جڤاتى نیشتیمانى: هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم لە پەرلەمانەوە هەنگاوێکى گرنگە

17/03/2019

کۆبونەوەى جڤاتى
نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان کۆتایى هات کە تێیدا راسپاردەکانى جڤاتى گشتى پەسەند کران و دیاریکردنى پێوەرەکانى کاندیدانى گۆڕان بۆ پۆستەکان لە کابینەى نوێ تاوتوێکران،
هاوکات هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێمیش لە پەرلەمانەوە بە گرنگ و یەکێک لە ئامانجەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لە قەڵەمدرا.

کەمێک لەمەوبەر کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان کۆتایى هات و دواى کۆبونەوەکە، هۆشیارعومەر عەلى ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕو کە
لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى هەردو تەوەرى دیاریکردنى پێوەرەکان و هەموارى یاسایى سەرۆکایەتى هەرێم و هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم لە پەرلەمانەوە کرا.

وتیشى: "رێوشوینەکانى دیاریکردنى پێوەرەکانمان بۆ نوێنەرانى بزوتنەوەى گۆڕان لە کابینەى نوێى حکومەت بە وردى باس کرد، لە هەنگاوى داهاتودا دەیچەسپێنین کە ئەوەش بەدەنگدان
لە جڤات یەکلا دەبێتەوە، چونکە جڤاتى نیشتیمانى دامەزراوەى بڕیاردانى گۆڕانە".

ئەوەشى خستەڕو کە لە هەنگاوەکانى داهاتو بۆ دیاریکردنى پێوەر و کاندیدەکانى بزوتنەوەکە دواى بڕیاردانى جڤاتى نیشتیمانى، بەهەمان شێوە بۆ کەناڵەکانى
راگەیاندن و هاوڵاتیانى کوردستانى ئاشکرا دەکەن.

لەبارەى تەوەرى دوەمى کۆبونەوەکەوە، ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى وتى: "بزوتنەوەى گۆڕان هەموارى یاساى سەرۆکایەتى هەرێم و هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم لە پەرلەمانەوە بە
هەنگاوێکى ئیجابى دەزانێت بۆ دروستکردنەوەى متمانە، چونکە نەبونى متمانە  هۆکارێکیشە بۆ دواخستنى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت".

جەختیشیکردەوە کە لە رۆژى یەکەمەوە ئامانجى گۆڕان ئەوەبوە سەرۆکى هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت و سیستمى حکومڕانى پەرلەمانى بێت، ئەوە خاڵێکى رێککەوتنى نێوان گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستانیشە.

لە وەڵامى رۆژنامەنوساندا لەبارەى ئەگەرى گۆڕانکاریى لە رێککەوتنى بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان، وتى:"ئەو رێککەوتنەى لەگەڵ پارتى کردومانە ئیمزاکراوە و تەواو کراوە، پارتى دیموکراتی کوردستانیش جەختیانکردوەتەوە کە ئەو رێککەوتنە جێبەجێ دەکرێت، لەو بەشەدا کە تایبەتە بە پۆستەکان و  بەرکەوتەى هەڵبژاردن، ئێمە تەرکیزمان لەسەر ئەو پۆست و شوێنانە بوە کە دەتوانین لە رێگەیانەوە گۆڕانکارى و چاکسازى بکەین".

تایبەت بە هەموارى یاساى سەرۆکایەتى، هۆشیار عومەر عەلى وتى: "فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى  کوردستان و لیژنەى یاسایى بەشدارە، هەرکاتێک دانیشتنى پەرلەمان هەبێت  ئامادەین بۆ هەموارى
ئەو یاسایە، بۆئەوەى سەرۆکى هەرێم لەرێگەى پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت".

لەبارەى دیاریکردنى کاندیدەکانى گۆڕان بۆ پۆستەکان، ئەوەى خستەڕو کە بزوتنەوەى گۆڕان دەتوانێت لەماوەیەکى کەمدا ئەو بڕیارە بدات و لەکاتى پێویستدا ناوەکان ئامادە دەکات، بەڵام پێش ئەوە پێویستە یاساى سەرۆکایەتى هەرێم هەموار بکرێتەوە، دواتر سەرۆک هەڵبژێردرێت و ئەویش کاندیدى سەرۆکى حکومەت بۆ پێکهێنانى کابینەکە رابسپێردرێت".

هەروەک دوپاتى کردەوە کە پرەنسیپى دیموکراسى و سیستمى پەرلەمانى داواکاریى گۆڕانە و رونیى کردەوە کە لە رێککەوتنى گۆڕان و پارتى و پێشتریش لەگەڵ یەکێتی، گۆڕان جەختى لەوە کردوەتەوە کە سیستمى حکومڕانى لە هەرێمى کوردستان پەرلەمانى بێت و لە دەستوریشدا بچەسپێندرێت، بەڵام نوسینەوەى دەستور بۆئەوەى
دەستورێکى باش و دیموکراسى بێت کاتى زیاترى دەوێت.


هەواڵی زیاتر