دلێر عەبدولخالق: گۆڕان بێبەرییە لەو سیاسەتە هەڵانەى بونەتە هۆى نەهامەتى بۆ خەڵک
18/09/2023
وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بڕیارى حکومەتى
ئتیحادى بە ناردنى (٧٠٠) ملیار دینارى مانگانە بۆ سێ مانگ بۆ هەرێمى کوردستان سەرەتایەکى
باشە، بەڵام نیوەناچڵە و ئازارشکێنێکى کاتییە بۆ قەیرانێکى دارایی قوڵ و کێشە هەڵپەسێردراوەکانى
نێوان هەرێم و بەغدا، بۆیە پێویستە هەرێمى کوردستان بە یەکگوتارى خۆى بۆ هەموو ئەگەرەکان
ئامادەبکات و نابێت رێگە بدرێت موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەژێر هیچ پاساوێکدا بفەوتێت،
ئەوەشمان بە تیمەکەمان لە حکومەت راگەیاندوە.
دلێر عەبدولخالق، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لە چاوپێکەوتێکدا
لەگەڵ کەناڵى (کەى ئێن ئێن)، هەڵوێست و روانینى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ کۆمەڵێک پرسى پەیوەست
بە ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیان و موچەخۆران و ئاڵنگارى و پێشهات و هەڕەشە و مەترسییەکان
ئاشکرا دەکات و پەیوەست بە بڕیارەکەى ئەمرۆى ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى ئیتیحادى،
دەڵێت: ئەو بریارە چاوەڕوانکراو بو وە سەرەتایەکى باشە، بەڵام خواستى هاوڵاتیانى هەرێمى
کوردستان پڕناکاتەوە و نیوەناچڵ بو بەرامبەر داخوازى و داواکارییەکانى شاندى حکومەتى
هەرێم کە بەرپرسانى باڵاى حکومەت و لایەنە سیاسییەکانیان بینیوە، چۆن موچەى هیچ
پارێزگایەکى دیکەى عێراق لە دۆخە هەرە خراپەکاندا نەفەوتاوە نابێت رێگە بدرێت موچەى
فەرمانبەرانى هەرێمیش لەژێر هیچ پاساوێکدا بفەوتێت بەتایبەت کێشمەکێشمى نێوان هەردوو
حکومەت، ئەوەشمان بە تیمە وەزارییەکەمان راگەیاندوە.
وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لاوازبونى پێگەى هەرێمى
کوردستان بەرامبەر بەغدا بۆ کۆمەڵێک هۆکار دەگەڕێنێتەوە لەهەموویان گرنگتر نەبوونى
یەک گوتارى لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان لەکاتێکدا پێشتر گۆڕان هۆشدارى لەبارەوە
داوە و پڕۆژەشى پیشکەش کردوە، لەوبارەیەوە دەڵێت: گۆڕان یەک ساڵ لەمەوبەر مەترسیانەى
ئێستامان خستە بەردەم لایەنەکان بەڵام بەدەمیەوە نەهاتن، کاتێک وەزیرى دارایی هۆشدارى
دەدا لەبارەى خراپى یاساى بودجە و دەیوت ئەنفالێکى دیکەیە، پەرلەمانتارى لایەنەکانى
تر لە بەغدا هەریەکە و دەیکردە دەستکەوتى خۆى تا دۆخەکە وا دەرچو کە وەزیرى دارایی
هۆشدارى لەبارەوەدا.
دەشڵێت: ئەو دۆخەى دروستبوە ئەنجامى کارکردنە بۆ بەرژەوەندى
تەسکى حیزبى کەسى و بنەماڵەیی لە لایەن یەکێتى و پارتییەوە، تا سەنگەرى ناوخۆیی بەهێز
نەکەین و ستراتیژێکى نیشتیمانى نەبێت و دەستەبژێرێک دەوڵمەند و زۆرینەى خەڵک هەژار
بێت دۆخەکە وا دەمێنێتەوە، چونکە خەڵک ئامادە نییە پشتگیرى بکات.
وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژە بەوەدەکات کە ململانێى
پارتى و یەکێتى دۆخى خەڵکى بەم قۆناغە گەیاند و هەر ئەوان ئامادەنەبون بۆ هەڵبژاردن
و بونە هۆى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و کردنى حکومەت بە کاربەڕێکەر، ئێستاش گەورەترین
مەترسى لەسەر هەرێمى کوردستان فۆرمى سیاسەتى یەکێتى و پارتییە، بۆ دەربازبون لەم دۆخە
پێویستە فراوانتر بیربکەنەوە و ئەو پارانەى بردویانە بیهێننەوە، چونکە "حیزبە
دەسەڵاتدارەکان دەوڵەمەند و حکومەت کە وەزیرى داراییەکەى لە گۆڕانە خەزێنەکەى بەتاڵە".
پەیوەست بە هەڵوێست و هەنگاوەکانى بزوتنەوەى گۆڕان، دلێر
عەبدلخالق جەخت دەکاتەوە لەوەى لەم دو کابینەیەدا کە گۆڕان بەشداربووە عامیلى خێر
بووە بۆ ئیسلاح پڕۆژەکانى بۆ حکومەت و بە دامەزراوەییکردن گەواهیدەرن، رێک یەکساڵ
لەمەوبەر ئەم دۆخەمان لەبەرچاو بو مەترسیەکانمان خستە بەردەم لایەنەکان، سێ مانگ پێش
حکومەت داواى کۆبونەوەى لایەنە سیاسییەکانمان کرد بۆ دۆزینەوەى رێگە چارە، سەرمان
دانەواندوە بۆ خواستى میللەتەکەمان نەک سەردانەواندن بۆ وڵاتانى خاوەن بەرژەوەندى،
گۆڕان بێبەرییە لەو سیاسەتە هەڵانەى بونەتە هۆى نەهامەتى بۆ خەڵک".
هاوکات رونى دەکاتەوە چەند مەترسى لەبەردەم کورد هەیە، ئەوەندەش
دەرفەتمان لەبەردەمە، بەڵام پێویستمان یە یەکگوتارى و نیشتیمانى بوون و بەدەمەوەچوونى
داخوازییەکانى خەڵکى خۆمانە.