ئەنجومەنی قەزای کۆیەی بزوتنەوەی گۆڕان: کۆیە بوەتە شارێکی وێرانە و لەنێوان ململانێی دو ئیدارەییدا خنکێندراوە
15/08/2023
ئەنجومەنی قەزای کۆیەی بزوتنەوەی گۆڕان هۆشداریی دەدات لە خراپی رەوشی قەزای کۆیە و ناحیە و گوندەکانی دەوروبەری و دەڵێت: قەزاکە بۆتە شارێکی وێرانە و دور لە خزمەتگوزاری و لەنێوان ململانێی دو ئیدارەییدا خنکێنراوە.
ئەنجومەنی قەزای کۆیەی بزوتنەوەی گۆڕان لە بانگەوازێکدا بۆ رای گشتی ئاماژە بەوە دەکات؛ بەهۆی ئەوەی قەزای کۆیە لە ڕوی ئیداری سەر بە پارێزگای هەولێر و لەڕوی واقعی و سیاسییەوە لە سنوری سلێمانیە بۆتە شارێکی وێرانە و دور لە خزمەتگوزاری و لەنێوان ململانێی دو ئیدارەییدا خنکێنراوە.
داواکارییەکان خۆی دەبینێتەوە لە ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان و دوسایدکردنی ڕێگای هەولێر - کۆیە، کە بە ڕێگەی مەرگ ناسێنراوە و داخوازی ڕەوا و شایستەی دانیشتوانی سنورەکەن.
ئەنجومەنی قەزای کۆیەی بزوتەوەی گۆڕان دوپاتی دەکاتەوە کە ئەوان لە ڕێگەی تیمی وزاری بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە لە هەوڵدابون بۆ گەیاندنی ناڕەزایی و داواکاریەکانی خەڵکی سنورەکە و گەیاندنی کەموکورتیەکانی ناوچەکە و هەوڵمانداوە ئاوڕی جدی لە ناوچەکە بدرێتەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ڕێگریەکان و بەهۆی دو ئیدارەیی و ڕەنگدانەوەی ململانێ سیاسیەکان لەسەر کارە ئیداریەکان ڕێگری زۆر کراوە و دەکرێت.
هۆشداریش دەدەن لەوەی کە دەستەوەستان نابن لە پشتگوێ خستنی سنورەکە و لە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەیاندنی داواکاریەکان و پشتیوانی لەهەر دەنگێکی ناڕازی شەقام دەکەن بۆ داواکردنی خزمەتگوزاری و نەهێشتنی ئەم ئابلوقەیەی خراوەتە سەر سنوری قەزای کۆیە بەهۆی سیاسەتی خراپ ئیدارەدان و ململانی ناڕەوای ئیدارەدانی شارەکە، کە ڕەنگی داوەتەوە لە هەمو سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری و تەجاوزکردنە سەر موڵکی گشتی قۆرخکردن و بەهەداردانی سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی شارەکە.
بانگەوازێک بۆ ڕای گشتی..
بانگەوازێک بۆ بە ئاگاهێنانەوەی حکومەت و ڕای گشتی لەسەر بارودۆخی خراپی قەزای کۆیەو ناحیەو گوندەکانی دەوروبەری
وەک دەزانن لە ئێستادا سەرجەم ناوچەکانی کوردستان لە بارودۆخێکی خراپی بێ خزمەتگوزاری لە بوارەکانی کارەباو ئاو و پێداویستیەکانی تری ژیانن لە کەرتی تەندروستی و پەروەردەیی و کشتوکاڵ و پیشەسازی و ئاوەدانکردنەوە و ڕێگاوبان و ئاودێری، جگە لە نەبونی موچەو شایستە داراییەکانی فەرمانبەران.
ئەگەر ئەمە بۆ ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان جارێک ڕاست بێت؛ بۆ سنوری قەزای کۆیە چەند جار ڕاستە لە ڕوی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری، کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان مانەوەی ئاسەوارەکانی دو ئیدارەیی و ئابلوقەدانی قەزای کۆیە و ناحیە و گوندەکانیەتی.
بەو هۆکارەی قەزای کۆیە لە ڕوی ئیداری سەر بە پارێزگای هەولێر و لەڕوی واقعی و سیاسییەوە لە سنوری سلێمانیە بۆتە شارێکی وێرانە و دور لە خزمەتگوزاری و لەنێوان ململانێی دو ئیدارەییدا خنکێنراوە.
ئەم واقعە تاڵە لە کاتێکدایە کۆیە خۆی شارێکی زیندو و خاوەن مێژویەکی پڕ لە سەروەری و جەماوەرێکی قوربانیدەر و خاوەن خەباتە و ناوچەیەکی دەوڵەمەند و ستراتیجی کوردستانە، بۆیە لێرەوە داوا دەکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاوڕی جدی لەم سنورە بداتەوە و بەدەم داخوازی خەڵکەوە بێت، کە شایستەی خزمەتکردن و خزمەت گوزارین، نەک ئابلوقەدان و خنکاندنی!
داواکارییەکان لە ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان و دوسایدکردنی ڕێگای هەولێر - کۆیە، کە بەداخەوە بە ڕێگەی مەرگ ناسێنراوە داخوازی ڕەوا و شایستەی دانیشتوانی سنورەکەن.
ئێمە وەک ئەنجومەنی قەزای کۆیەی بزوتەوەی گۆڕان، لە ڕێگەی تیمی وزاری بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە لە هەوڵدابوین بۆ گەیاندنی ناڕەزایی و داواکاریەکانی خەڵکی سنورەکە و گەیاندنی کەموکورتیەکانی ناوچەکە و هەوڵمانداوە ئاوڕی جدی لە ناوچەکە بدرێتەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ڕێگریەکان بەهۆی دو ئیدارەیی و ڕەنگدانەوەی ململانێ سیاسیەکان لەسەر کارە ئیداریەکان ڕێگری زۆر کراوە و دەکرێت.
لێرەوە ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە، کە ئێمە دەستەوەستان نابین لە پشتگوێ خستنی سنورەکە و لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ گەیاندنی داواکاریەکان و پشتیوانی لەهەر دەنگێکی ناڕازی شەقام دەکەین بۆ داواکردنی خزمەتگوزاری و نەهێشتنی ئەم ئابلوقەیەی خراوەتە سەر سنوری قەزای کۆیە بەهۆی سیاسەتی خراپ ئیدارەدان و ململانی ناڕەوای ئیدارەدانی شارەکە، کە ڕەنگی داوەتەوە لە هەمو سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری و تەجاوزکردنە سەر موڵکی گشتی قۆرخکردن و بەهەداردانی سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی شارەکە.
ئەنجومەنی قەزای کۆیەی بزوتنەوەی گۆڕان
١٥-٨-٢٠٢٣