وەفدێکى مەکتەبى سیاسى یەکێتى سەردانى گۆڕان دەکات
27/07/2023
وەفدێکى مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان سەردانى
مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕان دەکات و لە کۆبونەوەیەکدا پرسى هەڵبژاردن و
ئاڵنگارییەکان و پێویستى یەکڕیزى و یەک لیستى کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان تاوتوێ
دەکەن.
لە درێژەى سەردانى لایەنە سیاسییەکان بۆ لاى بزوتنەوەى
گۆڕان، ئەمڕۆ پێنجشەممە (2023/7/27)، وەفدێکى مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتیمانى
کوردستان سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕان کرد و لەلایەن وەفدى بزوتنەوەى گۆڕانەوە پێشوازیان
لێکرا.
لە کۆبونەوەکەدا پرسى هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى
پارێزگاکانى عێراق بەتایبەت بۆ کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکانى دەرەوەى ئیدارەى
هەرێم و پێشنیارى یەک لیستى و هاوپەیمانى کورد و ئەو ئاڵنگاریی و ئەگەرانەى دێنە
بەردەم پڕۆسەکە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و ئامادەکارى لایەنە سیاسییەکان و پێویستى هەنگاوەکان
بۆ قۆناغى داهاتو تاوتوێکران.
ئەوە لە کاتێکدایە هەفتەى رابردو شاندێکى مەکتەبى سیاسى یەکێتى
نیشتیمانى کوردستان و شاندێکى پارتى دیموکراتى کوردستان سەردانى بزوتنەوەى
گۆڕانیان کرد و دوێنێش شاندێکى یونامى بە سەرۆکایەتى بەرپرسی ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان، سەردانى مەکۆى
سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانى کرد، لە تەواوى ئەو دیدارانەدا بزوتنەوەى گۆڕان جەخت لە روانینى
خۆی و پێویستى و یەکڕیزى و یەک لیستى هەمو لایەنە کوردستانییەکان دەکاتەوە لە
هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق لە ناوچە کوردستانییەکاى دەرەوەى ئیدارەى
هەرێم، لەپێناو پاراستنى سەنگ و پێگە و هێزى کورد.