شاندێکى باڵاى بزوتنەوەى گۆڕان سەردانى ئارامگەى مام جەلال دەکات

03/10/2023

وتەبێژى گۆڕان: "یادى شەش ساڵەى کۆچى دوایی مام جەلال لەکاتێکدایە کە ئەو دەستکەوت و دەستورەى رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و مام جەلال رۆڵى گەورەیان لە چەسپاندیدا هەبوە، لەبەردەم مەترسیدایە"

لە شەشەم ساڵیادى کۆچى دوایی مام جەلال، شاندێکى باڵاى بزوتنەوەى گۆڕان سەردانى ئارامگەکەى دەکات لە شارى سلێمانى و وتەبێژى بزوتنەوەکەش رایدەگەیەنێت: "هەرێمى کوردستان و دەستکەوتە دەستورییەکانى کە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و مام جەلال رۆڵى گەورەیان لە چەسپاندیدا هەبوە، لەبەردەم مەترسیدایە، ئەرکى یەکێتى و لایەنەکانى دیکەیە بە بەیەکڕیزى و یەک گوتارى نیشتیمانیانە دەستکەوتەکان بپارێزن و روبەڕوى ئاڵنگارییەکان ببنەوە".

دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئارامگەکە و لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ شەش ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ژیانئاوایی یەکێک لە دیارترین ئەو سەرکردە سیاسیانەى لە باشورى کوردستان خەباتى بێوچانى بۆ خزمەت و بەدیهێنانى دەستکەوتەکانى گەلى کورد کردوە، ئێستا لە هەموکات زیاتر هەرێمى کوردستان و دەستکەوتە دەستورییەکانى کە رەوانشادان کاک نەوشیروان  مستەفا و مام جەلال بە هاوکارى لەگەڵ سەرکردەکانى دیکە رۆڵى کاریگەریان هەبو بۆ چەسپاندیان، لە بەردەم مەترسیدان".

وتیشى: ئەرکى سەرشانى یەکێتى نیشتیمانى کوردستانە کە میراتگرى سیاسى خەباتى مام جەلالە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى دیکە پێکەوە بە سیاسەتى دروست و گرتنەبەرى دیالۆگ بۆ پاراستنى بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان کاربکەن، چونکە خەباتى گەلى کورد و سەرکردەکان بۆ خزمەتى میلەتە ئەوەش بە دەستبەرداربون لە ململانێى کەسى و حیزبى و بنەماڵەییەکان دەبێت و بە گوتارێکى سیاسى نیشتیمانیمان لە بەغدا هەبێت و ئەو مەترسى و ئاڵنگاریانەى لە عێراق و کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان روبەڕبەڕومان دەبێتەوە بە گوتارێکى یەکڕیزى نیشتیمانیانە بەرەنگاریان ببینەوە".


هەواڵی زیاتر