هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم پێشکەشکرا

29/03/2019

پڕۆژە یاسای هەمواری
یاسای سەرۆکایەتی هەرێم پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا بۆ هەموارکردنەوە
و کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەناو
پەرلەمانەوە و دەستکردن بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی
فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند: بە واژۆی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران (68) ئەندام، پڕۆژە یاسای هەمواری
یاسای سەرۆکایەتی هەرێمیان پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردوە بۆ ئەوەی بیخاتە
بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە و بە زوترین کات گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

وتیشی
:"داوامان لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردوە، بەزوترین کات پڕۆژە یاساکە
بخاتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت و دواتر ئاڕاستەی لیژنەی
یاسایی بکرێت بۆ ئەوەی راپۆرتی خۆی لەسەر ئامادەبکرێت و دواتر خوێندنەوەی دوەمی بۆ
بکرێت و پەسەند بکرێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی
پارتی رایگەیاند: بەپێی پڕۆژە یاساکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم خولەدا لەناو پەرلەماندا
هەڵدەبژێردرێت، دواتر لە دەستوری هەرێمدا شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک بە رێککەوتنی هەمو
لایەنەکان جێگیردەکرێت.

ئاماژەی بەوەکرد؛
پڕۆژەکە رەهەندی نیشتیمانیی هەیە و پێویستی بە سازانی سەرجەم لایەنەکان هەیە، بەڵام
تائێستا ژمارەیەک فراکسیۆن و بەتایبەتیش یەکێتی لەوبارەیەوە ئامادەنییە، ئەوەش پەیوەندی
بە بڕیاری سیاسی حیزبەکەیانەوە هەیە.

هەر لەوبارەیەوە
عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا
رایگەیاند: بەپێی پڕۆژە یاساکە، یاسای سەرۆکایەتی کارادەکرێتەوە و سەرۆکی هەرێم لەناو
پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد؛
هەر لەسەرەتاوە بزوتنەوەی گۆڕان باوەڕی بەوەبوە سیستم پەرلەمانی بێت و سەرۆکی هەرێم
لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، لە ساڵی (2009) بزوتنەوەی گۆڕان رێگربوە لەوەی دەستور
بخرێتە راپرسییەوە، لە ساڵی (2015) و کۆتایی هاتنی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم هەر پێداگر
بون لەسەر ئەوەی یاساکەی هەمواربکرێتەوە و سەرۆک لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، لە
ساڵی (2016)ەش پڕۆژەمان هەبوە بۆ هەموارکردنەوە کە بەشێکی گرنگی یاساکە سەرۆکی هەرێم
لە پەرلەمانەوەە هەڵدەبژێردرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی
گۆڕان رایگەیاند: ساڵی (2018) دامەزراوەی سەرۆکایەتیان هەڵپەسارد بۆ ئەوەی سەرۆکی
هەرێم لەناو خەڵک هەڵنەبژێردرێت و سەرۆکی لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت.

جەختیکردەوە؛ کە
پێویستە سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێرردێت و لەگەڵ خولی پەرلەمان ویلایەتی
کۆتایی دێت.

عەلی حەمەساڵح،
رایگەیاند: ئەوەی ئێستا هەیە بە تەواوەتی خواستەکانی گۆڕان جێگیر نەکراوە، بەڵام هەڵبژاردنی
لە پەرلەمانی کوردستان و جێگیرکردنی ئەو پرسە و دەستاودەستی دەسەڵات لە سەرۆکایەتی
هەرێم خواستی گرنگی ئێمەیە.

سەرۆکی فراکسیۆنی
گۆڕان رایگەیاند: باوەڕمان وایە و بەپێویستی دەزانین زۆرترین هەوڵبدرێت سەرجەم لایەنەکانی
دیکە بێنە ناو پڕۆسەکەوە، بەتایبەتی ئەوانەی باوەڕیان بەوە هەبوە سەرۆک لە پەرلەمانەوە
هەڵبژێردرێت، بەتایبەتیش یەکێتی، کە پێشتر پڕۆژەی هەبوە بۆ هەموار یاسای سەرۆکایەتی
و سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت.

عەلی حەمەساڵح
رایگەیاند: تائێستا لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم رێکنەکەوتوین و دەسەڵاتەکان هەڵگیراوە
بۆ نوسینەوەی دەستور، ئەوەش بە تەوافوق و سازانی سەرجەم لایەنەکان و فراکسیۆنەکان
دەنوسرێتەوە.


هەواڵی زیاتر