ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى: خراپى سیاسەتى ئیدارەدان و ململانێى حیزبى پێگەى هەرێمى کوردستانى بەرامبەر بەغدا لاواز کردوە

05/09/2023

ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بەهۆى خراپى سیاسەتى ئیدارەدان و لەدەستدانى کارتەکان و ململانێى حیزبە دەسەڵاتدارەکانە، پێگەى هەرێمى کوردستان بەرامبەر بەغدا لاواز بوە بەشێوەیەک بەغدا بە یاسا دەستوپێى حکومەتى هەرێمى بەستوە و سزاى دەدات.

چۆمان محەمەد، ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى دواین پێشهاتەکان و فشارەکانى بەغدا لەسەر هەرێم نەناردنى شایستە داراییەکانەوە دەڵێت: هۆکارى دۆخى هەرێم تەنها بەغدا نییە، بەشێکى پەیوەندى بە ململانێى ناوخۆى حیزبە دەسەڵاتدارەکان و لەدەستدانى کارتەکان و دەرەنجامى ئەو ئابورییە سەربەخۆیەیە کە بەڵاى بۆ هەرێمى کوردستان هێنا، چونکە نە داهاتەکەى شەفاف بو نە خزمەتى خەڵکى پێکرا و نەچوە خزمەتى ژیانى خەڵک و پڕۆژەى خزمەتگوزارییەوە.

هەروەک ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر هۆشدارى دراوە بە حکومەتى هەرێم و پارتە سیاسییەکان بەوەى ئەگەر یەکڕیز و یەک گوتار نەبن، لە قاڵبدان و لاوازکردنى هەرێم لە بەردەمماندایە، بەڵام حکومەتى هەرێم و حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەشێوازێک کاریان نەکرد و یەکڕیز و یەکگوتار نەبون و کاریان نەکرد بۆ بەدامەزراوەییکردنى دامەزراوەکان و یەکخستنى هێزى پێشمەرگە ، لە ناوخۆشدا ئەوەندە راستگۆ نەبون لەگەڵ خەڵک تا پشتیوانییان بەدەستبهێنن و بەشێکى زۆرى داهاتى ناوخۆ بۆ حیزبە دەسەڵاتدارەکان دەڕوات.

سەبارەت بە هەڵوێست و فشارەکانى بەغدا و رۆڵى نوێنەرانى کورد، ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى دەڵێت: بەغدا بە یاسا دەستوپێى حکومەتى هەرێمى بەستوە و سزاى دەدات، ئەگەر حکومەتى هەرێم پێیوایە بەغدا زوڵمى لێدەکات با لە دادگاى فیدراڵى سکاڵا تۆمار بکات، دەبو نوێنەرانى کورد لە بەغدا خوندنەوەیەکى وردتریان بۆ یاساى بودجە و قۆناغەکانى داهاتوو هەبوایە، یان ئەگەر دەڵێن بەغدا دوژمنە بۆچى بەرپرسانى کورد لەسەر ئاستى وەزیرەکان و جێگرى سەرۆکى پەرلەمان و نوێنەرانى تر لە پڕۆسەى سیاسى ناکشێنەوە".


هەواڵی زیاتر