سیمینارێک لەبارەى کێشەى زیادکردنى نرخى کارەبا لە مەکۆى سەرەکى بەڕێوەچو
14/08/2023
سیمینارێک لەبارەى کێشەى زیادکردنى نرخى کارەبا لە مەکۆى
سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕان بەڕێوەچو، تێیدا جەخت لە پێویستى دابینکردنى کارەباى (24)
سەعاتى کرایەوە بەبێ زیادکردنى نرخ بەو رادەیەى ببێتە بارگرانى بۆ هاوڵاتیان.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دوشەممە (2023/8/14)، ژورى حکومەت و
ژورى سەرچاوەمرۆییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان سیمینارێکیان بۆ هەریەکە لە سەلام قەزاز
شارەزاى کەرتى کارەبا، ئەنوەر کەریم شارەزاى ئابورى، بەرزان شێخ محەمەد جێگرى
سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لەبارەى (گرفتى زیادکردنى نرخى کارەبا و
گرفتەکانى سێکتەرى کارەبا) رێکخست.
لە سیمینارەکەدا بە وردى تیشک خرایە سەر گرفتەکانى کارەبا،
هەوڵ و بڕیارى زیادکردنى نرخ و کاریگەرى و لێکەوتەکانى لەسەر ژیان و گوزەرانى هاوڵاتییان
و پێویستى دابینکردنى کارەباى (24) سەعاتى بە نرخێک کە لەگەڵ گوزەرانى هاوڵاتیان
بگونجێت و نەبێتە بارگرانییەکى دیکە، لەو چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک پێشنیاز خرایەڕو.
ئەوە لەکاتێکدایە بڕیارێک هەیە بۆ زیادکردنى نرخى کارەبا
و وەک هەنگاوى یەکەم لە سیتیە هاى کۆستەکانەوە لەژێر ناوى (سیستمى پریپەید) دەستیپێکراوە
و ئەوەش ناڕەزایەتى لێکەوتوەتەوە، پێشتر لەبارەى ئەو هەنگاوەوە کامیل قەزاز
بریکارى وەزارەتى کارەبا لە پشکى گۆڕان لە رۆژى (18/6/2023) بە سایتى فەرمى گۆڕانى
راگەیاند: ئەو پڕۆژەیە لەژێر سەرپەرشتى ئەنجومەنى
وەزیران جێبەجێ دەکرێت سەرەتا لە چەند پڕۆژەیەکى نیشتەجێبونى هاى کۆست جێبەجێکراوە
و قاچاخ و تەجاوز و بەهەدەردان کەمدەکاتەوە، "بەڵام من وەک خۆم لەگەڵ زیادکردنى نرخى کارەبا نیم بۆ نرخى بازرگانى کە (156) دینارە بەتایبەت لەکاتێکدا کە
ناتوانین وەک وەزارەت کارەباى (24) سەعاتى لە ئێستا دابین بکەین، من لە کۆبونەوەى
وەزارەتیش ئاماژەم بەوە کردوە بەباشى دەزانين كه نرخى پێشنیازکراوە بۆ (100)
دینار کەم بکرێتەوە به مەرجێك بتوانرێت كارەباى (٢٤ ) كاتژمێرى دابينبكرێت و
هاوڵاتى يەك پارەى كاره بدات".