پاراستن و بەهێزکردنەوەى سەنگى کورد بەتایبەتى لە کەرکوک پێویستە بە یەک لیست بەشداریى هەڵبژاردنەکان بکەین و ئەو هەمو قوربانیدانەى هاوڵاتى کورد لەو ناوچانە ببێتە".
لەبارەى پەیوەندى نێوان هێزە سیاسییەکان و هەوڵى گەیشتن بە چارەسەر، دلێر عەبدولخالق وتى: ئێمە وەک هێزێکى نیشتیمانى کوردستانى چاکسازیخواز هەمو هەوڵێکى خۆمان دەدەین بتوانین بەربەستەکان تێپەڕێنین و وەڵامێک بدەینەوە کە لە قازانجى میلەتەکەمان بێت، هیوادارین دەستپێشخەرى نوێ ببیسترێت کە ببێتە هۆى لێکنزیکبونەوەى زیاترى هەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر مێزى گفتوگۆ لەم کۆبونەوانەشدا ئەوەى خوێندومانەتەوە ئەوەیە، ئەو رایانە زیاتر زاڵە کە بەرژەوەندى میلەتەکەمان لەبەرچاو بگرن".
پەیوەست بە شێوازى بەشدارى کورد لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق بەتایبەت لە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، رێکخەرى ژورى رۆژنامەوانى دەڵێت: جەخت دەکەینەوە لەوەى پۆست و پلە و پایە کاتییە، کێشەى کورد لە کەرکوک کێشەى خاکە، خاکیش ناخرێتە موزایەدە و راپرسیەوە، بۆیە پێویستە لەسەر لایەنە سیاسییەکان لە ئاڵنگارییەکان تێبگەین و وەک ئەوەى کێشەکان درێژکرانەوە بۆ بەغدا درێژیشیان نەکەینەوە بۆ کەرکوک".
لاى خۆیەوە، عەلى حسێن ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ئاماژەى بە پێویستى ئەنجامدانى هەلبژاردنەکان کرد و وتى: ئێمە لەگەڵ ئەوەبوین کە هەڵبژاردن لەکاتى خۆى بکرێ بە یەک بازنەیی لە خولى داهاتو هەموارى یاساکان بکرێتەوە، دواتریش بەهەموارەکە رازى بوین و بۆ پرسى پێکهاتەکانیش بۆچونمان وابوە خۆیان بڕیار بدەن لە بەرژەوەندى خۆیان، ئێساش جەخت دەکەینەوە کە کۆمیسیۆنى بەغدا لەگەڵ هەڵبژارنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق هەلبژاردنى کوردستانیش بەڕێوەببات، چونکە هەڵبژاردنەکان کێشەکان یەکلا دەکاتەوە".
پەیوەست بە کۆبونەوەکانى نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە چارەسەر بەتایبەت لەنێوان پارتى و یەکێتى، عەلى حسێن وتى: لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆچونى جیاوازمان هەیە، بەڵام خاڵى هاوبەشیشمان هەیە و بەرژەوەندى خەڵک و ئەزمونى هەرێمى کوردستان دەخوازێت کۆببینەوە و هەوڵ بدەین گرفتەکان بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بکەین".