دلێر عەبدولخالق: بزوتنەوەى گۆڕان لە ئیدارەدا بەشدارە، نەک لە دەسەڵات
23/10/2023
رێکخەرى ژورى رۆژنامەوانى
بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ لە هەرێمى کوردستان دەسەڵاتى فەرمى حوکمڕانى هەیە
کە گۆڕان تێیدا بەشدارە، بەڵام دەسەڵاتى راستەقینە لاى دامەزراوە فەرمییەکان نییە
و لاى پارتى و یەکێتییە بە حوکمى ئەو هێزە چەکدارەى هەیانە، ئەوەش هۆکارى ئەوەیە ناکۆکییەکانى
ئەو دو حیزبە و دابەشبونیان بەسەر بەرە جیاوازەکاندا کاریگەرى و لێکەوتەى نەرێنى
هەبێت لەسەر پڕۆسەى حکومڕانى و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییەکان بە هاوڵاتیان و
چاکسازى و یەکخستنى هێزى پێشمەرگە و کۆی کایەکان و ئەو دۆخەى کە هەیە ئەوان لێى
بەرپرسبن.
دلێر
عەبدولخالق، رێکخەرى ژورى رۆژنامەوانى بزوتنەوەى گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکى
رۆژنامەوانیدا لەگەڵ کەناڵى روداو، پەیوەست بە پرسى هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: هەڵبژاردنى
پەرلەمانى کوردستان کە لەکاتى خۆى دواخراوە بەهۆى نەگەیشتنە ئەنجام بۆ هەموارى یاساکە
و نەبونى کۆدەنگى بەتایبەت لە نێوان پارتى و یەکێتى دۆخێک دروستبو کە تەمەنى پەرلەمانى
کوردستان درێژکرایەوە، بەمەش دەرفەتێک بۆ دادگاى فیدراڵى رەخسا کە بەشێک لە
دامەزراوەکانى یاسادانان و نوێنەرایەتى و چاودێرى لە هەێمى کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە،
بۆیە هەقە عیبرەتمان لەو هەڵانەى چەند
ساڵە وەرگرتبێت کە دژى بەرژەوەندییەکانى میلەتەکەمان بوە و ئەو پڕۆسەیە لەو
وادەیەى بۆى دیاریکراوە ئەنجام بدرێت.
وتیشى: ئێمە وەک
بزوتنەوەى گۆڕان پڕۆسەى دیموکراسى و نوێکردنەوەى رەوایایەتى سیاسى دامەزراوەکان و بەهەند
وەرگرتنى ئیرادەى خەڵکى کوردستانمان لە قەبارەى بزوتنەوەى گۆڕان پێ گرنگترە، چونکە
بزورتنەوەى گۆڕان ئامرازێکى سیاسییە بۆ گەشەپێدانى کارى سیاسى و دروستکردنى حکومڕانى
باش و شەفافیەت و حکومەتێکى باشتر، ئیستا وجودى هەموو حیزبەکان لەژێر پرسیاردایە،
چونکە سیاسەت نەیتوانیوە مانا بگێڕێتەوە بۆ خزمەت و چاکەى گشتى، یەکێک لەلایەنە
تاریکەکانى ئەزمونى حکومڕانى هەرێمى کوردستان ئەوەیە هیچ کاتێک هەڵبژاردن لەکاتى
خۆیدا نەکراوە، ئەوەش پەیوەندى بەوەوە بوە لایەنە سەرەکیەکان باوەڕیان بە دۆڕان
نەبوە و تەنیا باوەڕیان بە بردنەوە هەبوە".
ئاماژەى
بەوەشکرد کە لە کۆبوونەوەى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕاندا پرسى هەڵبژاردن و میکانزیزمى
خۆئامادەکردن تاوتوێکراوە و هەر کاتێک هەڵبژاردن بکرێ ژورە پەیوەندیدارەکان ئامادەکارییان
کردوە.
لەبارەى رۆڵ و
بەرپرسیارێتى بزوتنەوەى گۆڕان حکومەتدا، ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان
رایگەیاند: لە هەرێمى کوردستان دەسەڵاتى فەرمى حکومڕانى هەیە، بەڵام سوڵتە لاى ئەو
دام و دەزگایانە نییە چ لە حکومەت چ لە پەرلەمان چ لە دەسەڵاتى دادوەرى و چ لە
رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى، ئێمە وەک بزوتنەوەى گۆڕان لە ئیدارەدا بەشداربوین نەک
لە دەسەڵات، یەکێتى و پارتى دۆ هێزن کە بەرپرسیارێتى گەورەیان لەئەستۆیە و
دەسەڵاتى حەقیقى لاى ئەوان بووە، ئەمە بۆ عێراق و وڵاتانى دیکەى ناوچەکەش راستە،
پارتە سیاسییەکان لەبرى ئەوەى دامەزراوەى مەدەنى بن، هێزى چەکداریان هەیە و لەو
رەوەوە مۆنۆپۆڵى دامەزراوەکانیان کردوە".
هەروەک بەرپرسیارێتى
ئەم قۆناغ و دۆخە دەخاتە ئەستۆى پارتى و یەکێتى و دەڵێت: بەداخەوە بەهۆى
هەستنەکردن بەبەرپرسیارێتى نیشتیمانى و نەتەوەیی، ئەو دو هێزە دابەشبون بەسەر
بەرژەوەندى وڵاتانى ئیقلیمى، بیرمان چوەتەوە هەرێمى کوردستان قەوارەیەکى دەستوریی
خەڵکى کوردستانە کە روبارێک خوێنى بۆدراوە و پێویستى بەوەیە بە مەسئولیەتەوە
مامەڵەى بکەین نەک لەکاتە هەستیارەکاندا سەرقاڵى ناکۆکى بن، بۆنمونە هەمو دنیا داوا
دەکەن هێزى پیشمەرگەى لە هێزى چەکدارى حیزبییەوە بکرێ بە هێزى نیشتیمانى و وەزیرێک
بۆ پێشمەرگە دابنرێ، بەڵام ئەوان نایکەن، ئێمە چوینە حکومەت سێ لایەنین لە خەمى
چارەسەرى کیشەکانى خەڵکدابین بەڵام ماوەیەکى زۆر سەرقاڵى کێشەکانى نێان پارتى و
یەکیتى بوین".
سەبارەت بە دۆخى
ناوخۆیی بزوتنەوەى گۆڕان و بەستنى کۆنفرانسى نیشتیمانى و ئەو بەرەى گۆڕانکارییەى
گۆڕان هەوڵى بۆ دەدات وەک لە راگەیەندراوەکەى جڤاتى نیشتیمانیدا هاتووە، دلێر
عەبدولخالق دەڵێت: بەشێک لەو هاوڕێ تێکۆشەرانەى لە ناو پەیکەرەى رێکخراوەیی گۆڕاندان
شانیان داوەتە بەر بەرپرسیارێتى لەماوەى رابردودا، بەڵام لەدەرەوەى پەیکەرەى
رێکخراوەیی گۆڕان بەهۆى بەشێک لەو کشانەى لەدواى ژیانئاوایی سەرکردەى نیشتیمانى
رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و ئەو کێشانەى روبەڕوى هەرێمى کوردستان و پارتە
سیاسییەکان بوەوە کە پریشکى بەر ئێمەش کەوتووە، بۆیە ئەو پەیامە بۆ بەشێک لەو
کارکتەر و خەڵکە دیارانەیە کە رۆژێک لە رۆژان لە گۆڕاندا خەباتیان کردوە و خەڵکى دیار
و دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرن، پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە و دەمانەوێت بەیەکەوە خۆمان
ئامادەبکەین بۆئەوەى ببینە راگرێکى پتەو بۆ وەڵامدانەوەى خواستى خەڵک و جێبەجێکارى
بەرنامەى بزوتنەوەى گۆڕان.
پەیوەست بە
کۆبونەوەى هاوبەشى بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان کە بڕیارە سبەینی
لە هەولێر بەڕێوە بچێت، رێکخەرى ژورى رۆژنامەوانى وتى: بڕیاروایە کۆبونەوەیەک لەنێوان
شاندى باڵاى بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان وەک دو لایەنى سیاسى پێکهێنەرى
کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەرپرسیارى لە دۆخى ژیانى هاوڵاتى
کوردستان بەڕێوەبچێت، ئەجێنداى کۆبونەوەکە پەیوەندى بەو پرس و مژارە سیاسى و
ئابورى و ئیدارییانە هەیە کە پرسى رۆژ و هەستیارن لەنێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى
ئیتیحاتى و ئەو پێشهات و پاشهاتە سیاسییانەى لە عێراق و هەرێمى و ناوچەکە
لەئارادان".