بەختیار جەوهەر: کۆیە لە هیچ سەردەمێکدا خزمەت نەکراوە و کێشە لە تەواوى خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیدا هەیە

16/08/2023

باژێڕوانى قەزاى کۆیەى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ سەربارى چەندین ساڵ حوکمڕانى خۆماڵى، بەڵام تائێستاش کۆیە کێشەى نەبونى خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانى هەیە.

بەختیار جەوهەر، باژێڕوانى قەزاى کۆیەى بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات؛ بارودۆخ لە هەرێمى کوردستان بە گشتى خراپە، بەڵام بارودۆخى قەزاى کۆیە دو جار خراپە، جارێک لەبەر ئەوەى لە کوردستانە و جارێک لەبەر ئەوەى لە ڕوى ئیدارییەوە سەر بە هەولێرە و لەڕوى واقعییەوە سەر بە سلێمانییە، لەم نێوەندەدا خنکێنراوە و کۆى پڕۆژەکانى راگیراون و خاوەن ئیدارەیەکى ناتەندروستە.


ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە  بەردەوام لەڕێى تیمى وزارى بزوتنەوەى گۆڕانەوە هەوڵیانداوە بۆ بەدەمەوەچون و هاوکاریکردنى ئەم شارە و تیمى حکومى بزوتنەوەى گۆڕانیش  بەدەم داواکارییەکانیانەوە چون، بەڵام وەک خۆى دەڵێت: تەنها ئەم هەوڵانە بەس نییە و بەردەوامیش رێگریی لە هەوڵەکان دەکرێت کە بە ئاڕاستەى خزمەتى کۆیەدا بێت.

وتیشى: لە 30 ساڵى رابردودا هیچ گوندێکى سنورى کۆیە قیرتاو نەکراوە و  ئێمە بە بەردەوامى لە کابینەکانى پێشو و ئێستاش لە کۆبونەوەدا بوین لەگەڵ بەرپرسانى ئەم شارە و ئامادەیی خۆمان بۆ خزمەتکردنى ئەم شارە و پاڵپشتییان دەربڕیوە، بەڵام لە کۆیە هیچ شتێک وەک  پێویست بەڕێوە ناڕوات.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەنجومەنى قەزاى کۆیەى بزوتنەوەى گۆڕان لە بانگەوازێکدا بۆ رای گشتی هۆشدارى دا لە خراپى دۆخى خزمەتگوزارییەکان و گوزەرانى هاوڵاتییانى سنورەکە و تێیدا رایگەیاندوە؛ بەهۆی ئەوەی قەزای کۆیە لە ڕوی ئیداری سەر بە پارێزگای هەولێر و لەڕوی واقعی و سیاسییەوە لە سنوری سلێمانیە بۆتە شارێکی وێرانە و دور لە خزمەتگوزاری و لەنێوان ململانێی دو ئیدارەییدا خنکێنراوە.


هەواڵی زیاتر