رێکخەرى ژورى یاسایی: کاتێک هۆشداریمان دەدا لەوەى بەغدا شایستە داراییەکان نادات، هەندێک پەرلەمانتاربۆ موزایەدە دەیانوت پاشەکەوت دەگەڕێنینەوە

19/10/2023

رێکخەرى ژوى یاسایی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ کاتێک ئێمە هۆشداریمان دەدا لەوەى بەغدا ئامادە نابێت شایستە داراییەکان بدات، هەندێک لە پەرلەمانتاران بۆ موزایەدە دەیانوت لە بەغداوە پاشەکەوت دەگەڕێنینەوە دواجار بەداخەوە ئەوەى ئێمە راست دەرچو، پشکى کورد و موچەخۆران لە یاساى بودجە کرایە قوربانیی ململانێى و ناکۆکى و مزایەدە، ئێستاش چارەسەرى پشکى هەرێم و موچە بە هەموارى یاساى بودجە دەکرێت.

چۆمان محەمەد، رێکخەرى ژورى یاسایی بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى کێشە یاساییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەى پرسى موچەخۆران و پشکى هەرێمەوە رایدەگەیەنێت؛ پێشتر بێ متمانەیی هەبو لەلاى هاوڵاتیان بەرامبەر ئەو داتا و زانیارییانەى حکومەت لەبارەى موچە و داهات و خەرجییەوە دەیخستەڕو، ئێستا ئەمە گواستراوەتەوە بۆ پەرلەمانتاران و بەغدا، هەرچەندە پرسى نێوان بەغدا و هەرێم ئاڵۆزە و گرێدراوە بە داهاتى ناوخۆ و نەوت و چەند دۆسیەیەکى دیکە و ململانێى سیاسیەوە، بەڵام کۆتاسەردانى شاندى هەرێم و کۆبونەوە لەگەڵ وەزارەتى دارایی عێراق و لیژنەى دارایی پەرلەمان هەنگاوێکى باشە بۆ لێکتێگەیشتن و هەنگاوى دیکەى دروستترى بەدوادا بێت.

رێکخەرى ژورى یاسایى بزوتنەوەى گۆڕان ئەوە بیر دەهێنێتەوە کە لەکاتى پەسەندکردنى یاساى بودجەى گشتى عێراق هۆشداریاندا لەوەى کە کورد فرۆشتنى نەوتى نەماوە، پێویستى بە یەکدەنگییە بۆ یاساى بودجە، بەڵام بەداخەوە کوتلە کوردستانییەکان کەوتنە ململانێ و موزایەدە بەسەر یەکەوە و دەستبادانى یەکتر، ئەسڵى بابەتەکانیان بیرچوەوە لە شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان و موچەخۆران، پەرلەمانتارانى کورد لەکاتى پەسەندکردنى بودجە ئەوەندى سەرقاڵى موزایەدەبون سەرقاڵى جێگیرکردنى ماف و شایستە داراییەکانى خەڵک و هەرێم نەبوون.

دەشڵێت: بەهۆى بێ ئاگایی هەندێک لە نوێنەران و بەرپرسانى کورد لە بەغدا هەندێک بڕگە لە یاساى بودجە جێگیرکراوە کە ئیستا موچەخۆران باجەکەى دەدەن، ئەو هەمو سەردانەى شاندى وەزارەتى دارایی و ئەنجومەنى وەزیران بۆ بەغدا بۆ راستکردنەوەى ئەو هەڵانەیە کە لە یاساى بوجەدا بەسەر پەرلەمانتارانى کورددا تێپەڕى.

پەیوەست بە چارەسەرکردنى کێشەى موچەخۆران، رێکخەرى ژورى یاسایی دەڵێت: چارەسەرى کێشەى بودجە و پشکى هەرێمى کوردستان و موچەى موچەخۆران بە هەموارى یاساى بودجە دەکرێت، ئەبێ کاربکرێت بۆ بەهێزکردنەوەى پاڵپشتى نێودەوڵەتى بۆ کورد.


هەواڵی زیاتر